حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم بە ئۆنڵاین کۆدەبنەوە

بڕیارە سبەینێ سێشەممە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی نەوت و سیستمی ئەسیکۆدا کۆببنەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بەشێوەی ئۆنڵاین بەڕێوەدەچێت.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کورد مۆنیتەر ئاشکرایکرد، بەیانی رۆژی سێشەممە کۆبوونەوەیەک بە نێوەندگیریی و ئاگاداریی ئەمریکییەکان لەبارەی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی کوردستان و سیستمی ئەسیکۆدا و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کە لەم دواییانەدا سەریهەڵدا بەڕێوە دەچێت.

لەبارەی بەشداربوانی کۆبوونەوەکە ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر گوتی: شاندی کوردیی فوئاد حوسێن سەرۆکایەتی دەکات، بەنگین ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران بەشدار دەبن، لەبارەی شاندی عێراقیش ئەو سەرچاوەیە گوتی: حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و ژمارەیەک لە بەرپرسە تەکنیکییەکانی وەزارەتی نەوت بەشدار دەبن.

دەربارەی ئەوەی هۆکار چییە کۆبوونەوەکە بە شێوەی ئۆنڵاین ئەنجامدەدرێت ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر گوتی: بەهۆی دۆخی ئێستای عێراق و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان، شاندی هەرێمی کوردستان ناتوانن بە فڕۆکە گەیشتی بەغدا بکەن، بۆیە کۆبوونەوەکە بە شێوەی ئۆنڵاین دەبێت.

عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە لە بەغداوە لەبارەی “مەرجەکانی هەرێمی کوردستان” بڵاودەکرێنەوە و رایدەگەیەنێت، تەنیا یەک داواکارییان هەیە ئەویش لادانی ئەو گەمارۆ بازرگانییەیە کە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: “مەسرور بارزانی نەخشەڕێگەیەکی بۆ چارەسەری کێشەی گومرگ بۆ سوودانی ناردووە”.

نەخشەڕێگەکەی مەسرور بارزانی بۆ سودانی

1- جێبەجێکردنی پێناسی گومرگی فیدراڵی لە هەموو مەرز و فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان.

2- جێبەجێکردنی سیستمی “ئەسیکۆدا”ی تایبەت بە هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هاوبەشکردنی زانیارییەکان بە شێوەی “راستەوخۆ” لەگەڵ بەغدا.

3- هێنانی وردبینێکی دەرەکی بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی پێناسە گومرگییەکان و چاودێریکردنی ئەو دۆلارانەی بۆ دەرەوە حەواڵە دەکرێن.

Back to top button