مایكڵ ڕۆبن: لەئامێزگرتنی کوێرانەی ئەردۆغان لەلایەن تۆم باراکەوە شێتانە دیارە

مایکڵ ڕۆبن، نوسەر و توێژەری ئەمریکی لە کۆڕبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEF) لەبەردەم کۆنگرێس سەبارەت بە چەند پرسێک قسەیکرد، بەشێکی زۆری قسەکانی بۆ دۆسیەکانی پەیوەست بە تورکیا تەرخان کردبوو، ڕۆبن ڕایگەیاند، سەرکوتکارییەکانی ئەردۆغان چیتر تەنها قەیرانێکی پەیوەست بە مافی مرۆڤ نیە لە تورکیا، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و سەقامگیریی ناوچەکە

هەر لەو وتارەی لەبەردەم بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس پێشکەشیکرد مایکڵ ڕۆبن ڕایگەیاند، ڕەوشی مافی مرۆڤ لە تورکیا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر بووە لەبەر دوو هۆکاری پەیوەست بەیەکەوە:

یەکەم: سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێشینە دەدات بە دەسەڵات و دەوڵەمەندبوونی خۆی بەسەر سەروەریی یاسادا. ئەو و ئامینەی هاوسەری لە هەژارییەوە هەڵکشاون بۆ ئەوەی چەندین جار ببنە ملیاردێر، بەبێ بوونی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی ئەوتۆ بۆ سەرچاوەی سامانەکەیان جگە لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی.

دووەم: هۆکاری پاشەکشەی توندی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا لەم ساڵەی دواییدا بۆ واشنتۆن دەگەڕێتەوە. سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و دەستەیەک لە گەورە ڕاوێژکارانی سیاسەت، ئەردۆغانیان قایل کردووە کە ڕووبەڕووی هیچ دەرئەنجامێک نابێتەوە بۆ پێشێلکارییەکانی. لەئامێزگرتنی کوێرانەی ئەردۆغان لەلایەن تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، شێتانە دیارە. لە کاتێکدا هیچ ئیدارەیەک ئەردۆغانی ڕووبەڕووی ئەو لێپرسینەوەیە نەکردووەتەوە کە شایەنییەتی، ئەو هەستکردنە بە پارێزبەندییەی ئێستا هەیەتی هانی دەدات بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ. ئێستا تورکیا هێندەی، ئەگەر زیاتریش نەبێت، هەر کاتێکی تر لە مێژووی دامەزراندنییەوە سەرکوتکارە، تەنانەت ئەگەر سەردەمی دیکتاتۆریی مستەفا کەمال ئەتاتورک و عیسمەت ئینۆنوی جێنشینی، و قۆناغەکانی حوکمی سەربازی لە سەرەتای ساڵانی 1960 و 1980کانیش بە هەند وەربگرین.

هاوکات باسی لەوەشکردووە، ئەردۆغان بۆ نزیکەی چارەکە سەدەیەک زاڵ بووە بەسەر تورکیادا. لایەنگران و نەیارانی لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەو کاریگەرترین سەرکردەی تورکیایە لە دوای ئەتاتورکەوە. ئەردۆغان بە شێوەیەکی سیستماتیک هەوڵدەدات ئەو عەلمانییەتە هەڵبوەشێنێتەوە و تورکیا بکاتە دەوڵەتێکی ئیسلامیی پارێزگار. لە ساڵی 2012دا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە ئامانجییەتی “نەوەیەکی ئیماندار پەروەردە بکات”. ئەوەی گەشتیاران لە سوڵتان ئەحمەد و بەیئۆغڵو دەیبینن لە بنەڕەتدا پارکێکی کاتبەسەربردنە، و هێندەی جیاوازیی نێوان ئاپەر وێست سایدی مانهاتن و ساوز برۆنکس، لە تێکڕای تورکیا دابڕاوە. کەم گەشتیار هەن کە سەردانی سوڵتانبەیلی بکەن کە گوزارشتێکی باشترە لە تورکیایەکەی ئەردۆغان، کە ئیسلامی، پارێزگار و هەژارە.

مایکڵ ڕۆبن لە وتارەکەیدا دەڵێت: لەم دواییانەشدا، دادگاکانی ئەردۆغان دەستیان وەرداوە بۆ دوورخستنەوەی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی هەڵبژێردراوی پارتی گەلی کۆماریی ئۆپۆزیسیۆن (جەهەپە). ئەمە وەک ئەوە وایە کە سەرۆکێکی کۆمارییەکان لە ئەمریکا بتوانێت سەرۆکی لیژنەی نیشتمانیی دیموکراتەکان هەڵبژێرێت، یان سەرۆکێکی دیموکراتەکان بتوانێت ئەو سەرکردایەتییە کۆمارییە هەڵبژێرێت کە پێی باشە کێبڕکێی لەگەڵدا بکات. ئەوەی وەزیری دەرەوە مارکۆ روبيۆ کەمێک دوای لادانی ئۆزەل قسە لەگەڵ فیدان بکات و، بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوە، باسی کودەتا دادوەرییەکە نەکات، لە ئەنقەرە وەک چرایەکی سەوز بۆ هێرشی زیاتر بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆنی دیموکراتی لێکدەدرێتەوە.

ئاشتی پێویستی بە ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەیە

بەشێکی دیکەی وتارەکەی ڕۆبن تەرخانکرابوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی، ئەو دەڵێت: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پارتی کرێکارانی کوردستانی لە ساڵی 1997دا وەک گروپێکی تیرۆریستی پۆلێن کرد، ئەوەش لە پاشخانی هەوڵێکی ئیدارەی کلینتۆن بۆ گرێدانی ڕێککەوتنێکی فڕۆکەی هێلیکۆپتەر لەگەڵ تورکیا. تەنزەکە لەم پۆلێبەندییەدا ئەوە بوو کە زیاتر لە دەیەیەک دوای ئەوە هات کە پەکەکە دەستی بە یاخیبوونەکەی کرد.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە لوتکەی یاخیبوونەکەیدا، پەکەکە توندوتیژ بوو. گروپەکە ئەمریکییەکانی نەدەکردە ئامانج، بەڵام کردەوەی تیرۆریستی دژی هاونیشتمانیانی کورد و تورک ئەنجام دەدا، ڕێک وەک چۆن سوپای تورکیا دەیکرد. سەرەڕای ئەوەش، وەک زۆر گروپی تر، پەکەکە گەشەی کرد و گۆڕا. تەنزەکە لە داواکارییەکانی ئەمریکا کاتێک ڕایدەگەیەنێت کە دەیەوێت حکومەتێکی سووری هەبێت کە ژنان و کەمینەکان لەخۆبگرێت و تێکەڵی بکات، ئەوەیە کە پێشتر قەوارەیەکی لەو شێوەیە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەبوو، کە بە عادەتی بە ڕۆژئاڤا ناسراوە. ئەوەی کە ترەمپ و باراک هێزیان بەو ئیسلامییانە بەخشی کە ئاهەنگیان دەگێڕا بۆ شێواندن و فڕێدانە خوارەوەی ژنانی کورد لە بیناکانەوە، شەرمەزارییەکە کە ڕەنگە واشنتۆن لەبیری بکات، بەڵام هەموو سوورییەکان و کوردەکان لەبیریان دەمێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا، هۆکاری ئەوەی کە ڕۆژئاڤا تاقیکردنەوەیەکی زۆر سەرکەوتوو بوو تا ئەوکاتەی ئەمریکا خیانەتی لێکرد و بەکرێگیراوانی سەر بە تورکیا داگیریان کرد، دەگەڕێتەوە بۆ پێشکەوتنی دەیان ساڵەی پەکەکە.

بە گوتەی ڕۆبن، کاتێک لە ئایاری، پەکەکە ڕایگەیاند کە چەک دادەنێت و هەڵدەوەشێتەوە “من قسەم لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ناو بازنەی پەکەکە کرد سەبارەت بە بڕیارەکەیان: ئەوان پێیان وابوو ئەوەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدەستیان هێناوە مۆدێلێکی سەرکەوتوو بووە، لە ڕووی ئابووری، سیاسی، و کۆمەڵایەتییەوە. ئەوە زیاتر ببووە براندی ئەوان وەک لە شەڕی سەردەمی جەنگی سارد. لەوانەیە بە ساویلکەییەوە باوەڕیان وابووبێت کە ئەگەر پەکەکە هەڵبوەشێننەوە، تورکەکان هیچ پاساوێکیان نامێنێت بۆ شەڕکردن و سەرکوتکردنی کورد. لەبری ئەوەی هەلێک بۆ ئاشتی بقۆزێتەوە، ئەردۆغان بەهۆی هەستکردنێکی هەڵە بە سەرکەوتن، لەخۆبایی بوو. دوای زیاتر لە ساڵێک، ئەو شکستی هێناوە لە پێشکەشکردنی هیچ ئۆفەرێکی بنەڕەتی بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناڕەزایەتییە ڕەوایانەی کە زیاتر لە چوار دەیە لەمەوبەر بوونە هۆی سەرهەڵدانی یاخیبوون.

ئەوەشی خستەڕوو “تورکیا بەردەوامە لە هێشتنەوەی دامەزرێنەری پەکەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە گۆشەگیریدا لە دوورگەیەکی زیندان لە دەریای مەڕمەڕە. ئۆجەلان ڕەزامەندی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دا. دەیان ساڵ لە دانوستانی نهێنیی نێوان ئۆجەلان و هەواڵگریی تورکیا، ئەو سەرکردە زیندانیکراوەی کردووەتە کوردێکی پێویست و بێجێگرەوە. هیچ ڕێککەوتنێک بەبێ قبوڵکردنی ئەو ناکرێت، و دانوستانەکانیش ناتوانن بچنە پێشەوە تا ئەو کاتەی ئۆجەلان لە زینداندا بمێنێتەوە. زۆرێک لە کوردەکان ئۆجەلان وەک کەسایەتییەکی نوێی نێڵسۆن ماندێلا دەبینن، کەسێک کە دوای زیندانیکردنێکی درێژخایەن، درکی بە گرنگیی پێکەوەژیان و لێخۆشبوون کرد. زۆرێک لە تورکەکان ڕقیان لە ئۆجەلانە بەهۆی ئەو یاخیبوونەی سەردەمانێک پەکەکە بەڕێوەی دەبرد، بەڵام ئاشتی پێویستی بە تێپەڕاندنی ڕابردوو و پرۆسەی ڕاستی و ئاشتەوایی هەیە. هەرگیز ئاشتی و ئاسایش لە تورکیادا نابێت تا ئەو کاتەی تورکەکان لە ناو باڵۆنە ناسیۆنالیستییەکەی خۆیاندا گۆشەگیر بن و بە پڕۆگرامێکی ناسیۆنالیستی بەڵام نادروست مێشکیان شۆرابێتەوە، و گوێیان لە ئەزموونی زۆرێک لە هاووڵاتییە تورکییەکانی تر نەبێت کە بە ڕەچەڵەک کوردن. ئەمریکا دەتوانێت ئاشتی بەرەوپێش ببات و ڕۆڵی خۆی وەک نێوەندگیر بچەسپێنێت ئەگەر پەکەکە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەربهێنێت، بۆ ئەوەی ڕێگە بە بیرمەندانی پەکەکە بدات سەفەر بکەن بۆ واشنتۆن لە عێراق، سوریا، فەرەنسا، و بەلجیکاوە کە ئێستا لێی نیشتەجێن. ڕەنگە ئەردۆغان گلەیی بکات، بەڵام نە مافەکانی مرۆڤ و نە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئەمریکا پێویستیان بە دڵدانەوەی دیکتاتۆرە پیرەکان نییە”.

Back to top button