دوا پەیامی ئەمریکا بۆ عێراق: یان لەگەڵماندایت یان لەدژمانی

 

وردە وردە تووندیی گوتاری ئەمریکا بەرامبەر بە بەغدا ڕووی لە هەڵکشان کردووە، ئەمەش دوای زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی کە دامەزراوە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لە ناوخۆی عێراقدا کردە ئامانج؛ ئەو کارە وای لە واشنتۆن کرد باڵیۆزی عێراق لە وڵاتەکەی بانگهێشت بکات، وەک ئاماژەیەک بۆ چوونە ناو قۆناغێکی نوێ لە فشاری سیاسی لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات.

ئەمریکا بە تووندی ناڕازییە بەرامبەر بەو هێرشانەی کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک دەکرێنە سەر بەرژەوەندییەکانی لە عێراق، هەروەها واشنتۆن زیاتر تووڕەیە لە میلیشیا شیعەکان کە بەوەوە نەوەستاون ئەمریکییەکان بە ئامانج بگرن، بەڵکو لەم کاتی ئاگربەستەدا لەگەڵ ئێران، هێرش دەکەنەسەر وڵاتانی کەنداو.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە، نزار خەیروڵڵا، باڵیۆزی عێراقی لە واشنتۆن بانگهێشت کرد، کریستۆفەر لانداو، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە، ئیدانەکردنی توندی وڵاتەکەی بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا گەیاندە باڵیۆزەکەی عێراق لە واشنتۆن.

بەپێی بەیاننامەکە، لانداو جەختی کردووەتەوە لەوەی ئەمریکا چاوپۆشی لە بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ناکات، هەروەها داوای لە حکومەتی عێراقیش کردووە ڕێکاری “خێرا و یەکلاکەرەوە” بگرێتە بەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان، هۆشداریشی داوە کە بەردەوامیی ئەم هێرشانە،کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن دەبێت.

وەبەرهێنانی ئەمریکی

مونقیز داگر، سەرۆکی ناوەندی گالۆپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند: “ئەمریکا ئەمڕۆ وەک وەبەرهێنانێکی ستراتیژیی سەیری عێراق دەکات، کە ناتوانرێت دەستبەرداری بێت، نەک تەنها لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵکو بەهۆی ئەو تێچووە مرۆیی و سیاسییەی کە لە ساڵی 2003وە لە ئەستۆی گرتووە”.

داگر گوتیشی، “ئیدارەی ئێستای ئەمریکا پەنا بۆ دوو بژاردەی یەکلاکەرەوە و تووند دەبات لەسەر بنەمای (یان لەگەڵمانی یان دژمانی)، ئەمەش لەبەر نەبوونی ناوچەی خۆڵەمێشی، بەتایبەت لەگەڵ هەڵکشانی کێبڕکێ لەگەڵ چین لە دۆسیەی وزەدا کە وەک ململانێیەکی گەورە تەماشا دەکرێت”.

ئاماژەی بەوەش کردووە کە “واشنتۆن هەوڵ دەدات عێراق لە بەرەی ئێران دەربهێنێت، وەک بەشێک لە ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ گۆشەگیرکردنی تاران و کەمکردنەوەی هەژموونە هەرێمییەکەی، بۆیە واشنتۆن ئەگەر لە ڕێگەی سیاسییەوە ئامانجەکانی نەپێکێت، ڕەنگە پەنا بۆ ئامرازی نادیپلۆماسی ببات”.

واشنتۆن چیتر وەک دۆسیەیەکی ئەمنیی جیاکراوە سەیری میلیشیا شیعەکان ناکات، بەڵکو وەک بەشێک لە پێکهاتەیەکی سیاسی فراوانتر دەیانبینێت کە بەشداربوون لە چەسپاندنی هەژموونی ئێران لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا.

گۆڕانی گوتاری ئەمریکا

خوێندنەوە سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گوتاری ئەمریکا بەرەو ئەوە دەچێت هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان بە بەرپرسیار بزانێت لە بەردەوامیی هێرشەکان بۆسەر هێزەکانی، ئەمەش گۆڕانکارییەکی بەرچاوە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کە واشنتۆن جیاکاریی دەکرد لە نێوان سیستەمی سیاسی و گروپە چەکدارەکاندا، یان وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی مامەڵەی لەگەڵ گروپەکان دەکرد کە دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێن بەبێ دەستکاریکردنی هاوکێشە سیاسییەکە.

هەروەها ئەم گۆڕانکارییە دوای چەندین ساڵ دێت لە پشتگیریکردنی ئەمریکا لە سیستەمی سیاسیی عێراق، چ لە ڕێگەی بەشداریکردن لە بنیاتنانەوەی دوای 2003، یان لە ڕێگەی پاراستنی دوای پاشەکشەی سەربازی لە 2011، سەرەڕای گەشەکردنی هەژموونی ئێران لە ناوخۆی عێراق دا؛ ئەمەش بەپێی خەمڵاندنی پسپۆڕان، بووە هۆی چەسپاندنی ژینگەیەک کە ڕێگەی دا بە فراوانبوونی میلیشیاکان و بەهێزبوونی ڕۆڵیان.

لە بەرامبەردا، شارەزایان پێیان وایە هەڵکشانی فشارەکانی ئێستای ئەمریکا ڕەنگە سەرەتایەک بێت بۆ قۆناغێکی ئاڵۆزتر، کە تێیدا ئامرازە سیاسییەکان لەگەڵ بژاردە ئەمنییەکاندا بەکاربهێنرێن، بەتایبەت لە سایەی شکستی ڕێکارە حکومییەکان لە سنووردارکردنی هێرشەکان بە شێوەیەکی کاریگەر.

کەمال تائی، پسپۆڕی ستراتیژیی دەڵێت: “گوتاری ئەم دواییەی ئەمریکا ئاماژەیە بۆ ئەوەی واشنتۆن گەیشتووەتە قۆناغێکی تر لە بێئومێدی بەرامبەر بە ئەدای هێزە سیاسییەکانی عێراق، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە دۆسیەی گروپە چەکدارەکانەوە هەیە”.

تائی گوتیشی: “ئەگەر هێرشەکان بەبێ بەرپەرچدانەوەیەکی ڕاستەقینە بەردەوام بن، ڕەنگە ئەمریکا بەرەو دەستوەردانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بچێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە، بەتایبەت کە پەیامەکانی ئێستا ئاماژەن بۆ نەمان و تەواوبوونی ئارامییەکەی بەرامبەر بە بەڵێنەکانی پێشوو بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.”

دۆخی داهاتووی عێراق ڕەنگە چەندین شێوە وەربگرێت، لەوانە چڕکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر پێگەی گروپەکان، یان سەپاندنی فشاری سیاسی و ئابووری بەسەر لایەنەکانی ناو دەسەڵات، تا دەگاتە دووبارە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەندێک هێزی سیاسی، لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ دروستکردنی هاوسەنگییەکی نوێ لە ناو گۆڕەپانی عێراقدا.

لە بەرامبەردا، حکومەتی عێراق دەڵێت کە بەکارهێنانی خاکەکەی وەک گۆڕەپانی ململانێ ڕەتدەکاتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی ڕاستەقینە دەبێتەوە لە سەپاندنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر هەموو لایەنە چەکدارەکاندا، ئەمەش بەهۆی تێکەڵبوونی بەرژەوەندییە سیاسی و ئەمنییەکان لەگەڵ یەکدا.

Back to top button