
ڕاوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ باش بووە، بەڵام ئەمە بە واتای کۆتاییهاتنی قەیرانی ئاو لەعێراق نایەت.
تورهان موفتی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی وەرزی بارانبارینی ئەم دواییە “زۆر باش” بووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە زۆربەی بەنداوەکانی عێراق و گۆماو و زۆنگاوەکاندا. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم باشتربوونە پێویستیی بەپەلە بۆ دەستپێوەگرتن لە بەکارهێنان و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی ئاو لە وڵاتدا زیاد دەکات.
موفتی بە میدیاکانی گوتووە، لە ئێستادا عێراق شایەتی ئاستێکی باشی ئاوە لە زۆربەی بەنداوەکاندا، جگە لە باشتربوونێکی بەرچاو لە زۆنگاوەکاندا کە دەرەنجامی باران و لافاوەکانی ئەم دواییەیە. ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم واقیعە “بە واتای دەستبەرداربوون لە کەمپەینەکانی هۆشیاریی ئاو یان کەمکردنەوەی گرنگیی بەڕێوەبردنی ژیرانەی سەرچاوەکان نایەت”.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە قەیرانی ئاو لە عێراق پەیوەستە بە دوو هۆکاری سەرەکییەوە: گۆڕانی کەشوهەوا لە لایەک، و خراپ بەکارهێنان و بەفیڕۆدان لە لایەکی دیکەوە. موفتی باسی لەوەش کرد کە “کۆنترۆڵکردنی بەفیڕۆدان و بەکارهێنانی بێسەروبەر دەتوانێت توندیی قەیرانەکە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە، تەنانەت لە ژێر ڕۆشنایی ئاڵنگارییە ناوچەیی و کەشوهەواییەکاندا”.
تورهان موفتی وردەکاریی زیاتری باسکرد و گوتی “بەردەوامبوونی شێوازەکانی ئێستای بەکارهێنان بەبێ هۆشیاریی ئاو، عێراق بۆ هەمیشە بەرەو ڕووی کێشەی ئاو لە داهاتوودا دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر ئاستی کۆگاکردن یان زۆریی بارانبارین هەرچەندێک بێت”. ئاماژەی بەوەش دا کە “ئەم وەرزی بارانبارینە باشتربوونێکی ڕوونی ڕەخساندووە، بەڵام گەرەنتییەکی هەمیشەیی نییە بۆ سەقامگیریی ئاو”.
لە هەمان چوارچێوەدا، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگیی دەستپێکردنی بەرنامەی هۆشیاریی نیشتمانیی بەردەوام کردەوە بۆ چەسپاندنی کولتووری دەستپێوەگرتن لە ئاو، بەتایبەتی لە کەرتە کشتوکاڵییەکاندا کە گەورەترین سەرچاوەی بەفیڕۆدانن.
هاوکاری لەگەڵ تورکیا
سەبارەت بە هاوکاریی ئاو لەگەڵ تورکیا، موفتی ڕوونی کردەوە کە ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە میکانیزمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاوی نێوان بەغدا و ئەنقەرە لەخۆ دەگرێت (کە لە سەرەتای تشرینی دووەمی 2025 واژۆ کراوە)، تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەویش بەهۆی گۆڕانی حکومەتی عێراق بۆ حکومەتی کاربەڕێکەر.
وتیشی: “یاداشتنامەکە چاوەڕوانی خستنەڕوویەتی لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێ بۆ ئەوەی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی دەست پێ بکات”. هیوایشی خواست ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر بێت لە بەهێزکردنی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان و بەرزکردنەوەی کارایی بەکارهێنانیان لە قۆناغی داهاتوودا.
ئاستەنگە ژینگەییەکان
تەنگژەی ئاو لە عێراق ڕوو لە هەڵکشانە و وڵات چووەتە قۆناغی “دەگمەنیی” ئاوەوە، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی کەمبوونەوەی بەرچاوی ئەو ئاوەی لە وڵاتانی دراوسێوە دێت، لەگەڵ پەرەسەندنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و شکستی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاوی پابەندکەر کە مافە مێژووییەکانی وڵات لە هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات بپارێزێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی جیهان کە زۆرترین زیانیان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە پێ گەیشتووە. ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن کە عێراق تا ساڵی 2040 پێویستی بە زیاتر لە 233 ملیار دۆلار دەبێت بۆ باشترکردنی ژێرخانی ئاو و ژینگەکەی، واتە ساڵانە 6%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی، لە کاتێکدا وڵاتەکە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا نزیکەی 30%ـی زەوییە کشتوکاڵییەکانی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لەدەست داوە.
کۆتایی ساڵی 2022، بانکی جیهانی ڕایگەیاندبوو کە عێراق ڕووبەڕووی تەحەدییەکی کەشوهەوایی بەپەلە بووەتەوە و پێویستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی، پەنا بۆ مۆدێلێکی گەشەپێدانی “سەوزتر و ژینگەدۆستتر” ببات، بەتایبەتی لە ڕێگەی هەمەجۆرکردنی ئابوورییەکەی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کاربۆن.





