دامەزراوەی پەی: لەهەرێمی کوردستان پەرلەمانتار هەیە بەڵام پەرلەمان بوونی نییە

دامەزراوەی پەی بەناونیشانی “نرخی بۆشایی یاسایی و سوێندی بەجێنەگەیاندراو، کارانەبوونی پەرلەمان، قەیرانی دامەزراوەیی و مەترسییەکانی داهاتوو” راپۆرتی چوارەم لە خولی شەشەم بڵاودەکاتەوە.

دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت “هەرێمی کوردستان ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ و شەش مانگە لە بۆشایی یاسایی و دامەزراوەییدا دەژی. ئەم دۆخە تەنها کێشەیەکی سیاسی یان ململا‌نێی نێوان حیزبەکان نییە، بەڵکو قەیرانێکی ڕاستەوخۆی پەرلەمانی، یاسایی، دارایی، چاودێری، متمانەی گشتی و نیشتیمانییە”.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ماوەی ساڵێک و حەوت مانگ زیاترە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تا ئێستا پەرلەمان بە شێوەیەکی ڕاستەقینە کارا نەکراوەتەوە. دەستەی سەرۆکایەتی هەڵنەبژێردراوە، لیژنەکان پێک نەهاتوون، حکومەتی نوێ متمانەی پەرلەمانی وەرنەگرتووە، بودجە پەسەند نەکراوە، چاودێریی حکومەت نەکراوە و پرسی موچە و قەیرانە گشتییەکان بە شێوەیەکی دامەزراوەیی نەخراونەتە ناو کارنامەی پەرلەمان.

دامەزراوەی پەی لە ڕاپۆرتەکەیدا تیشکی خستووەتەسەر ئەوەی “هەرێم لە دۆخێکی نائاساییدا دەژی: پەرلەمان هەیە، بەڵام دانیشتن و چاودێری و یاسادانانی کاریگەر نییە، پەرلەمانتار هەیە، بەڵام پەرلەمان وەک دامەزراوەیەکی چاودێر و لێپرسینەوە هەڵناسوڕێ، هەڵبژاردن کراوە، بەڵام ئەنجامەکەی نەبووەتە دەسەڵاتێکی دامەزراوەیی و خزمەتگوزاری. دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان کە لە (2/12/2024)دا کرا، تا ئێستا بە شێوەیەکی (کراوە) ماوەتەوە و قەیرانەکە بەهۆی نەگەیشتنی هێزە براوەکان بە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ قووڵتر بووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو “لە ئاستی سیاسییەوە، هەرێم تووشی پەککەوتنی دامەزراوەکانی دەسەڵات بووە. پارتی، یەکێتی و هێزەکانی تر هەر یەک بە شێوەی خۆیان پێداگری لەسەر پشکی سیاسی و هاوسەنگی دەکەن، بەڵام ئەو ململا‌نێیە لە کۆتاییدا بۆ هاوڵاتیانی ئاسایی دەبێتە دواکەوتنی حکومەت، بێکاریی پەرلەمان و نەبوونی چاودێری لەسەر موچە، بودجە، داهات و خزمەتگوزارییەکان. هەڵبژاردن دەبوو دەرگای نوێکردنەوەی متمانە بکاتەوە، بەڵام تا ئێستا زیاتر وەک سەرچاوەی ململا‌نێی پۆست و دەسەڵات دەرکەوتووە. کە ململا‌نێکان دۆخی هەرێمیان گەیاندۆتە ئاستێکی قورس و مەترسیدارەوە”.

ژمارەیەک داتای دامەزراوەی پەی لەبارەی پەککەوتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ نزیکەی دوو ساڵ:

پێویست بوو لیژنەکانی پەرلەمان لەو ماوەیە نزیکەی (680) کۆبوونەوەیان بکردایە
پێویست بوو پەرلەمان لەو ماوەیەدا نزیکەی (156) دانیشتنی بکرایە
پێویست بوو پەرلەمان لەو ماوەیەدا نزیکەی 78 دانیشتنی تایبەتی لەگەڵ حکومەت بکرایە
پێویست بوو لەو ماوەیەدا پەرلەمانتاران سەدان پرسیاریان ئاراستەی حکومەت بکرایە
پێویست بوو چەندین پڕۆژە و پێشنیازی یاسا پێشکەش، تاوتوێ و پەسەند بکرابایە
پێویست بوو چەندین یاسای کارپێکراو هەڵسەنگێنرابانەوە و ئەوانەی کە لەگەڵ پێویستییەکانی ئێستای هەرێم ناگونجێن، هەموار بکرابان.
پێویست بوو یاسا فیدراڵییە پەیوەندیدارەکان لە چوارچێوەی هەرێمدا ڕێکبخرابان و شێوازی جێبەجێکردنیان دیاری کرابایە
پێویست بوو پەرلەمان لە پرسە نیشتیمانییەکاندا هەڵوێست و بڕیاری دامەزراوەیی هەبوایە
پێویست بوو بودجەی ساڵانی 2025 و 2026 پەسەند بکرابایە

Back to top button