
محەمەد مێرگەسۆری
لەوانەیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانترین پانتایی جوگرافی بێت کە زۆرترین جەنگ وشەڕی بەخۆوەبینیبێ، کوردستانیش دیاریترین مەیدان و پۆینتی ئەو جوگرافیایە بێ، کە کاریگەری خۆی لەسەر یەکلاکردنەوەی جەنگ وشەڕ وململانێیەکاندا گێرابێ. لەم گۆشە نیگایەوە هەمیشە ئیمپراتۆریەتی و سەفەوی بەتایبەت و دەوڵەتی ئێران وتورکیای ئێستاش بە چاوی تەماع و زۆرجاریش نێچر سەیری کوردستانیان کردووە.
ئەم شەڕ وجەنگەی لەئارادایە و مانگێکی دژوار وتوندی بەڕێکردووە، لێکەوت وکاریگەرییەکانی بەسەر کوردستان وناوچەکە وجیهان بە گشتی ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبن، هەر بەو هۆکارەشەوە هەوڵ وکۆششی نێوەندگێری زیاتر دەبن بۆ وەستان وکۆتایهاتنی ئەم جەنگە.
لە گرنگترین ئەو ووڵاتانەی لەدوای نەمانی دەستەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد لە سوریا لە کۆتایی ساڵی 2024، درکی بە مەترسی زیاتر کرد و کەوتە جوڵە بە ئاڕاستەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لەو ووڵاتە و ناوچەکە بەگشتی, بەڵام هەڵگیرسانی جەنگی 12 ڕۆژەی حوزەیرانی ساڵی 2025 لە نێوان ئەمریکا وئیسرائیل – ئێران، دەستەڵاندارانی ئەنقەرە وبەتایبەت ئەردۆگان زیاتر لە قۆناغەکانی پێشووتر درکیان بە مەترسی و هەڕەشەی ڕاستەقینەکرد هەم لەسەر ووڵاتەکەیان وهەم بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا. تورکیا لە هەشتاییەکان گیرۆدەی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق وئێران بووە و ئێستا لەماوەی دوو ساڵدا شاهیدی دوو جەنگە لە نێوان ئەمریکا وئیسرائیل- ئێرانە.
جەنگی دراوسێم، جەنگی منە؟
لەوانەیە لەم قۆناغەدا بۆ تورکیا ئاسان نەبێ، جەنگی دراوسێیەکەی بە جەنگی خۆی نەزانێ. چونکە ئێران ووڵاتێکی مەزنی ناوچەکەیە و پێشخانێکی ململانێی سەدان ساڵەیان لەگەڵ یەکتر هەبووە و سنورێکی زیاتر لە 550 کیلۆمەتریان لە نێواندایە وبەشێکی ئەو سنورەش کوردستانی ڕۆژهەڵاتە، کە ئەو ڕووبەر جوگرافیەیە، زۆرینەی زۆری دانیشتوانی کوردن و لە ڕووی دیالکتیکی زمانەوانی و کلتور ودابونەریت و هۆز و عەشیرەتەوە بەشێکی زۆریان هاوتەریبن لەگەڵ وولایەتی وان، کە یەکێکە لە وولایەتە بەهێزەکان لەڕووی ئابووری وبازرگانی وگەشتیاری و سنوری لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ.
هەروەها تورکیا بەردەوام مەترسی دراوسێیەکانی بە مەترسی خۆی دەزانێ، چونکە سێ لە دراوسێیەکانی هاوسنوری ئەو جوگرافیە وڕووبەرەیە، کە کوردی تێدا نیشتەجێە و ئەویش کورد وەک پرسێکی سیاسی ڕاستەقینە نابینێ، بەڵکو وەک دۆسیەیەکی دەرەکی وتیرۆر مامەڵەی لەگەڵ دەکات. بۆیە هەمیشە بە ئاڕاستەی دەستوەردانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووداوەکانی دەروبەر ودراوسێیەکانی دەجوڵێتەوە، هەروەک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیبراهیم کالن بەرپرسی میت وهاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی ڕاشکاوانە ڕایانگەیاند: لە ئەگەری هەر ڕووداوێکی خۆپێشاندان وپێکدادانی چەکداری لە ناوچە کوردییەکاندا، ئەوان دەستوەردانی سەربازی ئەنجام دەدە.
راپۆرتەکەی میت و مەترسییەکان:
لەدوای کەمتر لە دوو مانگ لە کۆتایهاتنی جەنگی دوانزەڕۆژەی ئەمریکاوئیسرائیل- ئێران، ئاژانسی هەواڵگری تورکیا -میت، ڕاپۆڕتێکی تیروتەسەڵی لەبارەی ئەو جەنگەوە بەناوی ( جەنگی دوانزە ڕۆژە و وانەکانی تورکیا )بڵاوکردەوە، تێیدا جگە لە دەرکەوتن ودرکپێکردنی چەندین هەڕەشە ومەترسی لەبەرچاونەگیراو، چەند خاڵێکی گرنگ دەخاتەڕوو، کە گرنگترینیان بریتین لە خۆئامادەکردن بۆ هەر ئەگەر وپێشهاتێک وبەهێزکردنی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە وبەهێزکردنی سستمی راداری و پێشخستنی کەرتی مووشەکی بالستیی، دانان وپەرەپێدانی زیاتری قەڵغانی خۆپارێزی لە مووشەک ودرۆن و ڕەچاوکردن وپاراستنی زیاتری کەلێنی ئەمنی وهەواڵگری. لە هەمووی گرنگتر دروستکردنی شوێنی خۆپارێزی وحەشاردانی بە کۆمەڵ بە دابینکردنی هەموو پێداوێستیەکی ژیانکردن بە تایبەت لە شارە گەورەکاندا.
تورکیا لە هەموو لایەک وووڵاتانی دیکە ناوچەکە، هەستی بە لێکەوت وکاریگەرییەکانی ئەم جەنگە کردووە ودەکات بۆیە:
دەیەوێ لە دوو بەرەوە بجوڵێ، بەرەی یەکەم:
1ـ لە ئێستادا و لەم بەرەیەدا وەک ئەندامیێکی بەهێزی هاوپەیمانی ئەمریکا وناتۆ لە ناوچەکەدا دەردەکەوێ، کە لەو ڕێیەوە دەیەوێ پاڵپشتی سیاسی وئابووری و سەربازی ئەوان بەدەستبهێنێ و واخۆی نیشان بدات، کە تاکە هێزی سەربازی ناتۆیە لەناوچەکدا بەڕووی ئێران وهەڕەشەکانی وەستابێ و مەترسی سەر ئەو مەترسیە بۆ سەر ئەوروپا وبەتایبەت ئەمریکا.
تەنانەت پێشبینی دەکرێ هێرشی مووشەکی تاران بۆ سەر بنکە و بارەگانی ئەمریکا لە تورکیا، تەکتیکێکی نێوان تاران وئەنقەرە بێت.
بۆ ئەوەی سەرەنجی ئەمریکا وئەوروپا بۆ لای خۆی ڕابکێشێ لە ئەگەر ڕوودانی پێکدادانی ڕاستەوخۆ لە نێوان تاران وئەنقەرە، چ کوشندە و کاوکاری دەبێ بۆ ناوتۆ و ئابووری ئەوروپا.
2ـ لەلایەکی تر دەیەوێ وانیشان بدات درێژەکێشانی جەنگەکە هانی هاوڵاتیانی ئێرانی دەدات بەتایبەت ئەوانەی هاسنوری ئێران ڕووبکەنە تورکیا لەوێشەوە بۆ ئەوروپا و ببێتەهۆی دووبارەبوونەوەی شەپۆڵێکی دیکەی ئاوارەیی بەکۆمەڵ وپەنابەری بۆ ئەوروپا وەک ئەوەی لەساڵانی ڕابردوو ڕوویدا.
لەهەماکاتدا خوازیاری درێژەکێشانی جەنگەکەیە بەوەی گوشاری مرۆیی وسیاسی بخاتە سەر هاوپەیمان ودۆستەکانی لەلایەک بۆ ئەوەی قەناعەتیان پێ بکات کە ئەوە رێگری دەکات لە دروستنەبوونی ئەو شەپۆڵە لەڕێی وەرگرتنی هاوکاری وپارەداکردنی دارایی وەک ئەوەی ساڵانی رابدوو کە زیاتر لە هەشت ملیاری دۆلاری لە ووڵاتانی ئەوروپا وەرگرت. واتە دەیەوێ کۆتایهاتنی جەنگە خۆی بەمیانڕەو دۆستی ئاشتی نیشان بدات ووەک نێوەندگێر دەرکەوێ و لەهەمانکاتدا خوازیاری درێژەکێششانی جەنگە بۆ چەند هەفتە ومانگێک بۆ،ئەوەی لەڕێی مەترسی وهەڕەشەی هەمەلایەنەوە بۆ سەر دۆست وهاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە وجیهان، دەستکەوتی ماددی وئابووری و سیاسی دەستکەوێ، هەوڵ بدات لە ڕێی ووشکانی و بۆری نەوتی خۆی نەوتی زیاتر بنێردرێتە دەرەوە ولەو ڕێیەوە قازانجی زیاتری دەستکەوێ .
3ـ هەروەها هەوڵ دەدا سوود لە ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی عێراق و هێرشی مووشەکی گرووپە لەیاسادەرچووەکانی عێراقیش وەرگرێ لە ڕێی ئەوەی کە مەترسین بۆ سەر بنکە وبارەگاکانی لە عێراق بە تایبەت هی زیلکان لە پارێزگای موسڵ و لە پارێزگای دهۆک، لەو ڕێیەوە لەشکرکێشی زیاتر بکاتە سەر هەرێمی کوردستا ن و هەوڵی بەدیهێنانی خواستی لە مێژینەی بدات لە دەستبەسەراگرتنی ولایەتی موسڵ ،کە مەبەستی کێلگەی نەوت وغازی ئەو ناوچانەیە.
4ـ هەر لەو بەرەیەوە دەیەوێ خۆی وەک هێز و لایەنێکی گرنگی سەقامگیری لەناوچەکە نیشان بدات، بەوەی کە سەرباری جەنگەکە بەرەی ناوخۆی سەقامگیرە وپرۆسەی ئاشتی لەگەڵ (pkk) وکوردەکان بەردەوامە، لەکاتێکدا ئەم ئاشتیە لە دۆخی کۆترێکی باڵشکاو وایە، تا ئێستا دەرئەنجامێکی وای نبووە وپەیامەکانی ئەو کۆترە نەگەیشونەتە هەموو لایەک و متمانەیەکی گشتگیر لەوبارەیەوە لەناو کورد وتورکەکان نەهاتۆتەئاراوە.
لەلایەکی تریش هەوڵ دەدات پاڵپشتی دارایی بانکی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنی بۆ ئەوەی چیتر بەهای لیرەی تورکی دانەبەزێ، بەتایبەت کە عێراق وئێران دوو بەهێزترین هەناردەکار وهاوردەکاری تورکیان، تا پێش ئەم جەنگە ئالوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا وئێران 8 ملیار دۆلاری تێپەڕاندبوو، بۆیە وائاسان بۆ ئێران کە دەستبەردانی ئێران بێ.
5ـ تورکیا دەیەوێ پارێزگاری لە ڕێرەوی بازرگانی خۆی لە گەرووی دەردەنیل وبۆسفۆر بکات لەگەڵ رووسیا و لایەنەکانی دیکە، پێش ئەوەی وەک گەرووی هورمزیان لێ بێ. بەڵام دوور نیە ئەو گەرووەش بەدەردی گەرووی هورمز بچێ. چونکە ڕێرەوێکی گرنکی بازرگانیە و پەیوەندی بە پرسی جەنگ وشەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیاشەوە هەیە.
6ـ تورکیا خوازیارە لەم جەنگە سنورەکانی دارێژێتەوە و دەستی خۆی بوەشێنێ وەک ئەوەی چۆن ئیسرائیل هەوڵی فراوانکردنی سنورەکانی دەدات. وەک لە خاڵی سەرەوە ئاماژەمان بە” ولایەتی موسڵ وهەرێمی کوردستان کرد”. بەهەمانشێوە دەیەوێ لە هەندێ شوێن وپێگەوە سنورەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ دەرئەنجامی شەڕی چاڵدران لەساڵی 1514 نەک دەرئەنجامی ڕێکەوتنی زەهاوی ساڵی 1623.
ـ بەرەی دووەم:
1ـ لەم بەرەیە وەک دەوڵەتێکی (بێلایەنی ئیجابی) خۆی نیشان دەداتو دەیەوێ هاوسۆزی ووڵاتانی ئیسلامی و دۆستەکانی لەڕووی ئایدیۆلۆجی ڕابکێشێ، بۆیە هاوپەیمانی چوارقۆڵی لەگەڵ سعودیە ومیسر وپاکستانی پێکهێناوەو هەر لەم نێوەندەدا وەک ناوبژیوان ونێوەندگێرێک خۆی نیشان دەدا.
2ـ ئەیەوێ لە میانەی مانۆرەکانی لەم جەنگەدا پێگەی خۆی لە سوریا لەڕووی ئابووری وسیاسی ودبلۆماسی بەهێز بکات.هەروەک پێشبینی دەکرێ لە ئەگەر داخرانی گەرووی هومز وئەم جەنگە، بایەخی سوریا بۆ ناردنی نەوت وغاز بۆ دەرەوە زیاتر ببێ.
3ـ دەیەوێ لە ڕێی پێکهێنانی هاپەیمانی سەربازی لە نێوان خۆی و میسر وسعودیە و پاکستان، هەژموونی سەربازی خۆی بەهێز بکات، تاکو لەدوای کۆتایی جەنگی ئێران، تورکیاش ڕووبەڕووی سیناریۆی وەک ئێران نەبێتەوە، بەتایبەت لەلایەن حکومەتەکەی نەتانیاهۆ وئیسرائیلەوە، هەروەهادەیەوێ لە ڕێی ئەو هاوپیمانیتەوە قەلغانێکی سەربازی وسیاسی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دروست بکات.
4ـ دەیەوێ لە ڕێی ئەم جەنگەوە بەرووی هەژموونی فراوانخوازی ئیسرائیل لە حەوزی دەریای ناوەڕاست بوەستێتەوە، بە تایبەت لەدوای ڕێکەوتن و بەهێزی پەیوەندییەکانی نێوان یۆنان و دەوڵەتی قوبرسی یونانی لەگەڵ ئیسرائیل.
بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین ئاشتی و جەنگی تورکیا وئەو دۆخەی ئێستا دەگوزەرێ پەیواندار بکەین بە قسەیەکی ئەردۆگانەوە کە دەڵێ: ئەگەر ئاشتیتان دەوێت، خۆتان بۆ شەڕ ئامادە” بکەن”
لە ڕووانین بۆ دوورتری ئەم قسەی ئەردۆگان، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە هاومانای ناوەڕۆکچنی میدیۆمی باپیرانیانە.





