سەمیر و گوێدرێژەکەی و هاوکێشەی سیاسەت

نووسینی: عامر بەدران
وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە؛ کوردمۆنیتەر

“سەمیر لە گوندەکەیدا وەک جوتیار کار دەکات”. ئەمە ڕستەیەکی کورت، ڕوون و بێ گرێی ڕێزمانییە. نە “خواستن”ی تێدایە و نە گوزارەی مەجازی؛ ماناکە دەگەیەنێت بێ ئەوەی پێویستی بە هیچ جۆرە جوانکارییەکی وشەسازی یان وێنەیەکی ڕەوانبێژیی هەبێت. هەر دەزگایەکی بەرپرس لە پڕۆگرامەکانی خوێندن دەتوانێت ئەم ڕستەیە بخاتە ناو کتێبی فێربوونی زمانی عەرەبی بۆ پۆلی دووەمی سەرەتایی، هەروەک چۆن سەرۆک شارەوانییەک دەتوانێت بێ ئەوەی گوێ بە هیچ هەڵەیەکی زمانەوانی بدات، مۆرەکەی خۆی لە ژێردا بدات.

بەڵام هەڵەکان هەمیشە زمانەوانی نین، هەندێک جار هەڵەن لە خودی ژیاندان، یان هەڵەن لە دابەشکردنی ڕاستیدا. چونکە ئەوەی لە ڕاستیدا لە گوندەکەدا وەک “جوتیار” کار دەکات، گوێدرێژەکەیە نەک سەمیر. ملی گوێدرێژەکەیە کە لە ژێر قورساییدا دەچەمێتەوە، ماسولکەکانی گوێدرێژەکەن کە گاسنەکە ڕادەکێشن، و سمەکانین کە لە ناو قوڕدا دەچەقن. بەڵام سەمیر، لە دوای هەموو ئەمانەوە دەڕوات و هاوار دەکات: “حا… هیش”، وەک بڵێی جۆرە بەڕێوەبردنێک ئەنجام دەدات. بەڵام لەبەر ئەوەی زمان پیشەسازیی مرۆڤە، سروشتییە لایەنگریی ئەوان بکات، باو وایە بڵێین: سەمیر لە گوندەکەدا وەک جوتیار کار دەکات.

ناکرێت ئەوە لە سەمیر زەوت بکەین کە گوێدرێژەکەی بە پارەی خۆی کڕیوە، ئەو پارەیەی بە ئارەقەی نێوچەوانی کاتێک وەک کۆڵبەر و باربەر لە گوندەکەدا کاری دەکرد، بەدەستی هێناوە. گوێدرێژەکە بە “پەڕەشووت” لە ئاسمانەوە بۆی نەکەوتووەتە خوارەوە، نە لە یاریی بەختدا بردوویەتییەوە، نە وەک ناوی باپیری بۆی ماوەتەوە؛ بەڵکو دوای ساڵانێک لە ماندوکردنی ماسولکەکانی خۆی، بە پارەی تایبەتی کڕیویەتی.

بۆیە، دادپەروەرانە نییە مافەکەی لەو ڕستەیەی پێشەکیی وتارەکەدا کەم بکەینەوە، تەنانەت ئەگەر ڕۆڵەکەشی تەنیا لە ڕۆیشتن بە دوای گوێدرێژەکە و هاوارکردن لە کۆتایی هەموو هێڵێکی کێڵان، و دڵەراوکێ سەبارەت بە کەشوهەوا و تێربوونی گوێدرێژەکە بە کا و جۆ کورت بووبێتەوە.

لەبەر هەموو ئەمانە، سەمیر لە گوندەکەدا وەک جوتیار کار دەکات. ئەو خاوەنی گوێدرێژێکە، بەڵام کاتێک سەروەت و سامانەکەی دەژمێرێت، وەک خانوو و نیو دۆنم زەوییە زەیتوونەکەی، ناوی گوێدرێژەکە ناهێنێت. ئەو وەک یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی یان “ئەهلی ماڵەکەی” مامەڵە لەگەڵ گوێدرێژەکە دەکات. بۆیە ناوێکی جوانی بۆ هەڵبژاردووە کە لە هەمان کاتدا شکۆیەک دەبەخشێت، ئەویش ناوی “سەهم”ە (واتە تیر). تەنانەت کاتێک بە نائامادەیش باسی دەکات، ناوەکەی دەهێنێت؛ بۆ نموونە بە هاوسەرەکەی دەڵێت: “ئایا نانت داوە بە ‘سەهم’؟” یان “سەهم دوێنێ زۆر ماندوو بوو، بیر لەوە دەکەمەوە ئەمڕۆ پشووی پێ بدەم، ڕات چییە؟”. ئەگەر گوێدرێژەکە زمانی بزانیبایە، ڕەنگە سەمیر پرسیاری کۆتایی لە گوێدرێژەکە بکردایە نەک لە هیچ مرۆڤێکی تر.

لە یەکێک لە ڕۆژانی پشووی “سەهم” و سەمیردا، تیمێکی هونەری هاتنە گوندەکە بۆ وێنەگرتنی فیلمێکی سینەمایی کە ڕووداوەکانی لە کەشێکی لادێییدا دەگوزەران. نازانین ئایا دیمەنێکی فیلمەکە پێویستی بە گوێدەرێژەکە بووە، یان دەرهێنەرەکە دوای بینینی جوانیی کانیی ئاوەکە و میوەی هەنجیرەکە و ڕێگا پێچاوپێچەکەی شاخەکە، بڕیاری داوە دیمەنێکی وا زیاد بکات.

دەرهێنەرەکە داوای لە یاریدەدەرەکەی کرد گوێدرێژێکی بۆ بهێنێت بۆ دیمەنێک کە لەسەر ڕێگایەکی شاخاویی وێنە دەگیرێت. یاریدەدەرەکە پەیوەندی بە ناسیاوەکانی گوندەکەوە کرد و ئەوانیش “گوێدرێژەکەی سەمیر”یان پێ ناساند.

یاریدەدەری دەرهێنەر وتی: “مام سەمیر، گوێدرێژەکەتمان بۆ وێنەگرتن دەوێت بۆ ماوەی دوو تا سێ کاتژمێر”. سەمیر وتی: “سەر سەر و سەر چاو، بەڵام گوێدرێژەکە لە کێڵان و حەراسەتدا ڕۆژانەی سی دۆلارە، ئەگەر ئەو پارەیە بدەیت دەتوانیت بۆ تەواوی ڕۆژەکە بیبەیت، نەک تەنیا سێ کاتژمێر”.

دیالۆگێکی کورت و ڕێککەوتنێکی خێرا؛ یاریدەدەرەکە پارەکەی دا و داوای لە سەمیر کرد دوای کاتژمێرێک گوێدرێژەکە بهێنێتە شوێنی وێنەگرتنەکە. دیمەنەکە سادە بوو؛ ئەکتەرێک جڵەوی گوێدرێژەکە دەگرێت و بە پێشیدا بەرەو سەرکێوی دەڕوات. دەنگەکانیش دواتر لە قۆناغی مۆنتاژدا دادەنران.

دەرهێنەر وتی: “ئاکشن”، ئەکتەرەکە جووڵا بەڵام گوێدرێژەکە نەجووڵا. دەرهێنەر وتی: “کەت – cut”، پاشان هەندێک ڕێنمایی دا بە ئەکتەرەکە دەربارەی بەهێزیی کەسایەتی و کێشکردنی جڵەوەکە بە توندی. بەڵام گوێدرێژەکە نە لە جاری دووەم، نە سێیەم و نە دەیەمیش، هەنگاوی نەنا.

دوای ئەوەی نائومێدی باڵی کێشا بەسەر دەرهێنەر و یاریدەدەر و ئەکتەرەکاندا، ناچار بوون پەنا بۆ سەمیر ببەن. سەمیر بە شەرمەزارییەکی زۆرەوە لەبەرانبەر دەرهێنەرەکەدا دانیشت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی گوێدرێژەکەی کردوویەتی، چاوەڕێی ئەوە بوو داوای سی دۆلارەکەی لێ بکەنەوە، بەڵام دەرهێنەرەکە زۆر میهرەبان بوو و داوای لە خودی سەمیر کرد ڕۆڵەکە ببینێت، وتی: “مام سەمیر، گوێدرێژەکەت زۆر کەللەرەقە، دیارە تەنیا ڕاهاتووە لەگەڵ تۆدا کار بکات و هاوکاریی بێگانە ناکات. ڕات چییە خۆت لەم دیمەنە بچووکەدا بەشدار بیت؟ تەنیا دەمانەوێت بە پێش گوێدرێژەکەدا بڕۆیت و کرێی تەواوی خۆتت پێ دەدەین”.

دڵی سەمیر لە خۆشیدا دایخورپاند، هەستی کرد بەخت بۆی گەڕاوە و وەک ئەکتەر ناوبانگ دەردەکات نەک وەک جوتیارێک. دەبێتە باسی دەمی ژنانی گەڕەک و شانازیی خزم و کەس. بێ دوودڵی ڕازی بوو و کرێی خۆی بە 20 دۆلار دیاری کرد. سەمیر و گوێدرێژەکە دیمەنەکەیان بە باشترین شێوە ئەنجام دا و هەر لە جاری یەکەمەوە تەواویان کرد. لە کۆتایی وێنەگرتنەکەدا، سەمیر وەک هاوپیشەیەک ماڵئاوایی لە تیمی فیلمەکە کرد و ژمارەی مۆبایلەکەی دایە یاریدەدەری دەرهێنەر تا لە کاتی نمایشکردنی فیلمەکەدا ئاگاداری بکەنەوە.

ئێوارە، دوای ئەوەی نانی گوێدرێژەکەی دا، سەمیر لەگەڵ هاوسەرەکەی دانیشت و 50 دۆلارەکەی لە گیرفانی دەرهێنا. بێ ئەوەی زۆر بیر بکاتەوە، پارەکەی دانا و وتی: “ئەم سی دۆلارە کرێی ‘سەهم’ـە، ئەم بیست دۆلارەش کرێی منە”. هەر کە ئەم ڕستەیەی گوت، هەستی کرد ئاوێکی سارد بە سەریدا ڕژا؛ ئەو بە درێژایی ڕۆژەکە سەرنجی نەدابوو کە کرێی گوێدرێژەکە لە کرێی ئەو زیاتر بووە. خۆزگە تەنیا لە کێڵاندا بوایە، بەڵکو لە “هونەر”یشدا وابوو!

هاوسەرەکەی سەمیر کە نە گوێی بە هونەر دەدا و نە بە هونەرمەندان، و تەواوی ڕۆژەکە لە داخ و غیرەدا دەکوڵا چونکە مێردەکەی “کار و ئیشی خۆی جێهێشتووە و بە دوای ژنە هونەرمەندەکان کەوتووە”، بە گاڵتەجاڕییەکی توندەوە خوێی کردە سەر برینەکەی سەمیر و وتی: “ئەوە کرێی گوێدرێژەکەتیان لە تۆ زیاتر دا؟ بۆچی ئەو باشتر ڕۆڵی دەگێڕا؟ بەخوا ئەگەر لە شوێنی ئەوان بوومایە، ڕۆژی نمایشکردنی فیلمەکە تەنیا پەیوەندیم بە گوێدرێژەکەوە دەکرد نەک بە تۆوە”.

سەمیر بە ڕاستی بوو بە باسی گوندەکە؛ ژن و پیاو باسی یەکەم “ئەکتەر”یان دەکرد کە کرێیەکەی لە گوێدرێژەکەی کەمتر بوو. هەرچەندە خەڵک و سەمیر خۆشی دەیانزانی کە دەرهێنەرەکە تەنیا بۆ تەواوکردنی دیمەنەکە پێویستی پێ بووە، بەڵام پێویستییە ڕاستەقینەکە بۆ دیمەنێکی ڕاستەقینە، گوێدرێژەکە بووە. لەبەر ئەوە، ئەو سوکایەتییەی سەمیر هەستی پێکرد، نەک تەنها لەبەر ئەوە بوو گوێدرێژەکە پارەی زیاتری وەرگرتووە، بەڵکو لەبەر ئەوە بوو کە ئەمە “مەنتیقی” بوو!

چونکە مەنتیق دەڵێت بازاڕ پارە دەدات بەوەی کارەکەی بەباشی دەزانێت، بەڵام پارەی “زیاتر” دەدات بەوەی “توانای پەکخستن و پەککەوتنی” هەیە. هەر لەبەر ئەوەشە لە جیهانی سیاسەتدا، کە دابەش بووە بەسەر “گوێدرێژەکان”دا کە ئەرکیان پشێوی نانەوەیە، و “ئەکتەرەکان”دا کە کارەکەیان بەباشی ئەنجام دەدەن؛ دەرهێنەری نێودەوڵەتی نرخێکی بەرزتر بۆ ئاژاوەچییەکان دادەنێت، لە کاتێکدا سیاسییە ڕاستەقینەکان لە زۆربەی حاڵەتەکاندا تەنیا چەپڵەیان بەردەکەوێت. هەر نرخێکیش بۆ ئەوان هەبێت، نەک لەبەر ئەنجامدانی کارەکەیانە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە هیچ کارێک بەبێ بوونی ئەوان بە “فەرمی” هەژمار ناکرێت.

img-3
عامر بەدران
بۆچوونی زیاتر
Back to top button