ئێران دەست بۆ بژاردەی “خۆکوژیی” و بەکارهێنانی “بۆمبی پیس” دەبات؟

 

شارەزایان پێشبینیدەکەن، کە مەترسیدارترین و نیگەرانکەرترین بژاردە لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ ئێران و دەستپێکردنی جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی ترەمپ، بریتییە لە ئەگەری پەنابردنی ڕژێمی ئێران بۆ بژاردەی خۆکوژی، کە لە سەرووی هەموویانەوە بژاردەی ئەتۆمییە.

پەنابردنی ڕژێمی ئێران بۆ ئەم ئەگەرە لە ئێستادا تا ڕادەیەک کەمە، بەڵام بە تەواوی دوور نییە ئەگەر ڕژێمەکە هەست بکات مانەوەی کەوتووەتە مەترسییەوە.

هەڕەشەکانی ئەمریکا دەریدەخەن کە ئەو گورزانەی چاوەڕوان دەکرێن لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، ئەمریکا لە تارانی بوەشێنێت، تەنها بە ئامانجگرتنێکی سەربازیی نابن، بەڵکو دەبنە لێدانی ڕاستەوخۆ بۆ ژێرخانی مەدەنیی ئێران، کە ڕەنگە ببێتە هۆی وێرانبوونی نیمچە تەواوەتی ئابووریی ئێران و وڵاتەکە لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ ژیان نە شیاو بکات.

ئابووریی ئێران بەهۆی سزاکان و بەردەوامیی جەنگەوە بەدەست پاشەکشەیەکی توندەوە دەناڵێنێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەیەکی کارەساتبار لە نرخەکانی خۆراک و سووتەمەنی و داڕمانی بەهای دراوی نیشتمانی. ئەمەش بەو مانایەیە کە وێرانکردنی ژێرخانەکانی ئێران، بەشدار دەبێت لە دروستکردنی قەیرانێکی توند لە دابینکردنی ئاو، کارەبا و پێداویستییە بنەڕەتییەکان، ئەوەش ڕەنگە ببێتە هۆی پشێوی و نائارامی کۆمەڵایەتی فراوان لە ناوخۆی وڵاتدا.

لە سایەی دۆخێکی وەهادا، وێرانکردنی ژێرخانە ئابووری و لۆجستییەکان (پردەکان، وێستگەکانی کارەبا، بەندەرەکان) دەبێتە ئامرازێکی فشاری سەرەکی و گەورە لەسەر ڕژێمی ئێران، بەڵام ئەم فشارە مەترسییەکی دووسەرەیە؛ یان دەبێتە هۆی داڕمانێکی گشتگیر کە بۆشاییەکی ئەمنی دروست دەکات، یان ڕژێمەکە بەرەو بژاردە خۆکوژییەکان پاڵ پێوە دەنێت.

شەریف قازی، شیکەرەوەی سیاسی، ڕایگەیاند کە وەڵامی چاوەڕوانکراوی ئێران پێدەچێت خێرا و فرەڕەهەند بێت، لەوانەش داخستنی تەواوەتی گەرووی هورمز و زیادکردنی هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر ئامانجە ئیسرائیلی و ئەمریکییەکان.

قازی پێی وایە وێرانکردنی دامەزراوەکانی وزە، کارەبا و پردەکان، ڕژێمی ئێران دەخاتە بەردەم بژاردەیەکی ڕاستەقینەی بوون (مان یان نەمان)، لەو حاڵەتەدا ڕەنگە ئەتۆم لە ئامرازێکی ڕێگرییەوە بگۆڕێت بۆ بژاردەی بێئومێدانە.

ڕوونیشیکردەوە کە جبەخانە ژێرزەوییەکانی ئێران هێشتا کاران و پیادەکردنی فشاری ئابووریی گشتگیری زیاتر لەسەر ئێران ڕەنگە هاوکێشەکە بە بنەڕەتی بگۆڕێت، وابکات ئەتۆم بکاتە دوا بژاردە کاتێک ڕژێمەکە هەموو کارتە تەقلیدییەکانی لەدەست دەدات.

ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕەنگە ڕژێمی ئێران تا ئێستا لە خۆڕاگرتندا سەرکەوتوو بووبێت، بەڵام وێرانکردنی ئابوورییەکەی، ڕەنگە توندڕەوەکان بەرەو ئەوە پاڵ پێوەبنێت کە چەکی ئەتۆمی وەک تاقە “رێگەی کۆتایی” بەردەستیان ببینن.

نوورەدین حەموودە، شیکەرەوەی سیاسی جەخت دەکاتەوە لەوەی، ڕژێمی ئێران تا ئێستا پشت بە وەڵامی تەقلیدی و بریکارەکانی دەبەستێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، بەڵام ئەگەر لێدانەکان بگۆڕێن بۆ “جەنگی مان یان نەمان”، ئەوا بژاردەی ئەتۆمی بە بەهێزی دێتە ئاراوە.

حەموودە گوتی، ڕژێمی ئێران لێدانە ئەمریکی-ئیسرائیلییەکان بۆ سەر کارەبا و وزە وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بەردەوامیی خۆی دەبینێت؛ ئەوەش تاران پاڵ پێوەدەنێت بۆ خێراکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا، ڕەنگە توندڕەوەکانی ناو ڕژێم پەنا بۆ بژاردەی بۆمبی پیس یان هەڕەشەی ئەتۆمی تاکتیکی ببەن ئەگەر هەست بە داڕمانی تەواوەتی بکەن.

ڕوونیشیکردەوە کە وێرانکردنی دامەزراوەکانی وزە و پردەکان لە ئێران تەنها پەرەپێدانێکی سەربازیی ئاسایی نابێت، بەڵکو ڕەنگە خاڵی وەرچەرخان بێت بەرەو پشێوییەکی فراوان، لەگەڵ مەترسییە ئابوورییە جیهانییەکان و هەڕەشە ئەمنییەکاندا.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دیاری کردووە، کاتژمێرەکانی داهاتوو ئەوە یەکلا دەکەنەوە کە ئایا دیپلۆماسیەت لە کۆتا ساتدا هێشتا دەرفەتی سەرکەوتنە، یان ناوچەکە لەبەردەم پەرەپێدانێکی گرژیدایە کە هەموو پێشبینییەکان تێدەپەڕێنێت.

Back to top button