
ئیبراهیم حەمیدی
(سەرنووسەری گۆڤاری ئەلمجەلە)
لە گەرمەی ئەم جەنگەی ئێراندا، ناوی کورد دووبارە گەڕایەوە ناو بازنەی بایەخەکان. پێشتر باس لە ڕۆڵی ئەوان دەکرا لەو پلانەی ئەمریکا بۆ گەمارۆدانی سەدام حوسێن و دواتر ڕووخاندنی دایڕشتبوو، هەروەها لە کاتی پاشەکشە و هەڵاتنی بەشار ئەسەدیشدا.
ئێستاش کە باس لە گۆڕینی ڕژێمی ئێران دەکرێت دوای کوژرانی “ڕێبەر” عەلی خامنەیی، هەندێک ڕاپۆرت باس لەوە دەکەن کە ئاراستەیەک هەیە بۆ سوودوەرگرتن لە هێزە کوردییەکانی ئێران.
ئایا کورد دەتوانێت جارێکی دیکە گرەو لەسەر پشتیوانیی واشنتن بکات بۆ دەستکەوتی سیاسی؟ یاخود یادەوەریی مێژوویی، کە پڕە لە ئەزموونی تاڵ، جێهێشتن و خیانەت، ئەم گرەوە دەکاتە سەرکێشییەکی خۆکوژی؟
ئەو سیناریۆیەی ئێستا باس دەکرێت ئەوەیە؛ ئەگەر واشنتن بیەوێت لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا “خۆبەدەستەوەدانی بێمەرج” بەسەر ڕژێمی ئێراندا بسەپێنێت یان لە ناوەوە دایبڕووخێنێت، ئەوا هێزە کوردییەکان ئامادەترین لایەنن بۆ کردنەوەی بەرەیەکی ناوخۆیی دژی تاران، لەژێر چەتری ئەمریکا و ئیسرائیلدا.
ناوچە کوردییەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران کە بە “ڕۆژهەڵات” ناسراوە، لەمێژە یەکێکن لە گرژترین ناوچەکان. لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە شەپۆلەکانی ناڕەزایەتیدا؛ کوژرانی کچە کوردێک بە ناوی مەهسا ئەمینی لە ساڵی 2022، بووە ئەو پریشکەی یەکێک لە گەورەترین ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی داگیرساند.
هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پارێزگا کوردییەکان بوونە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر بنکەکانی “سوپای پاسداران” و دەزگا ئەمنییەکان، ئەمەش وەک هەوڵێک لێکدرایەوە بۆ لاوازکردنی پێگەی ئەمنیی ڕژێم لەو ناوچانەی کە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزی تێدایە. جگە لەمانە، بوونی هێڵی گواستنەوەی هاوکاری و مەشق و ڕاهێنان لە ڕێگەی کوردستانی عێراقەوە، هۆکارێکی دیکەی ئەم ئەگەرەیە.
لەو گۆشەنیگایانەوە، ئەم چرکەساتە زۆر فریودەرە. کۆمەڵگەیەک کە لە پەراوێزخراویدا ژیاوە و دەبینێت هاوزمانەکانی لە عێراق و سووریا دەستکەوتیان هەبووە، ڕەنگە ئەم پشێوییەی ئێران بە دەرفەتێک بزانێت بۆ دووبارە ورووژاندنەوەی پرسی نەتەوەکان لەناو دەسەڵاتدا، و داوای داڕشتنەوەی پەیوەندیی نێوان ناوەند و ناوچەکان بکات، وەک ئەوەی لە بەغدا و دیمەشق ڕوویدا.
بەڵام هاوپەیمانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگمەنە دەرفەتێکی بێباج بڕەخسێنن. هاتنی کورد بۆ ناو هێڵی ململانێکان، ڕەنگە دەرگا بە ڕووی زنجیرەیەک کاردانەوەی پڕ ئازاردا بکاتەوە. تاران خۆی بەرامبەر بە هەر یاخیبوونێک لە ناوچە کوردییەکان دەستەوستان ناوەستێت، هەروەها ئەنقەرەش بە هەستیارییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە هەر جووڵەیەکی کوردی لە دەرەوەی سنوورەکانی، چونکە دەترسێت ببێتە هۆی هاندانی نەتەوەیی لە ناوخۆی تورکیادا. هەرچی هەرێمی کوردستانی عێراقیشە – کە میوانداریی زۆربەی حزبە کوردییەکانی ئێران و بنکە سەرەکییەکانی ئەمریکا دەکات – ڕەنگە لەپڕ خۆی لە ناوەڕاستی ئاگرباران و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران و بەغدا ببینێتەوە، ئەگەر خاکەکەی ببێتە شوێنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی تاران.
هەر بۆیە سەیر نەبوو کە ئەنقەرە بەپەلە هۆشداریی دا لەم سیناریۆیە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەوڵی دا خۆی بەدوور بگرێت لە هەر پلانێک کە بیکاتە لایەنێک لە ململانێیەکی هەرێمایەتیی کراوەدا. تاران خۆیشی بە ناردنی درۆن و مووشەک هەڵوێستی خۆی نیشان دا.
بەڵام هۆکاری سەرەکی لە هاوکێشە کوردییەکاندا تەنیا ململانێی هێز نییە، بەڵکو یادەوەریی مێژووییە. پەیوەندیی نێوان کورد و هێزە گەورەکان بە وێستگەی گرنگی پشتیوانیدا تێپەڕیوە، بەڵام هاوکات چەندین “خەنجەر”یشی تێدا بووە کە شوێنەواری قووڵی لە ویژدانی کورددا جێهێشتووە.
“کۆماری مەهاباد” کە لە چلەکانی سەدەی ڕابردوودا لە “ڕۆژهەڵات” دامەزرا، تەنیا 11 مانگ ژیا، دوای ئەوەی جۆزێف ستالین، ڕێبەری یەکێتیی سۆڤیەت، لەژێر گوشاری ئەمریکا و بەریتانیادا پشتیوانییەکەی لێ کێشایەوە.
بۆ کوردی عێراقیش، بەئازارترین ساتەوەخت دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1975 و واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە نێوان سەدام و شای ئێراندا. لەو کاتەدا بزووتنەوەی کورد بە ڕێبەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی پشتیوانیی ئەمریکا و ئێرانی هەبوو لە جەنگی دژی بەغدا. بەڵام ئەو ڕێککەوتنە لەپڕێکدا کۆتایی بەو پشتیوانییە هێنا، شۆڕشەکە هەرەسی هێنا و کوردەکان پەنایان بۆ چیاکان برد. لەو کاتەوە، ئەو ڕووداوە بووەتە هێمایەکی هەمیشەیی بۆ مەترسییەکانی پشتبەستن بە هێزە گەورەکان و “خیانەتی” ئەمریکا.
دوای دوو دەیە، وا دیار بوو پەیوەندیی کورد و ئەمریکا چووەتە قۆناغێکی جیاوازەوە. واشنتن لە نەوەدەکاندا و دوای جەنگی کەنداو، پارێزبەندیی ئاسمانی بۆ کوردستانی عێراق دابین کرد، دواتر لە ساڵی 2003دا ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لە ڕووخاندنی ڕژێمی سەدامدا، کە ئەمەش پێگەی هەرێمی لەناو عێراقی نوێدا بەهێز کرد. بەڵام هەستی جێهێشتن لە ساڵی 2017 و دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی گەڕایەوە. کاتێک هێزە عێراقییەکان بەرەو کەرکووک پێشڕەوییان کرد، واشنتن بێلایەنیی هەڵبژارد، کە زۆرێک لە کوردەکان ئەمەیان بە بەڵگەیەکی نوێ زانی لەسەر ئەوەی پشتیوانیی واشنتن بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندییە گەورەکانی خۆیەوە.
لە سووریاش، هەمان چیرۆک لە “ڕۆژئاوا” دووبارە بووەوە. ویلایەتە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی دژی داعشدا پشتیوانیی هێزە کوردییەکانی کرد، بەڵام سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2019دا هێزەکانی لە باکووری سووریا کێشایەوە، ئەمەش دەرگای بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوانی تورکیا دژی کورد کردەوە، کە ئەو کات هیچ پارێزبەندییەکی ئەمریکایان نەبینی. دووبارەش لە سەرەتای ئەمساڵدا (2026) کاتێک داوای هاوکارییان لە ترەمپ کرد بەرامبەر پێشڕەویی هێزەکانی حکومەتی سووریا بۆ ڕۆژهەڵاتی وڵات، هەمان شت ڕوویدایەوە.
ئەم ئەزموونانە ئەو قەناعەتەی لای کورد چەسپاندووە کە هاوپەیمانی لەگەڵ یاریزانە گەورەکان زۆرجار کاتییە و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی زلهێزەکان ڕەنگە لە هەر چرکەساتێکدا بگۆڕێن.
بۆیە، کوردەکان برین و کەلێنی قووڵیان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتووە. فریودانە سیاسییەکە گەورەیە، بەڵام یادەوەریی مێژوویی بەهۆی خەنجەرەکانی ستالین و ترەمپ و ئەوانی دیکەوە تاڵە. لێرەدا کێشە و گرێکوێرە کوردییەکە نوێ دەبێتەوە؛ گەڕان بەدوای ڕاوکردنی دەرفەتێک بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی سیاسی لەناو یارییە گەورەکاندا.
ڕەنگە هەندێک لە کوردەکان جەنگی ئێران بە دەرفەت بزانن، بەڵام مێژوو ئەوەشمان بیر دەخاتەوە کە ئەو دەرفەتانەی لە سێبەری ململانێی گەورەکاندا لەدایک دەبن، بە ڕێککەوتن و سەودای سەر سەری خاوەن دەرفەتەکان کۆتایییان دێت. بۆیە پرسیارەکە تەنیا ئەوە نییە ئایا کورد دەتوانێت بچێتە ناو ئەم سەرکێشییەوە، بەڵکو ئەوەیە ئایا ئامادەیە جارێکی دیکە باجی ڕێککەوتنەکان و تاڵییەکەی بچێژێت و دووبارە لە “خیانەتەکان” ڕابکات و پەنا بۆ چیاکان بباتەوە؟






