
قۆناغی هۆشداریدان بە حکومەتی عێراق بۆ تێوەنەگلانی میلیشیا شیعەکان لە جەنگی ئێران و ململانێکانی ناوچەکە کۆتاییهات و ئەمریکا چووە قۆناغی سزادانی عێراقەوە، لەو قۆناغەشدا دەستی بەسەر داهاتی نەوتی فرۆشراودا گرت.
ڕۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ-ی ئەمریکی راپۆرتێکی لەبارەی ڕێکارەکانی ئەمریکا بەرامبەر عێراق بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت: بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەم دواییانەدا ڕێگرییان کردووە لە ڕادەستکردنی نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار، کە داهاتی فرۆشی نەوتی عێراقە و لە هەژمارەکانی یەدەگی فیدراڵی لە نیویۆرک بووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە واشنتۆن بەغدادی ئاگادار کردووەتەوە کە پاڵپشتی دارایی هەندێک پڕۆگرامی دژە تیرۆر و مەشق و ڕاهێنانی سەربازیی هەڵدەپەسێرێت، تا ئەو کاتەی هێرشی گروپە چەکدارەکان دەوەستێت و دەسەڵاتدارانی عێراق هەنگاوی کردەیی دەنێن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپانە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەرەتای ئەم مانگەدا باڵیۆزی عێراقی بانگهێشت کرد، دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر دامەزراوەیەکی دیپلۆماسی سەرەکی ئەمریکا لە بەغدا، ئەمەش دوای زنجیرەیەک هێرش هات کە واشنتۆن بەرپرسیارێتییەکەی خستە ئەستۆی “میلیشیا تیرۆریستییەکانی” هاوپەیمانی ئێران.
ئیدارەی ترامپ لە ماوەکانی ڕابردوودا گوشارەکانی بۆ سەر حکومەتی عێراق چڕکردبووەوە بۆ هەڵوەشاندنەوە یان ڕێکخستنەوەی ئەم گرووپانە، بەو پێیەی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە دەیبینین، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی عێراق بە شێوەیەکی کردەیی وەڵامی داواکارییەکانی ئەمریکایان نەدابووەوە و لە کاتی جەنگی سەر تاراندا بەردەوام بوون لە هێرشەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن.
ئەو گوشارانە لە کاتی جەنگەکەدا هاوکات بوون لەگەڵ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی سەر بە گروپەکانی بەرەی مقاوەمە کە بەشێكن لە حەشدی شەعبی، تەنانەت لە هەندێک کاتدا پێگەکانی سوپای عێراقیشیان بۆردوومان دەکرد، وەک وەڵامێک بۆ هێرشە موشەکییەکان کە بنکە سەربازییەکان و بارەگا دیپلۆماسییەکانی ئەمریکایان لە ناوخۆی عێراقدا دەکردە ئامانج.
ئەو گرژییانەی ئەو کاتە ترسی ئەوەی زیاتر کرد کە خاکی عێراق ببێتە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕاستەوخۆ لە نێوان لایەنە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکاندا.
لەسەر ئاستی ناوچەکەش، چەند وڵاتێکی دراوسێ داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن هەڵوێستێکی توندتر بەرامبەر گروپە چەکدارەکان وەربگرێت، هەندێکیان تۆمەتبار دەکەن بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە سنوورەکانی عێراقەوە، کە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە دەکەن. ئەو وڵاتانە پێیان وایە بەردەوامی ئەم دۆخە ناسەقامگیری قووڵتر دەکاتەوە..
کاریگەرییەکانی ئەم گرژییە تەنها لەسەر لایەنە سیاسی و ئەمنییەکان نییە، بەڵکو دەگاتە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانی عێراقیش،. هەروەها ئابووری وڵاتیش بەهۆی پاشەکشەی وەبەرهێنان و پەککەوتنی هەندێک کەرتی زیندوو بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە، زیانی بەرکەوتووە.
لە سایەی ئەم ئاڵنگارییانەدا، لە ناوخۆی عێراقدا داواکارییەکان بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوە دەستوورییەکان زیاد دەکەن، بەو پێیەی ئەوە تەنها ڕێگەیە بۆ دوورکەوتنەوە لە خلیسکان بەرەو ململانێیەکی کراوە. شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە سەرکەوتنی هەر حکومەتێک لە داهاتوو دا بۆ سەپاندنی سەروەریی خۆی، تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ توانای پاراستنی وڵات لە لێکەوتەکانی ئەو ململانێیانەی کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ناکەن.





