میدیای ئیسرائیلی: ئێران ئامادەکاریی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕاپەڕینی خەڵکەکەی دەکات

بەپێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل، هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕژێمی ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاپەڕینێکی بێپێشینە نزیک بووەتەوە، کە بەهۆی خراپیی بارودۆخی ئابوورییەوە رووبەڕوی بوەتەوە.

میدیاکانی ئیسرائیل باس لەوەدەکەن، کاتی هەڵگیرسانی ڕاپەڕینەکە لە هەشت هەفتە تێناپەڕێت؛ هەروەها ئاماژە بەوەش دەکەن کە ڕژێم لە تاران لە ئێستادا هەوڵ دەدات قەیرانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییە چاوەڕوانکراوەکان لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسی، سیاسی و ئابوورییەکانەوە کۆنتڕۆڵ بکات.

هەڵسەنگاندنەکانی تەلئەبیب پشت بەوە دەبەستن کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وەزارەتی هەواڵگریی ئێران نیگەرانییەکی قووڵی لای سەرکردەکانی ڕژێم سەبارەت بە داڕمانی ئابووریی دەربڕیوە، کە ڕەنگە ببێتە هۆی شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی توندوتیژ و بەرفراوانتر لەو ناڕەزایەتییانەی کە لە سەرەتای ئەم ساڵدا وڵاتەکە بەخۆیەوە بینی.

ماڵپەڕی نێتسیڤ”ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، هۆشداریی دەزگا هەواڵگرییەکەی ئێران لە زیادبوونی ئەو ئاماژانەی کە ئابووریی ئێرانیان گەیاندووەتە لێواری داڕمان سەرچاوەی گرتووە، کە لە پێشەنگیاندا بەرزبوونەوەی داتاکانی هەڵاوسانە؛ بەو پێیەی پێوەری نرخی بەکاربەر لە 50% تێپەڕیوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک بە ڕێژەی زیاتر لە 115% بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.

هەروەها تمەنی ئێرانی زیاتر لە نیوەی بەهای خۆی لە ماوەی یەک ساڵدا لەدەستداوە و گەیشتووەتە نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی کە نزیکەی 109 ملیۆن تمەنە بەرامبەر بە یەک دۆلاری ئەمریکی؛ ئەمە جگە لەو ئیفلیجییە ئابوورییەی کە بەهۆی گەمارۆی دەریایی و سزاکانەوە دروست بووە، کە بوونەتە هۆی وەستانی کەرتەکانی نەوت، پێترۆکیمیاوی و پۆڵا، کە کۆڵەکەی سەرەکیی داهاتی وڵات پێکدەهێنن.

سەبارەت بە سەرەتای پێشبینیکراوی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی ئێران کە قسەی لەسەر دەکرێت، سەرچاوەکانی ماڵپەڕە عیبرییەکە ڕایانگەیاند کە “لە ڕاستیدا دەستی پێکردووە”، چونکە لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە، ئێران شەپۆلێکی بەردەوامی ناڕەزایەتییەکانی بەخۆیەوە بینیوە، کە گەورەترینە لە دوای ساڵی 1979ەوە.

پێشبینییەکان ئاماژە بە مەترسییەکانی “هەڵگیرسانەوەی ناڕەزایەتییەکان” و خراپتربوونیان دەکەن لە ماوەی نێوان شەش بۆ هەشت هەفتەی داهاتوو، چونکە دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل پێشبینی دەکەن ئابووریی ئێران دوای ئەم ماوەیە نەتوانێت بەرگەی گەمارۆ دەریاییەکان بگرێت.

حکومەتی ئێران ستراتیژییەکی دوولایەنە بۆ “بەڕێوەبردن و کۆنتڕۆڵکردن” پەیڕەو دەکات، کە لە پێشەنگیاندا توندوتیژی و سەرکوتکردنی دیجیتاڵی دەگرێتەوە، چونکە ئێرانییەکان بەدەست پچڕانی بەردەوامی هێڵەکانی ئینتەرنێتەوە دەناڵێنن کە درێژترینە لە جیهاندا، لە کاتێکدا تاران هەوڵ دەدات سیستمێکی کۆنتڕۆڵکردن هاوشێوەی سیستمی چینی دروست بکات بۆ بلۆککردنی هەمیشەیی ئینتەرنێت.

بەپێی ماڵپەڕە عیبرییەکە، دەسەڵاتداران هێزی ئەمنیی زیاتریان لە ناوچە گەرمەکانی ئێران بڵاوەپێکردووە، هەروەها ڕێبەری باڵا موجتەبا خامنەیی ڕاسپاردەی داوە بە پێویستیی سەرکوتکردنی “ئاژاوەگێڕان” بە هەموو ئامرازە بەردەستەکان.

لە بەرامبەریشدا، ڕژێمی ئێران ڕێوشوێنی ئابووریی ڕاگەیاندووە کە سەرچاوەکانی ماڵپەڕی “نێتسیڤ” بە هەنگاوی “داماو و بێئومێدانە” وەسفیان کردووە؛ ئەمەش خۆی دەبینێتەوە لە ڕاگەیاندنی سیستمێکی نوێ بۆ پاڵپشتیی خۆراک، و گۆڕینی پارێزگاری بانکی ناوەندی بۆ جێگیرکردنی بەهای دراو؛ ئەمە سەرباری هەوڵدان بۆ ئاراستەکردنی تووڕەیی ڕای گشتی بۆ دەرەوە لە ڕێگەی وەسفکردنی بارودۆخەکە وەک “شەڕێکی تێکەڵاو” لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا.

ڕاپۆرتەکەی “نێتسیڤ” لە کۆتاییدا گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی کە “حکومەتی تاران ئێستا لە پێشبڕکێدایە لەگەڵ کاتدا؛ لە نێوان هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی فریاگوزاریی ئابووری لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە، لەگەڵ ئامادەکاری بۆ سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ڕاپەڕینێکی جەماوەریی حەتمی کە بەهۆی بەرزیی تێچووی بژێوی ژیانەوە سەرهەڵدەدات”.

Back to top button