عێراق بۆ کڕینی کارەبا هانا بۆ تورکیا دەبات، ئەم هاوینە کەس خۆزگە بە حاڵی عێراق ناخوازێت

عێراق بە توندی هەوڵ دەدات گرێبەستی هاوردەکردنی کارەبا لە تورکیاوە لانی کەم بۆ ئەم هاوینە نوێ بکاتەوە، چونکە بڕیارە ڕێککەوتنەکەی ئێستا لە 31ـی ئایاری ئەم مانگەدا کۆتایی پێبێت.

بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی سەکۆی وزەی پسپۆڕ (کە لە واشنتۆنەوە دەردەچێت)، شاندێکی عێراق خۆی ئامادە دەکات لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی تورکیا بکات، بۆ ئەوەی هەوڵ بدات بەرپرسانی ئەو وڵاتە ڕازیبکات بۆ نوێکردنەوەی ڕێککەوتنەکەیان (لانی کەم تا کۆتایی ئەم هاوینە).

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاندووە، تێچووی ئێستای هاوردەکردنی کارەبا بارگرانییەکی گەورەیە بۆ سەر عێراق، کە بەدەست قەیرانێکی داراییەوە دەناڵێنێت، ئەم قەیرانەش بەهۆی داڕمانی هەناردەی نەوتەوە بەهۆی شەڕی ئێستا و داخرانی گەرووی هورمزەوە توندتر بووە.

سەرچاوەیەکی تری حکومی ڕایگەیاند، داهاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت تەنها لە ماوەی دوو مانگ و نیودا، بە دیاریکراوی لە سەرەتای ئازارەوە تا 15ـی ئایار، نزیکەی 15 ملیار دۆلار دابەزیوە، ئەمەش ژمارەیەکی زۆر گەورەیە لەبەر ڕۆشنایی پشتبەستنی بودجەی گشتی بە داهاتی نەوت.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەم دابەزینە گەورەیە ڕاستەوخۆ کاریگەریی کردووەتە سەر پلانەکانی دەوڵەت، لەوانەش پێدانی بەشێک لە شایستە داراییەکانی تورکیا بۆ هاوردەکردنی کارەبا.

تێچووی هاوردەکردنی کارەبای عێراق

تێچووی هاوردەکردنی کارەبای عێراق لە تورکیاوە بەپێی ڕێککەوتنی ئێستا لە نێوان 150 بۆ 200 دۆلارە بۆ هەر مێگاوات/کاتژمێرێک، وەک ئەوەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی کارەبا بە سەکۆی وزەی ڕاگەیاندووە.

لەکاتێکدا وتەبێژی فەرمی وەزارەتەکە وەڵامی پەیوەندییەکانی سەکۆی وزەی نەدایەوە، بەڵام ئەو شاندەی کە خۆی بۆ سەردانی تورکیا ئامادە دەکات، هەوڵی کەمکردنەوەی تێچووی مێگاوات/کاتژمێر لە پێشینەی کارەکانی دادەنێت.

ئەم خواستەی لایەنی عێراقی لە ژێر ڕۆشنایی بازدانی گەورەی نرخی غاز لە ئێستادا بەهۆی ڕاوەستانی هەناردەکردن لە ڕێگەی گەرووی هورمز و کەمیی خستنەڕووی جیهانییەوە، بە کارێکی نیمچە مەحاڵ دەردەکەوێت.

بەپێی دوایین مامەڵەکانی ڕۆژی هەینی 15ـی ئایاری ئەم مانگە، نرخی غاز لە ئەوروپا بەپێی پێوەری TTFی هۆڵەندی هاوتای 60 دۆلار بووە بۆ هەر مێگاوات/کاتژمێرێک.

بەستنەوەی کارەبای نێوان عێراق و تورکیا

لە هەمان چوارچێوەدا، سەکۆی وزە زانیاریی بەدەست هێناوە، کە پشتڕاستی دەکاتەوە بەستنەوەی کارەبای نێوان عێراق و تورکیا لە ئەیلوولی 2025ەوە ڕاوەستاوە، بەبێ ئەوەی وەزارەتی کارەبا ئەوە ڕابگەیەنێت.

بڕینی کارەبا لە لایەن تورکیاوە لە ئەنجامی قەیرانی قەرزەکان بووە، بەپێی قسەی ئەو سەرچاوەیەی کە ئاگاداری ئەم دۆسیەیەیە.

بەستنەوەی کارەبای نێوان عێراق و تورکیا بە فەرمی لە 21ـی تەمموزی 2024 بە توانای 300 مێگاوات (قۆناغی یەکەم) دەستیپێکردبوو، بڕیاریش بوو لە قۆناغی دووەمدا بۆ 600 مێگاوات بەرزببێتەوە.

سەرچاوەکە وتی: هێڵی بەستنەوەکە تا ئێستاش کار ناکات، سەرڕای پێویستی عێراق بە کارەبا.

لەگەڵ ڕاوەستانی هێڵی بەستنەوەی کارەبا لەگەڵ ئێرانیشدا، عێراق لە ئێستادا لە وڵاتانی دراوسێ تەنها لە ئوردنەوە کارەبا وەردەگرێت، بەو پێیەی تۆڕەکە قەزای ڕوتبە لە پارێزگای ئەنبار بە 50 مێگاوات ڕۆژانە (قۆناغی یەکەم) دابین دەکات.

بڕیار بوو ڕاستەوخۆ ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم بە توانایەک کە دەگاتە 150 مێگاوات بکرێت، بەڵام گفتوگۆکان نیمچە وەستاون و بەپێی زانیارییەکانی سەکۆی وزە، دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لە ئاسۆیەکی نزیک دا دەرناکەوێت.

وەزیری نوێی کارەبای عێراق

وەزیری نوێی کارەبای عێراق، ئەندازیار عەلی سەعدی وەهێب، ئەمڕۆ یەکشەممە 17ـی ئایاری 2026، ئەرکەکانی خۆی لە میانی ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا دەستپێکرد، کە بە ئامادەبوونی جێگری پێشووی سەرۆک وەزیران حەیان عەبدولغەنی بەڕێوەچوو، کە بە شێوەیەکی کاتی ڕاسپێردرابوو بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وەزارەتەکە.

سەعدی وەهێب لە یەکەم لێدوانیدا ڕایگەیاند: “ئەرکی ئێمە نیشتمانی و خزمەتگوزارییە، و لەسەر بنەمای بەدەستهێنانی متمانەی هاووڵاتیان و دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ کۆتاییهێنان قەیرانی کارەبا.

Back to top button