
وەیسی ئاکتاش، یەکێکە لە سیاسەتمەدار و نوسەرە دیارەکانی کورد کە زیاتر لە 30 ساڵ لە ئیمراڵی زیندانیی بوو و ماوەی 10 ساڵ لەگەڵ ئۆجەلاندا بووە، دوای ئازادبوونی لە گفتوگۆیەکی کراوەدا بە ئامادەبوونی پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی لە شاری ئیستانبوڵ قسەی لەسەر زۆر پرسی گرنگ کرد و گوتی: ئیسرائیل بۆ مانەوەی پێویستی بە کوردستانێک بوو؛ ئۆجەلان ئەمەی ڕەتکردەوە.
بەگوتەی ئاکتاش چارەسەری پرسی کورد تەنیا بە تورکیا ناکرێت، چونکە کێشەیەکی هەرێمی و جیهانییە. ئۆجەلان ئەمەی بە تیۆریی “پڕۆتۆ-ئیسرائیل و پۆست-ئیسرائیل” پۆلێن دەکات:
پڕۆتۆ-ئیسرائیل: لە قۆناغی یەکەمدا بۆ قبووڵکردن و دروستکردنی ئیسرائیل، پێویستی بە کۆماری تورکیا هەبوو لەسەر بنەمای هێشتنەوەی “کوردێکی بریندار” بەپێی تیۆری چەرچڵ، بەڵام کورد بە بوون بە کارەکتەرێکی سەرەکی، ئەم سیستەمەی تێکدا.
پۆست-ئیسرائیل: ئەمڕۆ بۆ مانەوەی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستی بە کوردستانێکی وەک “ئیسرائیلی دووەم” و دەوڵەت-نەتەوەیەکی ناسیۆنالیست هەیە. پەکەکە و ئۆجەلان ئەمەیان ڕەتکردووەتەوە، چونکە دژی هەموو جۆرە ناسیۆنالیزمێکن.

سەبارەت بە سەردانی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بۆ ئیمراڵی باسی لەوەکرد، داواکارییەکی دوولایەنە هەیە، بارودۆخەکە دەگۆڕێت و ئۆجەلان دەچێتە شوێنێکی نوێ و دەرفەتی دیداری فراوانتری دەبێت. چوونی مەزڵووم عەبدیش پەیوەستە بە بەرەوپێشچوونی ئەم پرۆسەیە لە تورکیا، ئەگەر دۆخەکە ئەرێنی بێت، چوونی ئەویش ئاسان دەبێت.






