
یوڤاڵ نوح هەراری لەچاوپیکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێت “ناتانیاهۆ گەورەترین دوژمنی ئیسرائیلە”. باس لەوەشدەکات “کەس بەئەندازەی ئەو میللەتی ئیسرائیلی لەناوخۆدا دابەش نەکردووە”.
ئەم مێژوونووس و نووسەرە ناودارە ئیسرائیلییە جارێکی دیکە بە توندی هێرشی کردە سەر سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلو ڕایگەیاند، “کەس بەئەندازەی ئەو میللەتی ئیسرائیلی لەناوخۆدا دابەش نەکردووە”، هاوکات ڕەخنەی لە سیاسەتی ئیسرائیل لەکەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا گرتو وتی “ئیسرائیل لەڕووی سەربازییەوە سەردەکەوێت، بەڵام لەدەرەوەی وڵات پشتیوانی لەدەستدەدات”،
نوح هەراری، نووسەری کتێبە جیهانییە پڕفرۆشەکانی “مێژوویەکی کورتی مرۆڤایەتی”، “مێژووی سبەینێ” و “نێکسوس”، “21 وانە بۆ سەدەی 21 “، میوانی پۆدکاستەکەی ئێزرا کلاین بوو بۆ گفتوگۆیەک سەبارەت بە لیبرالیزم، ناسیۆنالیزم، زیرەکی دەستکردو شەڕی غەززە – بەڵام بەشێکی زۆری چاوپێکەوتنەکە گۆڕا بۆ ڕەخنەیەکی ئاشکرا لەسەر ئیسرائیل و حکومەتی نەتانیاهۆ و ئەوەی بە مەترسیدار وەسفی دەکات جیابوونەوە لە میراتی جولەکەکان کە بریتییە لە فێربوون و ێبوردەیی.
هەراری لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی لە هەڵوێستی،ئیسرائیلییەکان بەرامبەر بە ئازارەکانی فەلەستین کرد. ئاماژەی بەوە کرد کە “زۆرێک لە ئیسرائیلییەکان بە سەختی تەنها دان بەوەدا دەنێن کە فەلەستینییەکان ئازار دەچێژن”. ئاماژەی بەوەشکرد، تەنانەت کاتێک ئیسرائیلییەکان لەڕووی فیکرییەوە لەوە تێدەگەن، زۆرێکیان ناتوانن ڕاستەوخۆ سەیری ئەم ئازارە بکەن. گوتیشی: “وێنەی منداڵێکی برسی لە غەززە پیشانیان دەدەیت، ئەوانیش دەڵێن: ئەمە هەواڵی ساختەیە. یان یەکسەر گفتوگۆکە دەگۆڕن بۆ شتێکی دیکە، وەک: ئەمە بەهۆی حەماسەوەیە”.
نوح حەراری زیادی کرد: ئەگەر مرۆڤ پێی وابێت ئیسرائیل بە تەواوەتی ڕاست دەکات و حەماس بەرپرسیارێتی تەواو لە ئەستۆ دەگرێت لە بەرامبەر ئەو شتانەی لە غەززە ڕوودەدەن، دەبێت بتوانێت ئاوڕێک لە دەرئەنجامەکانی بداتەوە، ئەو وتی “ئەگەر ئەوەندە ڕاست بێت، ئەگەر ئەوەندە ئەخلاقی بێت، پێویستە ئاسان بێت بۆت کە سەیری دەرئەنجامەکانی دادپەروەری بکەیت، بەڵام زۆر کەس بەسادەیی ناتوانن ئەوە بکەن.”
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئیسرائیل دەسەڵاتی خۆی بە شێوەیەک بەکارناهێنێت کە بتوانێت ڕێککەوتن لەگەڵ فەلەستینییەکان دروست بکات. “دەبێت تا ڕادەیەک پشت بە هێز ببەستیت بۆ دڵنیابوون لەئاسایشت، بەڵام بەسادەیی ناتوانێت ئەمە تاکە شت بێت.” ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هێز تاکە گەرەنتی ئاسایش بێت، “لە کۆتاییدا دەبێت هەموو جیهان داگیربکەیت، من ناڵێم ئیسرائیل سوپاکەی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام باشترە هەم سوپایەکی بەهێزو هەم ڕێککەوتنی ئاشتی هەبێت نەک تەنها یەکێکیان”.
سەبارەت بە حەماسیش وتی “سینوەر سەرکەوتنێکی سەرسوڕهێنەری بەدەستەوە بوو، و تەنها بەهۆی دڕندەیی خۆیەوە سەرکەوتنی لەدەستدا. لە ٧ی تشرینی یەکەمدا حەماس توانی سەرکەوتنێکی سەربازی سەرسوڕهێنەر بەدەستبهێنێت بەسەر سوپای ئیسرائیلداو ئیسرائیل زەلیل بکات”. ئاماژەی بەوەشکرد، حەماس دەیتوانی سەرکەوتنێکی سیاسی و جیۆپۆلەتیکی زۆر گەورەتر بەدەستبهێنێت ئەگەر “تەنها شتێکی جیاوازتری کردبا”، وەک خۆی دەڵێت، “بارمتە مەدەنیەکانی ببەخشیایە”.
ناوبراو سیناریۆیەکی ئەڵتەرناتیڤی وەسف کرد کە تیایدا حەماس بەهەمانشێوە هێرشی کردبووە، بەڵام لەبری کوشتن یان ڕفاندنی هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل، دەیانگرت و بانگهێشتی میدیاکانی جیهانی دەکرد بۆ ئەوەی ببینن ئاو و خۆراک و دەرمانیان پێدەگات. وتی لەو حاڵەتەدا حەماس سەربازەکانی وەک دیلەکانی جەنگ دەگرت، “کە ئەمەش شتێکی شەرعییە”، بەڵام زیان بە هاوڵاتیانی مەدەنی نەدەگەیەنێت. لە سیناریۆیەکی لەو جۆرەدا وتی: “دەستی ئیسرائیل بەسترابوو”و هەردوو ڕای گشتی جیهانی و ئیسرائیل ڕێگەیان نەدەدا غەززە بەو قەبارەیە بۆردومان بکات. وتی: “لە جیهانێکی ئاوادا، شەرعیەتێکی زۆر کەم دەبوو بۆ وەڵامدانەوەی سەرسەختی ئیسرائیل دژی غەززە، حەماسیش سەردەکەوت، نەک تەنها سەرکەوتنێکی تاکتیکی بەڵکو سەرکەوتنێکی سیاسی گەورە. ئەوە ڕووی نەدا، تەنها بەهۆی دڕندەییەکەیانەوە.”
وتی ئیسرائیل “بە شێوەیەکی تاکتیکی لە هەموو شەڕێکدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا کە لەم شەڕەدا ئەنجامیدا”، بەڵام شتێکی قووڵتری لەدەستدا: ئەو چیرۆکەی کە شەرعیەتی لە جیهاندا پێبەخشی. وتی “ئەگەر لەدرێژخایەندا ئەو چیرۆکە لەدەست بدەیت، ئەوا شتێکی ڕاستەقینەت لەدەستداوە، ئەویش پشتیوانی نێودەوڵەتییە.”
ناوبراو حکومەتی ناتانیاهۆی بە گرەوکردن لەسەر نەزمێکی بەهێزی جیهانی وەسف کرد. ئاماژەی بەوەشکرد، “پێموایە ئیسرائیل گرەوێکی گەورە دەکات لەسەر ئەوەی جیهانبینی ستیڤن میلەر (ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی جولەکەکانی ترەمپ) زاڵ دەبێت و ئاماژەی بەوەشکرد، جیهان دەبێتە شوێنێک کە دەسەڵات تاکە شتە گرنگە، ئیسرائیلیش یەکێک دەبێت لە پاڵەوانەکانی ئەو جیهانبینییە. ئەوە ئەو گرەوەیە کە حکومەتی نەتانیاهۆ دەیکات”.





