
یاسا نوێیەکانی پەنابەری لە هۆڵەندا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە. لە کاتێکدا ئەنجومەنی پیرانی هۆڵەندا دوو پڕۆژەیاسای ڕەتکردەوە کە ئامانجیان جێبەجێکردنی “توندترین سیستەمی پەنابەری” بوو، بەڵام ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەیاسای سێیەم دەربڕی کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت: سیستەمێکی دوولایەنە بۆ پاراستنی نێودەوڵەتی، کە دەبێتە هۆی سنووردارکردنی یەکگرتنەوەی خێزانەکان.
ئەم سیستەمە دوولایەنەیەی پەنابەریی چییە؟
میدیای هۆڵەندی بڵاویکردەوە، یاسای دامەزراندنی سیستەمێکی دوولایەنە بۆ داواکارانی پەنابەری لە 21ی نیسان لەلایەن ئەنجومەنی پیرانی هۆڵەنداوە بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرا. ئەمە بەو مانایەیە کە ئێستا لە هۆڵەندا جیاکاری دەکرێت لە نێوان ئەو کەسانەی لەبەر ڕاوەدوونانی تاکەکەسی پەیوەست بە مەیلی سێکسی، ڕەچەڵەک، یان ئایینەکەیان ڕادەکەن (کە ئەمە پێناسە وردەکەی “پەنابەر”ە بەپێی ڕێککەوتننامەی جنێف)، و ئەو کەسانەی کە لە شەڕ یان کارەساتە سروشتییەکان ڕادەکەن.
ئەم سیستەمە دوولایەنەیە هاوشێوەی ئەو سیستەمەیە کە لە فەڕەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا جێبەجێ دەکرێت؛ کە تێیدا پۆلێنی یەکەم پلەی “پەنابەر”یان پێدەدرێت، لە کاتێکدا پۆلێنی دووەم “پاراستنی لاوەکی”یان پێدەدرێت. ئەم دوو سیستەمە هەمان ماوەی نشینگەی کاتیی یان هەمان ماف نادەن. لە هۆڵەندا، داواکارانی نوێی پەنابەریی یان دەخرێنە ناو پۆلێنی (A) (ڕاوەدوونانی تاکەکەسی) یان پۆلێنی (B) (شەڕ و کارەساتە سروشتییەکان).
پۆلێنی (A) پاراستنی زیاتر لە پۆلێنی (B) دابین دەکات. ئەو داواکارانەی پەنابەریی کە لە چوارچێوەی پۆلێنی (B) ڕەزامەندییان بۆ دەردەچێت، مۆڵەتی نشینگەی کاتی وەردەگرن و بەپێی یاساکە مافی یەکگرتنەوەی خێزانییان نابێت.
بۆ پۆلێنی (A): پێدانی نشینگەی سێ ساڵ لەبری پێنج ساڵ و کۆتاییهاتنی مافی نشینگەی هەمیشەیی
تا ئێستا، هەموو ئەو داواکارانی پەنابەرییەی کە پاراستنی نێودەوڵەتییان بەدەستدەهێنا، مۆڵەتی نشینگەی پێنج ساڵەیان وەردەگرت، بێگوێدانە پۆلێنەکەیان. دوای تەواوبوونی ئەم پێنج ساڵە، دەیانتوانی داوای نشینگەی هەمیشەیی بکەن.
یاسا نوێیەکەی پەنابەری سیستەمە کۆنەکەی هۆڵەندا هەڵدەوەشێنێتەوە. یاساکە بە شێوەیەکی سەرەکی ماوەی مۆڵەتی نشینگەی سەرەتایی بۆ پەنابەرانی پۆلێنی (A) بە سێ ساڵ دیاری دەکات لەبری پێنج ساڵ. دوای سێ ساڵەکە، پێویستە ئەو کەسانە پێداچوونەوە بە دۆخەکەیاندا بکەن بۆ نوێکردنەوەی.
ئیتر نشینگەی هەمیشەیی نامێنێت. لە بەرامبەردا، ئەو پەنابەرانەی پێشتر نشینگەی هەمیشەییان وەرگرتووە، مافەکەیان دەپارێزرێت، چونکە ڕێسا نوێیەکان تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تازە دەچنە هۆڵەندا. ئەم یاسا نوێیانە لە 12ی حوزەیران دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ کەوتنەکاری “پەیمانی کۆچی ئەوروپی” کە تێیدا ڕێکاری نوێ بۆ چاودێریکردنی سنوورەکان دیاریکراوە.
بەپێی میدیاکانی هۆڵەندا، پەرلەمانتاران لە مانگی ئایاری داهاتوودا گفتوگۆ لەسەر ڕێساکانی پەیمانەکە دەکەن بە مەبەستی جێگیرکردنیان لە یاسا نیشتمانییەکاندا. کەواتە، ئەم ڕێسایانە بەستراوە دەبن بە جێبەجێکردنی سیستەمە نوێیەکەی پۆلێنکردنی دوولایەنە.
بۆ پۆلێنی (B): سنووردارکردنی یەکگرتنەوەی خێزانەکان
ئەنجومەنی هۆڵەندی بۆ پەنابەران لە ڕاپۆرتێکدا کە لە 19ی کانوونی یەکەم بڵاوکراوەتەوە، شیکاری بۆ ئەوە کردووە کە “هۆکاری سەرەکی کە حکومەت پاڵپێوەدەنێت بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی پۆلێنکردنی دوولایەنە، سنووردارکردنی بەرچاوی دەرفەتەکانی یەکگرتنەوەی خێزانەکانە”.
لە ڕاستیدا، تا ئێستا هەموو ئەو داواکارانی پەنابەرییەی کە پاراستنی نێودەوڵەتییان وەردەگرت، هەمان مافی یەکگرتنەوەی خێزانییان هەبوو. بەڵام ئێستا ئەو داواکارانەی لە پۆلێنی (B) دادەنرێن، ڕووبەڕووی مەرجی توندتر دەبنەوە بۆ هێنانەوەی خێزانەکانیان. لە نێوان ئەو مەرجانەدا: چاوەڕوانکردن بۆ ماوەی دوو ساڵ پێش ئەوەی بتوانن داواکارییەکە پێشکەش بکەن، جگە لە پێویستی هەبوونی نیشتەجێبوونی گونجاو بۆ هەموو ئەندامانی خێزانەکە، یان سەلماندنی داهاتی پێویست.
ئەنجومەنی هۆڵەندی بۆ پەنابەران ڕوونی دەکاتەوە: “ئێمە هەموو دەزانین دۆزینەوەی خانویەکی گونجاو چەند سەختە، چ جای خانوویەک کە بۆ تەواوی خێزانێک بگونجێت. زۆربەی جار کاتێکی زۆری دەوێت تا پەنابەران مەرجەکانی داهات جێبەجێ بکەن، چونکە سەرەتا پێویستیان بە فێربوونی زمان هەیە.”
ئەنجومەنەکە ئاماژە بەوە دەکات کە مەترسی لەم سیناریۆیەدا بریتییە لە “دابڕانی خێزانەکان لە یەکتر بۆ چەندین ساڵ. لەم ماوەیەدا، ئەو ئەندامانەی خێزانەکە کە لە هۆڵەندا ماونەتەوە، خۆیان لە دۆخێکی سەخت و مەترسیداردا دەبیننەوە. ئەم دۆخە دەبێتە سەرچاوەیەکی تری فشاری دەروونی و تەنانەت خەمۆکیش بۆ پەنابەران لە هۆڵەندا.”





