
یەکەم ئاماژەی قورسی قەیرانی دارایی بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی ئێرانەوە، لە عێراق بەدیارکەوت و تا ئێستا حکومەت نەیتوانیوە مووچەی مانگی ئادار دابەشبکات.
ساڵی ڕابردوو، بە تایبەت تا عێراق دووچاری کێشەی نەختینە نەهاتبوو، ئەم کاتانە (28ی هەموو مانگێک) دابەشکردنی مووچە کۆتایی هاتبوو، بەڵام ئەمڕۆ کە کۆتاییەکانی مانگی ئادارە، هێشتا مووچەی ئەو مانگە دابەش نەکراوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ کورد مۆنیتەر باسی لەوەکرد، حکومەتی عێراق دەستیکردووە بە ڕێکارەکانی وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە بۆیە پێشبینیدەکرێت دابەشکردنی مووچە لە 30 ڕۆژەوە ببێتە 50 تا 55 ڕۆژ جارێک.
وەک سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر گوتی، گەورەترین کێشە بۆ حکومەتی عێراق بریتین لە کەمیی نەختینەی پارە لە بانکە حکومییەکان دا، بەتایبەتی بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید، جگە لە لێکەوتەکانی گرژییە ناوچەییەکان و داخستنی گەروی هورمز، کە ئەمەی کۆتایی بووە هۆی ڕاگرتنی شادەماری ئابووریی عێراق کە فرۆشتنی نەوت بوو.
کێشەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بۆ دووەم مانگ لەسەریەک دووبارە دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی عێراق لە مانگەکانی ڕابردوودا ڕێکاری گرتووەتە بەر بۆ بەهێزکردنی سەرچاوەکانی داهات و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی نەختینە، لە ڕێگەی زیادکردنی رسوماتی گومرگی و هەندێک بریاری دیکەوە.
ئابووری عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت کە نزیکەی 90 بۆ 95 لەسەدی داهاتی بودجەی گشتی پێکدەهێنێت. ئەمەش حکومەتی عێراق دەخاتە بەردەم ئاڵنگارییەکی دارایی گەورە سەبارەت بە توانای بەردەوامبوون لە دابینکردنی خەرجییە کارگێڕییەکان، کە لە سەرووی هەموویانەوە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانە، ئەگەر پەککەوتنی هەناردەی نەوت بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت.
بەهۆی پەککەوتنی جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بە شێوەیەکی توند لە 4.3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ تەنها 1.3 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە.





