
کاتێک سەرکردەیەکی سیاسی عێراق یان هەرێمی کوردستان لە لاپەڕەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پەیامێک، چالاکییەک یان هەر شتێکی دیکەی بڵاو دەکاتەوە، شەپۆلێک لە کاردانەوەی جیاواز دروست دەبێت، بەڵام ئەو کاردانەوەیەی هەمیشە ئامادەیی هەیە “پێکەنین”ی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانە بەو پۆستەی سیاسییەکە لە لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکەی بڵاویکردوەتەوە.
ئەم دیاردەیە ئەمە بووەتە زمانێکی نوێی سیاسی و جۆرێک لە ناڕەزایەتیی دەستەجەمعی کە هاوسەنگیی هێز لە نێوان دەسەڵاتدار و هاووڵاتیاندا پێناسە دەکاتەوە.
سەرەکیترین پاڵنەری ئەم دیاردەیە، ئەو درزە قووڵەیە کە لە نێوان واقیعی ژیانی خەڵک و گوتاری فەرمیی بەرپرساندا هەیە، کاتێک هاووڵاتیان لەناو قەیرانی بژێوی، نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی و بێکاریدا دەژین، بینینی وێنەی کۆبوونەوە فەرمییەکان یان لێدوانی بەرپرسان لای ئەوان وەک “کۆمیدیا” دەردەکەوێت. لێرەدا، ڕیاکتی پێکەنین نیشانەی ڕازیبوون نییە، بەڵکو دەربڕینی ڕەخنەیەکی توندە بەرامبەر بەو نامۆییەی بەرپرسان لە واقیعی سەر شەقام.
لە ژینگەیەکدا کە ڕەخنەگرتنی ڕاستەوخۆ یان خۆپیشاندانی مەیدانی ڕووبەڕووی بەربەست، فشار یان لێپرسینەوەی ئەمنی دەبێتەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فەزایەکی جێگرەوەیان ڕەخساندووە. کلیککردن لەسەر ڕیاکتی پێکەنین بووەتە ئاسانترین و سەلامەتترین کەرەستەی “بەرگریی مەدەنی”. بەکارهێنەر بەبێ نووسینی کۆمێنتی توند یان بەکارهێنانی ناوی ڕاستەقینە، دەتوانێت بەشدار بێت لە کەمکردنەوەی بەهای پەیامێکی سیاسی و گەیاندنی پەیامی ناڕەزایەتی بە کۆمەڵ.
لە ڕابردوودا، دەسەڵاتی سیاسی هەمیشە لە چوارچێوەیەکی فەرمی، دوورەدەست و تەمومژاویدا خۆی نیشان دەدا. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم جیاکارییەیان نەهێشت. ئێستا، کاتێک هاووڵاتی دەبینێت دەتوانێت لە ژێر پۆستی بەرزترین دەسەڵاتی وڵاتدا ڕیاکتی گاڵتەجاڕی دابنێت، جۆرێک لە هەستی یەکسانی یان بەهێزیی لا دروست دەبێت. ئەم ڕەفتارە فۆرمی “پیرۆزیی” پێگەی سیاسی تێکدەشکێنێت و بەرپرسەکە لە واقیعدا دەهێنێتە خوارەوە.
لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە، کاتێک مرۆڤ لەبەردەم قەیرانی بەردەوام و بێهیوایی قووڵدا بێدەسەڵات دەبێت، پەنا بۆ “کۆمیدیای ڕەش” دەبات وەک میکانیزمێکی پارێزگاری لە تەندروستیی دەروونیی خۆی. پێکەنین بە لێدوانی سیاسییەکان، یارمەتی هاووڵاتیان دەدات بارگرانی واقیعەکە لەسەر شانی خۆیان کەم بکەنەوە و نیشانی بدەن کە چیتر ڕووداوەکان تووشی شۆکیان ناکەن.
بەڵام بینینی ئەم بابەتە لە گۆشەنیگای دەسەڵاتەوە ڕاستییەکی تر دەردەخات؛ زۆرجار دەسەڵاتداران ڕێگری لەم جۆرە پێکەنین و تەنزە ناکەن، چونکە وەک “دەرچەیەک بۆ بەتاڵکردنەوەی فشاری جەماوەر” تەماشایان دەکات. کاتێک توڕەیی خەڵک لە بری ڕژانە سەر شەقام و دروستکردنی فشاری ڕاستەقینە، دەبێتە نوکتە و میم لە فەیسبووک و تیکتۆک، فشارەکە لەسەر حکومەت کەم دەبێتەوە. دەسەڵات ترسی لە “شەقامی توڕە” هەیە، نەک لە “شاشەی پێکەناویی”.
بۆ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان، زۆر ئاسانترە بەرگەی هەزاران ڕیاکتی پێکەنین بگرن و پشتگوێی بخەن، وەک لەوەی ڕووبەڕووی مانگرتنێکی سەرتاسەریی، بایکۆتی مەدەنی یان گردبوونەوەیەک ببنەوە کە کاروبارەکان پەکبخات. پێکەنینەکە هیچ مەترسییەکی دارایی یان ئیداریی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەوان دروست ناکات.
بەرپرسانی عێراق پلاتفۆرمی ئێکس (تویتەری پێشوو) وەک سەکۆیەکی پارێزراو بۆ لێدوانە فەرمییەکانیان بەکاردەهێنن، چونکە کەمتر ڕووبەڕووی شەپۆلی توڕەیی جەماوەر دەبنەوە. بەڵام کاتێک دێنە سەر فەیسبووک کە بەپێی ئامارەکان نزیکەی 20 ملیۆن عێراقی لێیە، ناچارن ڕووبەڕووی ئەو ‘ئۆپۆزیسیۆنە بێدەنگە’ ببنەوە کە بە ڕیاکتی پێکەنین و تەنز پێشوازی لە پەیامەکانیان دەکەن.





