
مایکڵ ڕۆبن
مانۆڕەکانی پشت پەردە هەمیشە دەبنە هۆی دروستبوونی دواکەوتنێکی درێژخایەن لە نێوان هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێدا. هەرچەندە عێراقییەکان لە ١١ی تشرینی دووەمی 2025 چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام هیچ کاندیدێک یان پارتێک زۆرینەی بەدەست نەهێنا. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر، کە لە سەردەمی ئەودا عێراق گەشەسەندنی بەرچاوی لە ژێرخانەکەیدا بەخۆوە بینی، زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێنا، بەڵام توانای ئەو بۆ ڕاکێشانی دەنگی پێویست لە حزبەکانی ترەوە کارێکی دوور بوو؛ بەتایبەت دوای ئابڕووچوونی “تاقیکردنەوەی تەلەفۆن” کە ترسی ئەوەی لای هەموان دروست کرد سودانی ویلایەتی دووەم بەکاربهێنێت بۆ چەسپاندنی خۆی وەک دیکتاتۆرێک.
هەڵبژاردنی نزار ئامێدی وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق، کاتژمێری ژماردنی پێچەوانەی بۆ پەرلەمان دەستپێکرد تاوەکو لە ماوەی پازدە ڕۆژدا سەرۆک وەزیرانی نوێ هەڵبژێرێت.
ڕەنگە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ باکى بە کورتهێنانی دیموکراسی یان گەندەڵییەکانی سودانی لە تێپەڕاندنی گرێبەستە بازرگانییەکان بۆ عەباسی برای نەبێت، بەڵام بڕیاری سودانی بۆ پشتگیریکردنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، ڕێک دوای ئەوەی هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، کارێک بوو کە ترەمپ نەیدەتوانی چاوپۆشی لێ بکات. لە پشت پەردەوە، کاتی ئەوە هاتبوو کە سودانی بڕوات. هەروەها پەیوەندییە ئاشکراکانی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو و “باوکی ڕۆحی” چوارچێوەی هەماهەنگی، لەگەڵ ئەو میلیشیایانەی ئێستا ئەمریکییەکان دەکەنە ئامانج و خۆپیشاندەرانی ئێرانی دەکوژن، خواستی ئەو بۆ گەڕانەوە پوچەڵ دەکەنەوە.
هەندێک لە بەرپرسانی عێراق بە ئاشکرا ناوی “باسم بەدری” دەهێنن، کە ئەندامی ڕێکخراوی (حزبی دەعوەی ئیسلامی-عێراق)ە بە سەرۆکایەتی خالید ئەسعەدی، کە فراکسیۆنێکی نزیکە لە مالیکی. ئەلبەدری هەمیشە بەپێی باوبۆرانە سیاسییەکان گۆڕاوە و خۆی گونجاندووە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و سەروەت. ئەو لە ناو پارتی بەعسی سۆسیالیستی عەرەبیدا لە سەردەمی سەدام حسێن کاری کردووە، پێش ئەوەی ڕوو لە حزبی دەعوە بکات.
لە پێگەی ئێستایدا، ئەو سەرۆکایەتی “دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ لێپرسینەوە و دادپەروەری” بەکارهێناوە بۆ وەرگرتنی سەرانە و زۆرجار پەراوێزخستنی بەرپرسە نیشتمانییە کارامەکان و تەکنۆکراتەکان کە ئامادە نەبوون مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. مەترسی لێرەدا ئەوەیە ئەگەر پەرلەمان بەرپرسێک کاندید بکات کە بە گەندەڵی ناسراوە، ڕەنگە تەواوی سیستمەکە هەرەس بهێنێت؛ بە ڕەچاوکردنی گۆڕانکاری نەوەکان لە عێراق و کەمبوونەوەی ئارامی گەنجانی عێراق بەرامبەر بەردەوامی گەندەڵی بە شێوازی جاران.
ئەلبەدری نابێتە یەکەم بەرپرسی گەندەڵ—مالیکی، مستەفا کازمی و کەسانی تریش خولەکانی خۆیان بەکارهێنا بۆ ئەوەی بە نووسینگەی خۆیان بخەنە پێش هەموو شتێک نەک نیشتمانەکەیان—بەڵام هۆکاری تریش هەن کە وادەکەن قبوڵکردنی بەدری مەحاڵ بێت. هەرچەندە مەرجەعە باڵاکانی نەجەف بە فەرمی پشتگیری لە کاندیدەکان ناکەن، بەڵام ڕەزامەندی ئەوان کێشێکی مەعنەوی هەیە، کەچی نەک هەر نووسینگەی ئایەتوڵڵای مەزن عەلی سیستانی پشتگیری لە ئەلبەدری نەکردووە بەهۆی مێژو و کەمکوڕییە گشتییەکانی، بەڵکو “دەسەڵاتی ئایینی” فراوانتر لە نەجەف بە ئاشکرا ڕەتیان کردووەتەوە.
هەڵبژاردنی ئەلبەدری کارەسات دەبێت، چونکە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق دەبەستێتەوە بە توندڕەوترین باڵەکانی ناو ئێران، لە کاتێکدا کە ئەوان خۆیان لەژێر ئاگر و هێرشدان. هەروەها پێدەچێت ببێتە هۆی پچڕانی تەواوەتی پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی واشنتۆن لەگەڵ بەغدا.
ڕەنگە مالیکی و خەزعەلی ناوی ئەلبەدری پێش بخەن، بەڵام ئەگەرچی حەز دەکەن بە فەرمانی تاران بەربەست بۆ ترەمپ دروست بکەن، بەڵام کردنی ئەمە تەنها زیان بە شیعەی عێراق دەگەیەنێت لە ڕێگەی بەکارهێنانی کارتە سیاسییەکان بە شێوەیەکی هەڵە، هەروەها پشتڕاستکردنەوەی ئەو بانگەشەیەی کە دەڵێت ئەوان “تابوری پێنجەم”ن و دڵسۆزییان بۆ تارانە و دژی سەروەریی عێراقن.
لەگەڵ هەڵگیرسانی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەوروبەری عێراق، پێویستە خاوەن بڕیارەکانی عێراق درک بەوە بکەن کە یارییەکانی دەسەڵات و ململانێ بۆ داهاتووی عێراق وێرانکەر دەبن. پێویستە نیشتمانپەروەرێکی عێراقی بگاتە پۆستی سەرۆک وەزیران. کاندیدی نوێ هەن کە ڕەزامەندی فراوانی نەجەف (و کازمییە)یان هەیە، مێژوویەکی پاک و کارامەیان هەیە، و ڕەنگە هەمیشە لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا کۆک نەبن بەڵام توانای خۆیان نیشانداوە بۆ مامەڵەیەکی بەرهەمهێنەر لەگەڵ واشنتۆن کاتێک پێویست بێت. ئەلبەدری ئەو پیاوە نییە.






