
ڕێژەی تەڵاق لە عێراق بەردەوامە لە تۆمارکردنی ژمارەی بەرز و نیگەرانکەر، بەجۆرێک ژمارەی حاڵەتە ڕۆژانەییەکان بەربەستی 200 حاڵەتی تێپەڕاندووە. ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ پەرەسەندنی قەیرانێکی کۆمەڵایەتی، کە کاریگەری ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر سەقامگیریی خێزان و پێکهاتەی کۆمەڵگە بە گشتی.
ئامارەکان ئاماژە بە تۆمارکردنی زیاتر لە پێنج هەزار حاڵەتی تەڵاق لە مانگێکدا دەکەن، لە بەرامبەردا ڕێژەی هاوسەرگیری لەم ماوەیەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. هۆکاری فرە ڕەهەند لە پشت ئەم دیاردەیەوەن، کە دیارترینیان: فشارە ئابوورییەکان، هاوسەرگیریی پێشوەختە، کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەگەڵ کێشە خێزانییە ئاڵۆزەکان کە لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی و یاسایی تێدا تێکەڵ بووە.
لە ناوەندەکانی دادگادا، ڕۆژانە دەیان هاوسەر چاوەڕێی یەکلاییکردنەوەی داواکانی تەڵاق دەکەن. یاساناسان جەخت دەکەنەوە کە زۆربەی کێشەکان پەیوەستن بە کێشەی دارایی، توندوتیژیی خێزانی و ناکۆکیی نێوان هاوسەران، جگە لە خیانەت و ئەو پەیوەندییانەی لە ڕێگەی پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکانەوە دروست دەبن، لەگەڵ لاوازیی هۆشیاری لە بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیادا، بەتایبەت لای هاوسەرە تەمەن گەنجەکان.
پارێزەر رەفعەت زەینەدین، کاتێک بەدواداچوونی بۆ داوایەکی تەڵاق دەکرد لە ناو دادگا، ڕایگەیاند کە زۆرێک لە کێشەکان بە ناکۆکییەکی سادە دەست پێ دەکەن، بەڵام بەهۆی دەستوەردانی کەسوکار و تووڕەیی و خراپیی بەڕێوەبردنی کێشەکان، گەورە دەبن. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەندێک داوا چەندین مانگ دەخایەنێت بەهۆی ئامادەنەبوونی لایەنەکان لە دانیشتنەکاندا، کە لە کۆتاییدا بە جیابوونەوە کۆتایی دێت، زۆرجار لە بەرامبەر خۆبووردنی ژنەکە لە مافە داراییەکانی.
شارەزایان پێیان وایە تەڵاق چیتر تەنها حاڵەتێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو بووەتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی ڕو لە گەشە، کە زۆربەی جار پەیوەندی بە نەبوونی لێکتێگەیشتن و لاوازیی توانای چارەسەرکردنی کێشەکانەوە هەیە. هەروەها توێژەرانی کۆمەڵایەتی هۆشداری دەدەن کە شوێنەوارەکانی تەڵاق تەنها لەسەر هاوسەرەکان ناوەستێت، بەڵکو دەگاتە منداڵان و کۆمەڵگەش، و دەرگا بە ڕووی کێشە یاساییەکانی وەک نەفەقە و مافی بەخێوکردن و بینینی منداڵدا دەکاتەوە.
لای خۆیەوە، عەلی تەمیمی پسپۆڕی یاسایی ڕایگەیاند کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەڵاق لە عێراق بۆ هۆکاری گشتی و تایبەت دەگەڕێتەوە، و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دیاردەیە لە دوای ساڵی 2003وە هەڵکشانی ڕوونی بەخۆیەوە بینیوە و بووەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر بنەمای کۆمەڵایەتی. تەمیمی دیارترین هۆکارە گشتییەکانی بۆ تێکچوونی باری ئەمنی و فشارە ئابوورییەکان گەڕاندەوە، جگە لە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وەک نیشتەجێبوونی هاوسەران لەگەڵ ماڵی باوکی یەکێکیان، و نزمیی ئاستی خوێندن و ڕۆشنبیری و کەمیی ئەزموون لە بەڕێوەبردنی ژیانی خێزانیدا.
هەروەها نوور حەسناوی، پسپۆڕی کۆمەڵناسی لە سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی لە کەربەلا، ڕایگەیاند کە تەڵاق ئەگەرچی چارەسەرێکی شەرعییە، بەڵام دەبێتە قەیران کاتێک بە پەلە و بێ هۆشیاریی پێویست پەنای بۆ ببرێت. وتیشی نەبوونی ڕاهێنان پێش هاوسەرگیری و لاوازیی هونەری گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەرەسهێنانی خێزانن.
حەسناوی جەختی کردەوە کە سۆشیاڵ میدیا ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە ئاڵۆزکردنی کێشەکان و ئاماژەی بەوە کرد کە لاوازیی ئارامگری و توانای بەرگەگرتنی فشارەکانی ژیان بەراورد بە نەوەکانی پێشوو، تێڕوانینی زۆرێکی بۆ ژیانی هاوسەگیری گۆڕیوە. ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی جیابوونەوە و بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو ژنانەی دوای تەڵاق بوونەتە بژێوێنەری سەرەکیی خێزانەکانیان.
لەگەڵ بەردەوامیی زیادبوونی ئەم حاڵەتانە، داواکارییەکان بۆ بەهێزکردنی بەرنامەکانی هۆشیاری و ڕاوێژکاری خێزانی و ڕاهێنانی ئەوانەی وا بڕیارە هاوسەرگیری بکەن، ڕوو لە زیادبوونە، بە ئامانجی کەمکردنەوەی هەڵوەشانەوەی خێزان و پاراستنی سەقامگیریی کۆمەڵگە.





