نیسانی ڕەش؛ جیهان مانگێکی قورس و مەترسیدار بەڕێدەکات

 

ئەگەر ئەم مانگەش جەنگی ئێران کۆتایی پێنەیەت، جیهان دەچێتە قۆناغێکی گەورە لە شۆکی ئابووریی و وزە، ئەوەش بەگوتەی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە.

فاتیح بیرۆڵ، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، ڕایگەیاند، قەیرانی وزەی پەیوەست بە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خراپترین قەیرانە کە تا ئێستا جیهان بەخۆیەوە بینیبێت، گوتیشی کە لە کۆتاییدا ئەم دۆخە دەبێتە هۆی خێراکردنی پەرەپێدانی وزە نوێبووەوەکان و وزەی ئەتۆمی.

ئێران بە کردەیی گەرووی هورمزی داخستووە، کە دەمارێکی گرنگە بۆ دابینکردنی نەوت و گازی سروشتی لە ئاستی جیهاندا، ئەمەش لەو کاتەوەی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەری لە 28ی شوباتدا دەستیپێکردووە. بێرۆڵ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “لو فیگارۆ”ی فەرەنسی گوتی: “جیهان هەرگیز شایەتی پەککەوتنی دابینکردنی وزە بەم قەبارەیە نەبووە.”

ڕوونیشیکردەوە کە “قەیرانی ئێستا مەترسیدارترە لە قەیرانەکانی ساڵانی 1973، 1979″، ئاماژەی بەوەش کرد کە “ئەم جەنگە ڕێگری لە یەکێک لە دەمارە سەرەکییەکانی ئابووری جیهان دەکات؛ نەک تەنها نەوت و گاز، بەڵکو پەینە کیمیاییەکان، پێکهاتە پترۆکیمیاییەکان، هیلیۆم و زۆر شتی دیکەش.”

هۆشداریشی دا کە جیهان لە لێواری “نیسانێکی ڕەش”دایە و گوتی: “مانگی ئازار زۆر سەخت بوو، بەڵام نیسان زۆر خراپتر دەبێت.” هەروەها گوتیشی: “ئەگەر گەرووی هورمز بەدرێژایی مانگی نیسان بە داخراوی بمێنێتەوە، ئەوا دوو ئەوەندەی ئەو بڕە نەوتە خاو و بەرهەمە پاڵێوراوانە لەدەست دەدەین کە لە مانگی ئازاردا لەدەستمان دان.”

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد کە “75 ژێرخانی وزە هێرشیان کراوەتە سەر و زیانیان پێ گەیشتووە، کە زیاتر لە سێیەکیان بە شێوەیەکی زۆر گەورە زیانیان بەرکەوتووە”، باسی لەوەشکرد کە نۆژەنکردنەوەیان “کاتێکی زۆری دەوێت.”

بێرۆڵ پێی وابوو کە “هۆکاری هەن بۆ گەشبینی و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە”، چونکە بە وتەی ئەو، لە ساڵانی داهاتوودا “پێکهاتەی سیستەمی وزەی جیهانی دەگۆڕێت.”

گوتیشی: “ئەمە ساڵانێکی دەوێت و نابێتە چارەسەر بۆ قەیرانی ئێستا، بەڵام جوگرافیای سیاسیی وزە گۆڕانکارییەکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت”، پێشی وابوو کە “هەندێک تەکنەلۆژیا زۆر خێراتر لەوانی پێشتر دروستکران، ئەمجارە بەدەستدێن”.

هەروەها گوتی: “ئەمە حاڵەتی سەرچاوەکانی وزە نوێبووەوەکانە، وەک وزەی خۆر و وزەی با کە دەکرێت بە خێراییەکی زۆر جێگیر بکرێن. لە ماوەی چەند مانگێکی کەمدا پەنابردنێکی خێرا بۆ سەرچاوە نوێبووەوەکانی وزە دروست دەبێت.”

بەپێی وتەی بێرۆڵ، پێشبینی دەکرێت “قەیرانەکە بزوێنەرێک بێت بۆ وزەی ئەتۆمی، لەوانەش کورە ئەتۆمییە بچووکەکان”، لە کاتێکدا دەوڵەتان دەتوانن پشت بە توانایەکی زیاتر ببەستن لە ڕێگەی درێژکردنەوەی تەمەنی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێستایان”. هەروەها بڕوای خۆی دەربڕی کە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان گەشەسەندنی گەورە بەخۆیانەوە دەبینن.

 

Back to top button