
لە واشنتۆن، دەنگۆیەکی بەهێز بۆ کۆبوونەوەی ئێران و ئەمریکا لە کاتژمێرەکانی داهاتوو لە پاکستان هەیە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا بەر لەو کۆبوونەوەیە، دوو بژاردەی قورسی بۆ ئێران ئامادەکردووە.
کۆشکی سپی هێشتا پابەندە بە بژاردەی نەدرکاندنی زانیاری زۆر دەربارەی دەستپێکردنەوەی ئەگەریی دانوستانەکان، بەتایبەت کە ئەو شێوازەی خولی پێشوو کۆتایی پێ هات بۆ هیچ کام لە لایەنەکان دڵخۆشکەر نەبوو، ئەمەش بەپێی وتەی بەرپرسانی ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ.
دانوستانکارە ئەمریکییەکان بە سەرۆکایەتی جی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، پێیان وایە وەڵامدانەوەی ئێران بۆ داواکارییە سەرەکییەکانی ترەمپ هێشتا دروست نەبووە؛ ئەو داواکارییانەی کە ترەمپ خۆی دەڵێت نایەوێت دەستکەوتی بچوک یان نیمچە تەواوی هەبێت، بەڵکو ئارەزووی سەرەکی ئەو لەوەدایە کە وەڵامدانەوەی ئێران بۆ داواکارییەکانی بە تەواوی بێت و وابکات کۆتایی بەم کێشەیە بهێنێت، بۆیە هەر وەڵامدانەوەیەکی کەموکوڕ لە لایەن ئێرانییەکانەوە جێگەی بایەخی ئەو نییە.
لەلایەکی ترەوە، ئێرانییەکان پێیان وایە شێوازی سەپاندنی مەرجەکانی دانوستان لە لایەنێکەوە و ناچارکردنی دانوستانکاری ئێرانی بۆ قبوڵکردنی وەرەقەی ئەمریکیەکان کە لە 15 خاڵ پێکهاتووە، بابەتێکە لە بنەڕەتدا ناچێتە ناو بواری دانوستانەوە؛ ئەمەش هۆکار بوو کە لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا بووە هۆی کۆتاییهاتنی خولی یەکەمی دانوستاندن، بە بەدەستهێنانی پێشکەوتنێکی ئەژمارکراو لەسەر ئاستی هەندێک وردەکاری تەکنیکی، بەڵام بێ پێشکەوتنی ڕاستەقینە لەسەر ئاستی کێشە گەورە و جەوهەرییەکان.
لایەنی پاکستانیش لای خۆیەوە هیچ کەمتەرخەمییەکی نەکرد، چ لە لۆمەکردنی دانوستانکاری ئەمریکی و شێوازی بەڕێوەبردنی دۆخی دانوستانەکە، هەروەها سوور بوو لەسەر هێشتنەوەی دەرگای دانوستان بەکراوەیی.
مەترسیی گەمارۆی هەمیشەیی
بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەی ترەمپ دەستیان هەڵنەگرتووە لە بەرگریکردن لە بیرۆکەی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئەمە باشترین و گونجاوترین شێوازە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاران لە قۆناغی ئێستادا، بە ئامانجی لاوازکردنی توانا ئابووریی و جەنگییەکەی تاران، هاوکات فشارخستنە سەری تا ئەو کاتەی ڕێڕەوێکی دانوستان قبووڵ دەکات کە ئامانجەکانی ئەمریکا بەدیدەهێنێت.
بەڵام لە ناوخۆی ئەمریکا، وێنەیەکی جیاواز هەیە لە ڕوانگەی ئیدارەی ترەمپەوە؛ هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا کۆنترۆڵی تەواوی گەرووەکەیان لەدەستدایە، سەربازەکانیان کە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا کاردەکەن بۆ جێبەجێکردنی پلانە نوێیەکە، لە مەترسییەکانی ئێران دوورن، بەو پێیەی هێزە ئەمریکییەکان سەرکەوتوو بوون لە لاوازکردنی هێزی سەربازی دەریایی ئێران لەگەرووەکە و لاوازکردنی بۆ کەمتر لە 90%.
ئەم هۆکارە وا دەکات هێزە ئەمریکییەکانی ناو گەرووەکە ئەرکێک جێبەجێ بکەن کە باڵادەستی تەواوی ئەمریکا بەسەر ئەو دەروازە نێودەوڵەتییەدا دەستەبەر بکات، بۆ سەرۆک ترەمپیش ئارەزووی نیشاندانی باڵادەستی دەریایی تەواوی بەسەر ئێراندا بەدیبهێنێت وەک چۆن لە باڵادەستیی لە ئاسمانی ئێراندا هەیە، هەروەها نیشاندانی ڕژێمی ئێران بە شێوەیەک کە کۆنترۆڵی تەواوی لەدەستداوە لە بەڕێوەبردنی ئاسایشی دەریایی خۆی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا.
لە بەرامبەردا، ئیدارەی ئەمریکا باش دەزانێت کە سەرکەوتنی ئەم پرۆسەی گەمارۆدانە، بەپێی ئەو پلانەی کە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا دایانڕشتووە، وادەکات ئێران ڕۆژانە بڕی 400 ملیۆن دۆلار لەدەست بدات، ئەمەش زیانێکی بەئازارە بۆ ئێرانییەکان لەم کاتە هەستیار و ئاڵۆزەدا.
دیموکراتەکان لە ناو کۆنگرێسدا پێیان وایە کە پلانی گەمارۆدان و کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە گۆڕانکاری زۆر لە ناو هاوکێشەکانی ڕژێمی ئێراندا دروست دەکات.
بڕیارەکەی پێشووی ترامب کە ڕێگەی بە ئێرانییەکان دەدا نەوتەکەیان هاوشێوەی نەوتی ڕووسیا لە بازاڕە جیهانییەکاندا بفرۆشن، وایکردووە کە ئێستا کەشتییە ئێرانییەکان لە دەرەوەی گەرووەکە بجوڵێن؛ کەواتە ئەو داهاتە نەوتییەی کە لە هەفتەکانی یەکەمی جەنگدا ڕێگەی پێدرابوو بفرۆشرێت بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا بەهۆی قەیرانی گەرووەکە دروست ببوو، ڕێگەی بە ڕژێمی ئێران داوە زیاتر لە 14 ملیار دۆلار داهاتی نەوت لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردووی جەنگدا کۆبکاتەوە.
یاسادانەرە دیموکراتەکان دەڵێن بەراوردکردنی داهاتەکانی ئێران لە بازرگانی نەوتی بێ سزا لە کاتی جەنگدا، زۆر زیاترە لەو زیانانەی کە لە ئەنجامی پرۆسەی گەمارۆی دەریاییەکەوە بەر ئەو وڵاتە دەکەوێت.
دیموکراتەکان لەم بارەیەوە پرسیار دەکەن کە ئەو بڵاوبوونەوە فراوانەی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە گەرووەکەدا چەندە تێچووی دارایی زەبەلاح بۆ گەنجینەی ئەمریکا دروست دەکات، لەوەش ئاڵۆزتر ئەوەیە کە بازاڕی وزەی جیهانی پێویستی بە ماوەیەکی کاتی دەبێت کە لە شەش مانگی داهاتوو تێدەپەڕێت تا هاوسەنگی خۆی بەدەست بهێنێتەوە لە ئەگەری ئاساییبوونەوەی جوڵەی بازرگانی لە گەرووەکەدا، ئەمەش بەو مانایەیە کە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا ناچار دەبن لە درێژەی ئەم ماوەیەدا لە ئاوەکانی گەرووەکەدا بمێننەوە، ئەمەش پرسێکە کە نە بەشێک بووە لە پلانەکە و نە بەشێک بووە لە ئامانجەکانی ئەم جەنگە.





