
عێراق دەچێتە قۆناغی “هەستانەوەی دیمۆگرافی”، کە تێیدا ژمارەی دانیشتووان بە شێوەیەکی خێرا و بەرچاو ڕوو لە زیادبوونە. بەڵام لە بەرامبەردا، دابەشکردنی سەرچاوەکان و دابینکردنی هەلی کار بۆ ئەم نەوە نوێیە کە زۆرینەیان گەنجن، هێشتا بە چەقبەستوویی ماوەتەوە. ئەم واقیعە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ قەیرانێکی ئابووریی قووڵ کە ڕەنگە بەرۆکی حکومەتەکانی داهاتوو بگرێت، بەتایبەت لە سایەی نەبوونی خودبژێوی و زیادبوونی ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتییەکان.
هۆشدارییەکانی وەزارەتی پلاندانان
خالید بەتال، وەزیری پلاندانانی عێراق، هۆشداریی دا لەو ئاڵنگارییە گەورانەی کە ڕووبەڕووی وڵات دەبنەوە. ناوبراو لە کۆنفرانسێکدا بۆ چارەسەری بێکاری و هەژاری ڕایگەیاند: “خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی دانیشتووانی عێراق تا ساڵی 2050 دەگاتە نزیکەی 73 ملیۆن کەس، ئەمەش فشارێکی زۆر دەخاتە سەر دەوڵەت بۆ دابینکردنی هەلی کار.
وەزیری پلاندانان ئاماژەی بە چەند خاڵێکی گرنگ کرد:
ژمارەی فەرمانبەران نزیکەی 4 ملیۆن کەسە، کە 62٪یان لە کەرتی ئەمنی و سەربازیدان.
دامەزراوەکانی دەوڵەت بەدەست کێشەی “چەندایەتی نەک جۆراتی” دەناڵێنن.
ئەم قۆناغە بەوە دەناسرێتەوە کە ڕێژەی دانیشتووانی تەمەن نێوان (15 بۆ 64 ساڵ) زیاد دەکات بەرامبەر بە کەمیی ڕێژەی منداڵ و بەساڵاچووان، ئەمەش هەلێکی زێڕینە بۆ گەشە ئەگەر پلانی بۆ هەبێت.
بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی ساڵی ڕابردوو (شوباتی 2025):
ژمارەی دانیشتووان لە 46 ملیۆن کەس تێپەڕیوە.
ڕێژەی گەشەی ساڵانە 2.5٪ بووە.
زیاتر لە 27 ملیۆن کەس (واتە 60.4٪ی دانیشتووان) لە تەمەنی کارکردن دان.
پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتووان تا ساڵی 2030 بگاتە 50 ملیۆن و تا ساڵی 2050 بگاتە 80 ملیۆن کەس.
ئەم زیادبوونە لە کاتێکدایە عێراق هێشتا 96٪ی داهاتەکەی تەنیا پشت بە نەوت دەبەستێت و بەدەست قەیرانی نیشتەجێبوون و بێکارییەوە دەناڵێنێت.
محەمەد عنوز، ئەندامی پێشووی پەرلەمان، پێی وایە ئەم زیادبوونە ملیۆنییە دەبێت حکومەت ناچار بکات پلانی هەبێت، چونکە زۆربەی ئەم زیادبوونە لە ناوچە هەژارنشینەکانە. ئەو ڕەخنە لەوە دەگرێت کە بۆچی حکومەتەکان تەنیا پەنا بۆ دامەزراندن لە کەرتی ئەمنی دەبەن لە کاتێکدا وڵات لە مەترسیی جەنگدا نییە. دەڵێت: “حکومەتە سەرکەوتووەکان وەبەرهێنان لە زیادبوونی دانیشتوواندا دەکەن بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری، بەڵام حکومەتە فاشلەکان گەنجان ناچار دەکەن ببنە کرێکاری بیانی لە دەرەوە.”
لە لایەکی دیکەوە، ئیسرا عەباس، توێژەری کۆمەڵایەتی، ئاماژە بەوە دەکات کە وابەستەیی 10٪ی کۆمەڵگە بە مووچەی دەوڵەتەوە ڕێژەیەکی زۆر بەرزە. ئەو دەڵێت: “شکستی حکومەت لە دابینکردنی دڵنیایی کۆمەڵایەتی بۆ کەرتی تایبەت، وای کردووە خەڵک پەنا بۆ کەرتی حکومی ببەن. ئەگەر عێراق تەنیا وەک وڵاتێکی ڕیعی بمێنێتەوە، ئەم زیادبوونە دەبێتە بارگرانی و ڕەنگە ببێتە هۆی ڕووخانی ڕژێمە سیاسییەکانیش.”
پێگەی عێراق لە ئاستی وڵاتانی عەرەبی
بەپێی داتاکانی ساڵی 2026، عێراق لە ڕیزبەندی حەوتەمی وڵاتانی عەرەبیدایە لە ڕووی خێرایی گەشەی دانیشتووانەوە:
سووریا: 3.33٪
سۆماڵ: 3.31٪
عومان: 3.22٪
عێراق: 2.1٪
ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە عێراق لە بەردەم دووڕیانێکی مێژووییدایە؛ یان گۆڕینی ئەم سامانە مرۆییە بۆ هێزێکی بەرهەمهێن لە ڕێگەی پیشەسازی و کشتوکاڵەوە، یان ڕووبەڕووبوونەوەی تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە لە ئەنجامی بێکاری و کەمیی خزمەتگوزارییەکانەوە دروست دەبێت.





