
لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەردەوام باس لە کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران دەکات، راپۆرتە میدیاییەکان پشتبەست بە شیکارییە سەربازییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر هەیە هێرشێکی سەربازیی زەمینی دژی تاران لە ڕۆژی (هەینیی مەزن) ئەنجام بدرێت.
ڕۆژی (هەینی مەزن) دەکەوێتە ناو (هەفتەی ئازارەکان) پێش جەژنی هەستانەوە، کە ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ 3ی نیسان دا. ئەم ڕۆژە لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا پشووی فەرمییە و بازاڕە داراییەکانی وەک (وۆڵ ستریت) تێدا دادەخرێن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی تایمز-ی بەریتانی، ترامپ کە پەیامی دژبەیەک دەنێرێت، ناوەندە سیاسی و سەربازییەکانی گەیاندووەتە ئەو بڕوایەی کە ستراتیژی (پێشبینی نەکردن) وەک چەکێک بەکاری دەهێنێت، ڕەنگە پەردەیەک بێت بۆ ئامادەکاریی هێرشێکی زەمینی، کە لەوانەیە لە پشووی “هەینیی مەزن”ی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت.
لە سەرەتای جەنگی ئێرانەوە، ترەمپ جیهانی نوقمی لێدوانە دژبەیەکەکانی کردووە؛ جارێک ڕادەگەیەنێت کە ئەمریکا لە جەنگدا سەرکەوتووە، جارێکی دیکە جەنگەکە بەوە وەسف دەکات کە جەنگ نییە بەڵکو تەنیا “گەشتێکە”.
هەروەها 10 ڕۆژ مۆڵەتی دایە ئێران بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن، دواتر هانی وڵاتانی جیهانی دا کە “کەمێک ئازایەتی نیشان بدەن و یارمەتیدەر بن لە کردنەوەی هورمز”،هەروەها داوای لە ئێران کرد “گەرووی ترەمپ بکەنەوە، مەبەستم گەرووی هورمزە”، پێش ئەوەی جەخت بکاتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان “ئیتر لێرە نابێت بۆ یارمەتیدانتان” و وڵاتانی دیکە دەبێت ئەرکی چاودێری بگرنە ئەستۆ.
هاوپەیمانە کلاسیکییەکانی واشنتن، کە ترەمپ چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە “ترسنۆک” وەسفی کردن و دواتر هانی دان بە خێرایی بەرەو گەرووی هورمز بجوڵێن، خۆیان لەبەردەم سەرلێشێوانێکی گەورەدا دەبیننەوە و دەپرسن: ئایا سەرۆکی ئەمریکا یارییەکی تەواو جیاواز دەکات؟
لە واشنتن، چاودێران ناوی ئەم ستراتیژییەیان ناوە “نادڵنیایی چەکداریی”. هەرچەندە ئەم ناجێگیرییە سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان تێکدەدات، بەڵام بڕوایەک هەیە کە ئەمە تەنیا فێڵێکە بۆ کات کوشتن بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ هێرشی زەمینی.
کاتێک ترەمپ باسی ئەگەری بەردەوامبوونی ململانێکان بۆ ماوەی “چوار بۆ شەش هەفتە” دەکات، وا لێکدەدرێتەوە کە مەبەستی قۆناغی سەرەتاییە بۆ کەمکردنەوەی توانای ئێران لە بەرپەرچدانەوەی هێرش بۆ گەڕاندنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو یان دەستبەسەرداگرتنی دوورگە ستراتیژییەکان لە کەنداو.
گوتاری هاندەرانەی ترەمپ ڕێگە بە سوپای ئەمریکا دەدات خۆی بەهێزتر بکات؛ هێزێکی (مارینز) کە پێکهاتووە لە 22 هەزار سەرباز گەیشتوونەتە ناوچەکە، هەزاران سەربازی فیرقەی 82ی ئاسمانی و سەدان هێزی تایبەتی بەڕێوەن. شیکەرەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بڵاوەپێکردنە دەرفەت دەدات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی کەناراوەکان بۆ پاککردنەوەی ناوچەکانی نزیک گەرووی هورمز لە هەڕەشە دەریاییەکان.
بۆچی هەینیی مەزن؟
بەپێی خەمڵاندنی تایمز، باشترین کات بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنانە کاتێکە کە بازاڕە داراییەکان دادەخرێن، بەتایبەت لە پشوویەکی درێژی کۆتایی هەفتەدا وەک “هەینیی مەزن”، کە تێیدا وۆڵ ستریت و بۆرسە ئەوروپییەکان داخراون.
ئەم کاتە ئەگەری دەسپێکردنی هێرشی زەمینی لە جەژنی هەستانەوە زیاد دەکات، سەرەڕای هۆشدارییەکەی ئەم دواییەی پاپا فرانسیس کە گوتی: “خودا وەڵامی نزای ئەوانە ناداتەوە کە جەنگ هەڵدەگیرسێنن”.
بێکا واسەر، شیکەرەوەی ئابووری لە بلۆمبێرگ کە لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2025 شیکاری بۆ “یارییەکانی جەنگ” لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کردووە، دەڵێت: “پرۆسەی بڵاوەپێکردنی هێزەکان ڕاستەقینەن و لە جێبەجێکردندان، هەر کە دەستی پێکرد، بابەتەکە بە شێوەیەکی سەیر دەبێتە حەتمی، ئەوەش بەپێی ئەوەی ترەمپ لە ڕابردوودا مامەڵەی کردووە”.
ئەو دەڵێت ترەمپ حەز دەکات بژاردەکانی بۆ درێژترین ماوە بە کراوەیی بهێڵێتەوە، هەڕەشەکان بەکاردەهێنێت بۆ فشارخستنە سەر تاران تا بگەنە ڕێککەوتن، لە هەمان کاتیشدا ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی هێزی زەمینی. “ئەم شێوازەمان لە ناوچەی کارایبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بینیوە.. کاتێک هێزەکان دەگەن، تەنانەت ئەگەر ترەمپ لە کۆتا ساتیشدا پاشەکشە بکات، هەر ڕێکارێک دەگیرێتە بەر”.
وەک ڕۆژنامەی “تایمز” ئاماژەی پێداوە، وا دەردەکەوێت ترەمپ، وەک هەوڵەکانی پێشووی بۆ گومان خستنە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، متمانەی بە توانای خۆی هەبێت بۆ یاری کردن بە بارودۆخەکە، بەڵام ئەم ستراتیژییە مەترسی گەورەی بۆ سەقامگیری جیهانی تێدایە و ڕەنگە ببێتە هۆی پەرەسەندنێک کە کۆنتڕۆڵ نەکرێت.





