
بەبێ ئەوەی یەك فیشەک بتەقێنێت، یاخود هێزی سەربازیی ڕەوانەی ناوچەکە بکات، چین بووەتە گەورەترین براوەی جەنگی ئێران و ئەمریکا.
ماڵپەڕی “ئەکسیۆس” بڵاویکردەوە کە شی جین بینگ، سەرۆکی چین، بە شێوازەکەی خۆی لە بە ئارامی و لە ڕێگەی قۆستنەوەی سەرقاڵبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە جەنگ و دابەشبوونی ناوخۆیی ئەو وڵاتەوە، جەنگی ئەمریکا و ئێرانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێناوە.
بەگوێرەی ئەو ماڵپەڕە ئەمریکییە، ئەم ململانێیە ڕێگەی بە چین داوە کە هەژموونی دیپلۆماسی و هێزی خۆی لە بواری وزەی پاک و زانیارییە هەواڵگرییەکانی دەربارەی سوپای ئەمریکا بەهێزتر بکات؛ ئەمانە هەمووی بێ ئەوەی یەک فیشەک بتەقێنێت یان یەک دۆلار خەرج بکات ڕوویداوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە کاریگەرییە سەربازییەکان جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە، چونکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا نزیکەی %80ی کۆگای مووشەکەکانی جۆری “JASSM-ER”ی بەکارهێناوە، لەگەڵ بەکاربردنێکی زۆری مووشەکەکانی “تۆماهۆک” و سیستەمەکانی “پاتریۆت” و “چاد” و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.
پەکین وانەیەکی بێبەرامبەری لە شێوازەکانی جەنگی مۆدێرنی ئەمریکا وەرگرتووە، لەوانە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە دەستنیشانکردنی ئامانجەکان، بەڕێوەبردنی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان، چۆنیەتی پەکخستنی سیستەمە بەرگرییە گرانبەهاکان لە ڕێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە هەرزانەکانەوە؛ ئەمەش ئەمەش وەك ئامادەکارییەک بۆ سیناریۆی چاوەڕوانکراوی پێکدادانی چین لەگەڵ تایوان.
لە دۆسیەی وزەدا، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە چین وەک یەکێک لە گەورەترین سوودمەندەکان لە ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز هاتە دەرەوە، چونکە بەکارهێنانی نەوت و گاز وەک کارتێکی فشاری سەربازی، وڵاتانی هاوردەکار ناچار دەکات بەرەو وزەی نوێبووەوە هەنگاو بنێن، کە چین باڵادەستی خۆی لەم بوارەدا بەڕێژەی زیاتر لە %70 لەسەر ئاستی جیهان سەلماندووە.
جەنگەکە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە بوو بۆ ستراتیژیی وزەی چین، ئەو وڵاتە خاوەنی خۆبژێوییە تا ئاستی 85%، لە کاتێکدا بەشداریی وزەی نوێبووەوە و ئەتۆمی لە 20%ی تێکڕای بەکاربردن تێپەڕیوە، لەگەڵ پڕبوونی یەدەگی نەوتە ستراتیژییەکەی.
“ئەکسیۆس” دەڵێت وێنە دیپلۆماسییەکە لە بەرژەوەندی چین بووە، چونکە پەکین وەک نێوەندگیرێکی هێمن دەرکەوت لەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تۆنی قسەکانی دژی ئێران توندتر کردبوو، لە کاتێکدا زۆرێک لە پایتەختەکان سەرقاڵی پێداچوونەوە بە هاوپەیمانێتییەکانیان دا بوون.
هاوپەیمانەکانی واشنتن تێبینی کشانەوەی سیستەمە بەرگرییەکانیان لە ئاسیاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە؛ ئەمەش پرسیاری لەبارەی متمانەی بەڵێنە ئەمنییەکانی ئەمریکا دروست کردووە.
سەبارەت بە کانزا دەگمەنەکان، ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردووەتەوە کە چین کۆنترۆڵی نزیکەی 70%ی دەرهێنان و 90%ی پرۆسەکانی جیاکردنەوە و پیشەسازییەکەی دەکات، لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستێکی فراوان خاوەنی توانای پێویست نییە، ئەمەش پشتبەستنی ئەمریکا بە چین زیاد دەکات، بەتایبەت کە ئەم کانزایانە لە سیستەمی ئاڕاستەکردنی چەکە زیرەکەکاندا بەکاردەهێنرێن.
دەستکەوتەکانی چین بێ سنوور نین، چونکە بەردەوامیی ئاڵۆزییەکانی وزە ڕەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر داخوازی جیهان و لە ئەنجامدا لەسەر هەناردەکردنی چین هەبێت؛ پەکین لە کۆتاییدا سەقامگیری جیۆپۆلیتیکی و ئابووری پێ باشترە، سەرەڕای سوودوەرگرتنی لە دۆخی ئێستا.
ڕاپۆرتەکە بەوە کۆتایی هاتووە کە ئەو وڵاتەی ڕەنگە گەورەترین دەستکەوتی لەم جەنگەدا بەدەستهێنابێت، ئەو وڵاتەیە کە تەنانەت یەک فیشەکیشی نەتەقاندووە.





