
بە ڕێککەوتنی هەردوو حکومەتی عێراق و سوریا، دەروازەی رەبیعەی هاوسنوری عێراق لەگەڵ سوریا کرایەوە، ئەوەش گورزێکی کوشندەیە بۆ دەروازەی فیشخابوور-سێمێلکا، کە بە وتەی شارەزایان، لەوێدا هێزێکی گەوری بازرگانیی کۆنترۆڵی دەروازەکەی کردبوو.
کردنەوەی دەروازەی “ڕەبیعە” گورزێکی ڕاستەوخۆیە بۆ تۆڕەکانی قاچاخچێتی و ئەو بەرژەوەندییانەی لەو دەروازەیەدا هەیە، کە ساڵانێکە دەستیان بەسەر دەروازەی “فیشخابوور/ سێمێلکا”دا گرتووە و ملیۆنان دۆلاریان لە بازرگانیی نەوت و کاڵاکان بەبێ چاودێریی حکومەتی ناوەندیی بەدەستهێناوە. ئامانجی ئەم گۆڕانکارییە بەوتەی بەرپرسانی عێراق گەڕاندنەوەی سەروەریی دەوڵەتە بۆ سەر سنوورەکان و دابینکردنی داهاتێکی زیاترە بۆ گەنجینەی دەوڵەت، هاوکات لەگەڵ شکاندنی قۆرخکاریی بازاڕە دەرەکییەکان و بوژاندنەوەی جووڵەی ئابووریی لە نەینەوا وەک ناوەندێکی بازرگانی و ستراتیژیی.
ململانێی دەروازە سنوورییەکان
عەباس فازڵ، ئەندامی هاوپەیمانی شەبەک لە پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند: “کردنەوەی دەروازەی سنووری ڕەبیعە لەگەڵ سووریا گۆڕانکارییەکی ئابووری و ئەمنیی گرنگ دەبێت.” ئاماژەی بەوەش کرد “کردنەوەی دەروازەی ڕەبیعە جووڵەی بازرگانیی فەرمی بەرەو ڕێرەوێکی ڕێکخراوتر و ژێر چاودێریی دەوڵەت دەبات، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازکردنی هەژموونی دەروازەی فیشخابوور/ سێمێلکا لەسەر سنووری سووریا و عێراق لەگەڵ پارێزگای دهۆک و کەمکردنەوەی قەبارەی بازرگانی لەوێ”.
ئەو باسی لەوەش کرد کە “دەروازەی ڕەبیعە کە تەنها 60 کیلۆمەتر لە دەروازەی فیشخابوور/ سێمێلکاوە دوورە، پارێزگای نەینەوا لە لایەنی عێراقەوە بە پارێزگای حەسەکە لە لایەنی سووریاوە دەبەستێتەوە. ئەمە دەروازەیەکی فەرمییە و لە ڕووی تەکنیکییەوە ئامادەیە بۆ فراوانکردنی جووڵەی بازرگانی، بە شێوەیەک تانکەرە نەوتییەکانیش بگرێتەوە کە بۆ بەندەری بانیاس دەگوازرێنەوە”.
دەروازەی سێمێلکا یەکێکە لە دەروازە نافەرمییەکانی لە ساڵانی شەڕی سووریادا دروست کرا، دەروازەیەکی ڕووبارییە و ڕۆژئاوای کوردستان بە باشووری کوردستانەوە دەبەستێتەوە، لە ساڵی 2013 بە ڕێککەوتنی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) و هەرێمی کوردستان دروست کرا، تا ببێتە شاڕێگەی بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیاران و کاڵا و خۆراک بۆ ناو سووریا.
گورزێک بۆ بازرگانیی نایاسایی
فازڵ پێی وایە “کردنەوەی دەروازەی ڕەبیعە گورزێکی ڕاستەوخۆ دەبێت بۆ تۆڕەکانی قاچاخچێتی و بازرگانیی نایاسایی کە ساڵانێکی زۆر سوودیان لە نەبوونی جێگرەوەی فەرمی بینیوە. ئەمە ڕێگری لە بەفیڕۆدانی دارایی دەگرێت و داهاتەکان بۆ گەنجینەی دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە لەبری ئەوەی بۆ لایەنی نادیار بڕوات.”
حکومەتی سووریا بەم دواییانە دەروازەی نافەرمی “سێمێلکا”ی لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەرگرتەوە، وەک هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکومەت و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ گەڕانەوەی دەوڵەت بۆ هەموو جومگەکان لە ناوچە کوردییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.
دەروازەیەک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت
سالم زەیدی، توێژەری سیاسی، دەڵێت دەروازەی فیشخابوور کە لە پارێزگای دهۆکە، بە تەواوی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتی فیدراڵیدایە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە “دەروازەکە فەرمی نییە و لە دەستەی دەروازە سنوورییەکان تۆمار نەکراوە. لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ قاچاخچێتی نەوت بەکار هاتووە و هەرکەسێک لێیەوە هاتوچۆ بکات، ناچێتە ژێر ڕێکارە فەرمییەکان و مۆری پاسپۆرت و ئیقامەی بۆ ناکرێت. ئەوەی لەوێ ڕوودەدات پشێوییەکە کە هیچ ئامادەییەکی دەوڵەتی تێدا نییە.”
زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییە حیزبییەکان
زەیدی پێی وایە “هەندێک لایەن لە هەرێم کار دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە کردنەوەی دەروازەی ڕەبیعە، چونکە دەبێتە هۆی ئیفلیجکردنی بازرگانی لە فیشخابوور، چونکە زۆربەی بازرگانان ڕوو لە دەروازە فەرمییەکە دەکەن. کەواتە زیانمەندی گەورە بەرژەوەندیی ئەو حیزبە کوردییانە دەبێت کە پشت بە قاچاخچێتی دەبەستن.” هەروەها جەختی کردەوە کە “سێمێلکا شاڕەگی ئابووریی هەسەدە و لایەنە کوردییەکانی هەرێم بووە و ملیۆنان دۆلاریان لە قاچاخی نەوت و کاڵا دەستکەوتووە.”
دەستکەوتە ئابوورییەکان
خەلیل جبووری، شارەزای ئابووری، دەڵێت کردنەوەی ڕەبیعە دەستکەوتی ڕاستەوخۆی بۆ عێراق دەبێت، وەک: بوژاندنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، زیادکردنی هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان (وەک خورما) و پیشەسازییەکان (وەک چیمەنتۆ و کەرەستەی بیناسازی) بۆ سووریا و لوبنان و دەریای ناوەڕاست. هەروەها دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تێچووی هاوردەکردنی خۆراک و قوماشی سووری و شکاندنی قۆرخکاریی بازرگانانیی تورکیا و چین.
400 ملیۆن دۆلاری ساڵانە
جبووری پێشبینی دەکات ئەگەر جووڵەی بارهەڵگرەکان بگاتە 500 دانە لە ڕۆژێکدا، ئەم دەروازەیە ساڵانە 250 بۆ 400 ملیۆن دۆلار داهاتی گومرگیی و باج بۆ گەنجینەی دەوڵەت دابین بکات. هەروەها دەبێتە پردێکی وشکانی کە کەنداو بە سووریا و لوبنان و پاشان ئەوروپاوە دەبەستێتەوە، ئەمەش خزمەت بە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان دەکات لە داهاتوودا.
هەفتەی ڕابردوو عێراق دوای 13 ساڵ داخستن، دەروازەی ڕەبیعەی کردەوە. هاوکات ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند کە جووڵەی ئابووری و بازرگانی لە دەروازەکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و کاروانە بازرگانییەکان لە هەردوو ئاراستەکەوە دەستیان بە هاتوچۆ کردووە.





