
ڕێگری کردنی دەوڵەتی ئیمارات لە هەناردەکردنی نیو تۆن زێڕ بۆ عێراق، سەرەڕای تەواوکردنی هەموو ڕێکارە دارایی و گومرگییەکانی پەیوەست بە بارەکەوە، ناڕەزایەتی گەورەی لە عێراق دروستکردووە.
لە سەرەتای جەنگی ئێران و ئەمریکا، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئیمارات لە ماوەی مانگەکانی شوبات و ئاداردا وەستان، ئەمەش بووە هۆی دواکەوتنی گەیشتنی بارە زێڕەکان لە ئیماراتەوە، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، بازرگانان هەوڵیاندا بارێکی زێڕ لە ڕێگەی یەکەم فڕۆکەی بەرەو عێراق (فلای ئیمارات) بار بکەن، بەڵام هەندێک لە گەشتەکان هەڵوەشێنرانەوە، دواتر بازرگانەکان هەوڵیاندا بارەکە لە ڕێگەی گەشتێکی ناڕاستەوخۆوە بۆ ئوردن بنێرن.
باری یەکەم گەیشتە عێراق، بەڵام ئیمارات ڕێگریکرد لە هەناردەکردنی باری دووەم، سەرەڕای ئەوەی هەموو پسوڵەکان تەواو بوون و سەرجەم ڕەسمە گومرگییەکانیش درابوون.
شارەزایان دەڵێن، ئەم مەلەفە ئەوەندەی سیاسییە، هێندە بازرگانی نییە، چونکە هیچ کێشەیەکی بازرگانی لەسەر زێڕەکە نییە، بەڵام ئیمارات ڕەتی کردووەتەوە کاڵاکە بۆ عێراق هەناردە بکات و کاغەزی کێشەکانی داوەتە بازرگانەکان لەگەڵ بەڵێنامەی گەڕاندنەوەی بارەکە بۆیان.
ئەم ڕێگرییە بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی جیۆپۆلیتیکی ئاڵۆز، کە کاریگەری کردووەتە سەر نرخە جیهانییەکانی زێڕ، جگە لە زیادبوونی خواست لەلایەن بانکە گەورەکانەوە، وەک بانکە چینییەکان، بۆ کڕینی زێڕ بە بڕێکی زۆر بە مەبەستی بەهێزکردنی یەدەگەکانیان.
ئەو زێڕەی لە ئیماراتەوە هاوردە دەکرێت، پێشتر بازرگانانی عێراق پارەکەیان بە بازرگانە ئیماراتییەکان داوە، کە بەزۆری یان لە ڕێگەی دۆلارەوە دەبێت یان ئەوەی پێی دەوترێت (زێڕی شکاو) لە بەرامبەر زێڕی نوێی نەخشێندراوی ئیماراتی.
ڕێگریکردنی ئیمارات لە دەرچوونی بارەکە، کاریگەری دەکاتە سەر بازرگانی عێراقی، کە پێشتر و پێش دەرچوونی بارەکە پارەکەی بە پێشوەختە داوە، لێرەدا بازرگانی ئیماراتی پەیوەندی نییە چونکە پارەی زێڕەکەی وەرگرتووە و زێڕەکە لە وەرشەکەی دەرچووە.
شایەنی باسە حکومەتی عێراق لە 6ی نیسانی ئەم مانگەدا، بڕیاریدا دەروازەی سنووری “تەربێل” لەگەڵ ئوردن وەک ڕێڕەوێکی فەرمی بۆ هاتنی زێڕی هاوردە بۆ عێراق پەسەند بکات، تا ئەو کاتەی قەدەغەی گەشتی ئاسمانی کە بەهۆی شەڕی ناوچەکەوە دروست بووە، لادەبرێت.
هاوکات لە بەیاننامەیەکی ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووریی کە فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە سەرۆکایەتی دەکرد، تێیدا ئەنجومەنەکە جەختی لە پێویستی یەکخستنی هەوڵەکان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییە ئەمنیی و ئابوورییەکان لە ژێر ئەو بارودۆخە نائاساییەی ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت.
جێی ئاماژەیە، بانکی ناوەندیی عێراق لە دوایین داتاکانیدا ئاشکرای کردووە کە یەدەگی زێڕی عێراق لە سەرەتای ساڵی 2026دا زیاتر لە 160 تۆنی تێپەڕاندووە، ئەمەش گرنگی زێڕ وەک ئامرازێکی وەبەرهێنان بۆ بەهێزکردنی یەدەگی دراوی بیانی وڵات دەردەخات.
لە هەمان چوارچێوەدا، نوێترین داتاکانی بانکی جیهانی دەربارەی یەدەگی زێڕ لە جیهان بۆ مانگی ئازاری 2026 نیشانی دەدەن کە عێراق لە پلەی سێیەمی وڵاتانی عەرەبیدایە کە یەدەگەکەی گەیشتووەتە 174.6 تۆن، کە 24.6٪ی کۆی یەدەگی دراوی بیانی وڵات پێکدەهێنێت.
سعودیە لە پلەی یەکەمی ناوچەکەدا هات بە یەدەگی 323.1 تۆن، لە دوای ئەویش لوبنان بە 286 تۆن هات.
عێراق لە ساڵی 2025 دا بڕی نوێی بۆ یەدەگی زێڕەکەی زیاد کردبوو، بەو پێیەی یەک تۆنی لە مانگی ئازار، 1.6تۆن لە حوزەیران، 3.1 تۆن لە تەمموز، 2.5 تۆن لە ئاب، و 3.8 تۆنی لە تشرینی یەکەمدا کڕیبوو.
بەگوێرەی ئەنجومەنی جیهانیی زێڕ، کە بنکەکەی لە شانشینی یەکگرتووە، ئاڕاستەکانی بازاڕی جیهانیی زێڕ فاکتەرێکی گرنگن لە دیاریکردنی نرخ و یەدەگی وڵاتان، لە کاتێکدا زۆرێک لە وڵاتان بەردەوامن لە بەهێزکردنی کۆگاکانی زێڕیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییە ئابوورییە جیهانییەکاندا.





