بارزانی و عەلی باپیر چۆن باسی بافڵ تاڵەبانیان کردووە؟ نهێنی دواین کۆبوونەوەیان ئاشکرابوو

لە دواین کۆبوونەوەی نێوانیاندا، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەخنەی ئەوەی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرتووە، کە لەو حزبە تێناگات، لەبەرامبەردا سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری بە سەرۆکی پارتی گوتووە: خەڵک و یەکێتیش لەپارتی تێناگات.

بارزانی چەند جارێک جار داوای کۆبونەوەی لە عەلی باپیر کردووە، پاش کۆبوونەوە و راوێژ لەگەڵ سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری عەلی باپیر بڕیاری کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی لە پیرمام داوە، کورد مۆنیتەر وردەکاریی دیدارەکە ئاشکرادەکات.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تایبەت دەست کورد مۆنیتەر کەوتوون، لە دیدارەکەدا بارزانی بە عەلی باپیری گوتووە “لەیەکێتی تێناگەم”، لە وەڵامدا عەلی باپیر گوتویەتی “لە راستیدا خەڵک و یەکێتیش لە پارتی تێناگات، یەکێتی هەڵوێستی روونە و بە ئاشکرا گوتویەتی کە داواکاری چییە، ئەوە پارتییە هەڵوێستی ناڕوونە”.

هەروەها عەلی باپیر بە مەسعود بارزانی گوتووە “ئێستا یەکێتی یەک کەس بڕیار لە سیاسیەتی یەکێتی دەدات کە ئەویش بافڵ تاڵەبانییە و فرە بۆچوونی ناو یەکێتیدا نییە”.

بەپێی زانیارییەکان عەلی باپیر رەخنەی لە بارزانی گرتووە، کە رێگەیداوە پەیوەندی پارتی و یەکێتی و دۆخی سیاسی هەرێم بگات بەم ئاستە.

بەپێی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، رۆژی دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، مەسعود بارزانی پێشوازی لە عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و شاندێکی یاوەری کردووە. لە دیدارەکەدا رۆشنایی خراوەتە سەر پرۆسەی سیاسیی، هەوڵەکان بۆ نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و تێپەڕاندنی چەقبەستووی سیاسیی هەرێمی کوردستان.

Back to top button