
ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەمڕۆ شەممە ئاشکرای کرد کە عێراق یەکێکە لەو 27 وڵاتەی کە هەوڵدەدەن قەرزێکی خێرا لە بانکی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی ئەو شەڕەی کە بازاڕەکانی وزەی جیهانی شێواندووە؛ ئەو بڕە پارەیەش کە ئەم وڵاتانە چاویان لێیەتی لە نێوان 20 بۆ 25 ملیار دۆلاردایە، لەگەڵ ئەگەری بەرزکردنەوەی بۆ 60 ملیار دۆلار لە ماوەی شەش مانگدا.
عێراق بەدەست دابەزینێکی توند لە داهاتە نەوتییەکانیەوە دەناڵێنێت، چونکە 85٪ی هەناردەکردنی نەوتەکەی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە تێپەڕ دەبێت، کە ئێستا شەڕەکە هەڕەشە لە جووڵەکەی دەکات، ئەمەش وای لە عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی کردووە دان بەوەدا بنێت کە کورتهێنانی بوودجە گۆڕدراوە بۆ “کورتهێنانی فیعلی و درێژخایەن”.
ئەم وڵاتانە پێیان باشترە پەنا ببەنە بەر بانکی نێودەوڵەتی نەک سندوقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF)؛ چونکە ئامرازەکانی بانکی نێودەوڵەتی نەرمترن و خێراتر خەرج دەکرێن، بە دوور لەو مەرجە توندە ئابوورییانەی (سیستمی سکهەڵگوشین) کە سندوقەکە دەیانسەپێنێت.
لای خۆشیەوە، مەزهەر ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە عێراق هێشتا داواکارییەکی فەرمی بۆ قەرزکردن پێشکەش نەکردووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئێستادا ئەولەویەت بۆ ڕاگرتنی شەڕەکەیە، بەڵام ڕوونی کردەوە کە بەغدا کەی پێویستی کرد، پەنا بۆ قەرزکردن دەبات.
پشت بەستن بە بەڵگەنامەیەکی ناوخۆیی
ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز، پشتی بە بەڵگەنامەیەکی ناوخۆیی بەستووە کە ئاشکرای دەکات 27 وڵات لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئێرانەوە هەنگاویان ناوە بۆ داڕشتنی میکانیزمی قەیرانەکان، بە شێوەیەک کە ڕێگەیان پێبدات بە خێرایی تەمویل لە پڕۆگرامە بەردەوامەکانی بانکی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنن، لە کاتێکدا بەڵگەنامەکەی بانکی نێودەوڵەتی ناوی هەموو وڵاتەکان یان کۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی دیاری نەکردووە کە ئەگەری هەیە داوا بکرێت. هەروەها بانکی نێودەوڵەتیش لەمبارەیەوە ئامادەنەبوو لێدوان بدات.
بەڵام بەڵگەنامەکە ئەوەی نیشانداوە کە 3 وڵات ڕەزامەندییان لەسەر میکانیزمە نوێیەکان دەربڕیوە لە دوای دەستپێکردنی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 28ی شوباتدا، لە کاتێکدا وڵاتانی دیکە هێشتا خەریکی تەواوکردنی ڕێکارەکانن؛ چونکە شەڕ و ئەو شێواوییەی لە بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا دروستبووە، کاریگەری کردووەتە سەر زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی و ڕێگری کردووە لە گەیشتنی باری پەینی کیمیایی گرنگ بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی کینیا و عێراق جەختیان لەسەر هەوڵەکانیان کردووەتەوە بۆ بەدەسـتهێنانی پشتگیری دارایی بەپەلە لە بانکی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی شەڕ، کە لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەوە لە کینیا دەستپێدەکات تا دەگاتە دابەزینی توندی داهاتی نەوت بۆ عێراق.
بەگوێرەی ڕۆیتەرز، ئەم 27 وڵاتە لە نێو ئەو 101 وڵاتەدان کە دەستیان بە جۆرێک لە ئامرازەکانی قەرزکردن دەگات کە دەتوانن لە کاتی قەیرانەکاندا سوودی لێ ببینن، بە 54 وڵاتیشەوە کە واژۆیان لەسەر “بژاردەی وەڵامدانەوەی خێرا” کردووە، کە ڕێگە بە وڵاتان دەدات تا 10٪ی ئەو تەمویلانەیان بەکاربهێنن کە هێشتا خەرج نەکراون.
ئەجای بانگا، سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی، مانگی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، بانکەکە دەتوانێت ئاستی قەرزدان بۆ 60 ملیار دۆلار لە ماوەی شەش مانگ بەرزبکاتەوە، لەگەڵ ئەگەری ئەنجامدانی گۆڕانکاری درێژخایەنی دیکە بۆ بەرزکردنەوەی کۆی گشتی بۆ نزیکەی 100 ملیار دۆلار.
بەراوردکاری لە نێوان بانک و سندوقی نێودەوڵەتیدا
ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردووە کە کریستالینا جۆرجیڤا، سەرۆکی سندوقی نێودەوڵەتیی پارە، ڕایگەیاندووە کە چاوەڕوان دەکات نزیکەی 12 وڵات هەوڵ بدەن هاوکاری کورتخایەن بە بڕی 20 ملیار دۆلار لە سندوقەکە بەدەستبهێنن. بەڵام بەپێی سێ سەرچاوەی ئاگادار لە بابەتەکە، تەنها ژمارەیەکی کەم داواکاری تۆمارکراون؛ چونکە وەک یەکێک لە سەرچاوەکان کە بە مەرجی نەهێنانی ناوی قسەی کردووە، دەڵێت: “وڵاتان لە دۆخی چاوەڕوانیدان”.
کیڤن گالاگەر، بەڕێوەبەری سەنتەری سیاسەتەکانی گەشەپێدانی جیهانی لە زانکۆی بۆستن، ڕوونی کردەوە کە وڵاتان زیاتر ئامادەن داوای تەمویل لە بانکی نێودەوڵەتی بکەن وەک لەوەی لەگەڵ سندوقی نێودەوڵەتیی پارەدا دانوستاندن بکەن؛ چونکە پڕۆگرامەکانی سندوقەکە بەزۆری پێویستیان بە ڕێکاری توندی سیاسەتی سکهەڵگوشین هەیە، کە ڕەنگە ببێتە هۆی خراپترکردنی ئەو ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتیانەی کە وڵاتانی وەک کینیا بەدەستیانەوە دەناڵێنن.





