هەر عێراقییەک ڕۆژانە نیو کیلۆ پلاستیك بەکاردەهێنێت و وەزارەتی ژینگە هۆشداری لە ڕوودانی کارەسات دەدات

 

عودەی موختار، وتەبێژی وەزارەتی ژینگە ڕایگەیاند، هەر تاکێکی عێراقی ڕۆژانە نزیکەی نیو کیلۆگرام پلاستیك بەکاردەهێنێت، کە نزیکەی 10 عەلاگەی (نایلۆن) لەخۆدەگرێت. بەپێی ژمارەی دانیشتووانیش، ئەمە واتە بەرهەمھێنانی نزیکەی 20 هەزار تۆن پاشماوەی پلاستیکی لە ڕۆژێکدا، ئەمە جیا لە پاشماوەکانی تر.

وتەبێژی وەزارەتی ژینگە پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا چ شوێنێکی ژێرگڵکردنی تەندروست هەیە بتوانێت بەرگەی ئەم بڕە بگرێت؟ هەروەها ڕایگەیاند کە هاوردەکردنی پلاستیک بۆ وڵات بووەتە هۆی هەڵاوسان لە بازاڕدا و بەهەدەرچوونێکی نادیاری دارایی لێکەوتووەتەوە، و پێشنیازی کرد لە جیاتی ئەوە کیسەی کاغەزین و قوماش بەکاربهێنرێت.

ڕۆژی سێشەممە ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پێشنیازەکانی لیژنەی نیشتمانی بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی پلاستیکی، هەروەها ئەنجومەنەکە ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر سەپاندنی ڕسووماتی خزمەتگوزارییە ژینگەییەکان کە چاودێری و هەڵسەنگاندنی ژینگەیی بەرهەمهێنەرانی کیسە پلاستیکییەکان دەگرێتەوە، بە مەرجێک کیسە پلاستیکییەکان بە جێگرەوەی دۆستی ژینگە و شیتەڵبوو بگۆڕدرێنەوە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی ژینگە دەڵێت: “سووتاندنی پاشماوەکان لە شوێنە کراوەکاندا تەنها لەو وڵاتانەدا ڕوودەدات کە ڕۆشنبیریی و شارستانییەتی پێویستیان نییە بۆ بەڕێوەبردنی پاشماوەکانیان، جا چ ئەم کارە لەلایەن شارەوانی بەغداوە بکرێت یان لەلایەن هاووڵاتی خۆیەوە”.

ڕوونیشی کردەوە کە “پرۆسەی ژێرگڵکردن واتە دوای گێڕانەوەی ئەو بەشەی کە دەکرێت لە ڕێگەی ریسایکلینەوە سوودی لێ ببينرێت، پاشماوەکان دەبرێن بۆ شوێنێکی هەڵکەندراو بە قووڵایی 20 مەتر و دەپەسترێنەوە بۆ کەمکردنەوەی قەبارەکەیان، پاشان بە شێوازێکی ڕێک و سیستماتیک ڕادەخرێن و دواتر بە خاک دادەپۆشرێن. بەڵام ئەوەی لای ئێمە ڕوودەدات، دۆزینەوەی شوێنێکی چۆڵە لە دەرەوەی شار، پاشماوەکانی تێدا فڕێدەدەین، ئەویش بە خێرایی پڕ دەبێتەوە چونکە هەڵنەکەندراوە، پاشان جێی دەهێڵین و دەڕۆین، ئەمەش ناوی ژێرگلکردنی تەندروست نییە”.

عودەی موختار ئەوەشی خستەڕوو: “بەکارهێنانی پلاستیک لای ئێمە یەکجار زۆرە، کاتێک کەسێک دەچێت بۆ بازاڕکردن نزیکەی (20 – 30) کیسەی پلاستیکی لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت، پاشان فڕێدەدرێنە ناو خۆڵ و خاشاکەوە، بەرپرسیاریەتی بەڕێوەبردنی ئەمەش لەئەستۆی شارەوانییە”، ئاماژەی بەوەش کرد “له کۆتاییدا پلاستیک ماددەیەکی هاوردەکراوەو لەسەر بودجەی گشتی دەکەوێت، ئێمەش بە ڕێژەیەکی ئێجگار زۆر بەکاری دەهێنین، هەر کەسێک ڕۆژانە 10 کیسە بەکاردەهێنێت، ئێمەش 40 ملیۆن کەسین، ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵاوسان لە بازاڕدا و پارەیەکی زۆری تێدا خەرج دەکرێت بەبێ ئەوەی هەستی پێبکەین، ئەمە بەهەدەرچوونێکە بەڵام نایبینین”.

جەختیشی کردەوە کە “عێراقییەکان دەتوانن لە جیاتی پلاستیک، کاغەز یان قوماش بەکاربهێنن، ئەمەش پێی دەوترێت بەکاربردنی بەردەوام، یەک هاووڵاتی عێراقی ڕۆژانە یەک کیلۆگرام پاشماوە بەجێدەهێڵێت، کە 400 گرامەکەی ماددەی پلاستیکییە، واتە نزیکەی نیو کیلۆگرام، ئەگەر ئەمە لێکدانی ژمارەی دانیشتووان بکەین، ئەوا دەبێتە 20 هەزار تۆن پلاستیک لە ڕۆژێکدا، ئایا چ شوێنێکی ژێرگلکردن بەرگەی ئەمە دەگرێت؟ ئەمەش کاریگەری لەسەر هەموو جومگەکانی ژیان دەبێت، تەنانەت مایکرۆپلاستیک (ورده پلاستیک) دەتوانێت بچێتە ناو پەردەکانی دڵ و مێشکیشەوە”.

Back to top button