
هەر لە سەرەتاوە دیار بوو کە ئەمریکییەکان نەیاندەویست بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ “چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە” بکەونە کێشەوە، بەڵکو لەبری ئەوە یارییەکی دیکەیان هەڵبژارد، کە ئەویش “دابەشکردنی چوارچێوەکە” بوو لە ناوەوەی خۆیدا.
واشنتۆن دەمێکە درکی بەوە کردوە کە ئەوەی پێ دەوترێت “چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە” پڕە لە “تەماح” و “ترس”. هەربۆیە مەکینەی فشاری خۆی خستەگەر و هەڕەشەکانی دەستپێکرد بەڵام ئەمجارە بە تویتێکی کورت.
گەورەترین تاقیکردنەوە بۆ ئەم ستراتیژەی ئەمریکا، پرسی کاندیدکردنی نوری مالیکی بوو. کاتێک مالیکی وەک “کاندیدی بەهێز” خۆی نیشان دا، کۆشكی سپی بەبێ دەنگی پەیامێکی گەیاندە سەرکردە شیعەکان: “گەڕانەوەی مالیکی واتە گەڕانەوە بۆ سەردەمی کەنارخستنی عێراق و سزا داراییەکان”.
سەرچاوەیەکی باڵا لە بەغدا بە کورد مۆنیتەر-ی گوت: پەیامەکەی ئەمریکا وەک بۆمبێکی ئەتۆمی بوو بۆ ناو ماڵی شیعە؛ هەرزوو لایەنە میانڕەوەکانی ناو چوارچێوەکە لەوانە: عەممار حەکیم و حەیدەر عەبادی درکیان بەوە کرد کە ناتوانن لە پێناو تاکە کەسێکدا کە ئەمریکا ڤیتۆی لەسەرە، سەرکێشی بە حکومەتی داهاتووە بکەن، بۆیە بەناچاری دژی کاندیدکردنی مالیکی وەستانەوە، لێرەوە یەکەم درزی گەورە کەوتە ناو چوارچێوەکە و مالیکی لە کاندیدی “سەرەکی”یەوە بوو بە کاندیدێکی “مەحاڵ”.
ئێستا واشنتۆن بەدوای کەسێکدا دەگەڕێت کە نە “ئایدیۆلۆژی” بێت و نە “خاوەن میلیشیا”. بتوانێت لەسەر ئەو پەتە باریکەی نێوان ئێران و ئەمریکا یاری بکات بەبێ ئەوەی بکەوێت.
یەکێکی دیکە لەو مەرجانەی ئەمریکا کە وایکردوە چوارچێوەی هەماهەنگی دۆش دابمێنێت و ناکۆکییەکانیان زیاتر بێت ئەوەیە، هەر کەسێک ببێت بە جێگرەوەی مالیکی، دەبێت ڕێگری بکات لە بەقاچاخبردنی دۆلار، هەر بە تەنها توانای کۆنترۆڵکردنی گروپە چەکدارەکانی نەبێت بەڵکو دەبێت گروپەکان هەڵبوەشێنێتەوە. ئەمەش نەک هەر زەحمەتە بەڵكو وەک دەڵێن؛ نزیکە لە خەیاڵ.
ئەمڕۆ کە سەیری دۆخەکە دەکەین، دەبینین ئەمریکا توانیویەتی چوارچێوەی هەماهەنگی بخاتە ناو تونێلێکی تاریکەوە. لە لایەکەوە دۆلار وەک پەتێک لە ملی ئابووری عێراق ئاڵاوە و ڕێگە نادات حکومەت لە هێڵە سوورەکان لابدات، لە لایەکی تریشەوە، ئەو گروپانەی کە پێشتر هەڕەشەیان دەکرد، ئێستا دەبینن کە بەرژەوەندیی سیاسی و داراییان لەوەدایە کە “بێدەنگ بن” تا هەم حکومەتەکەیان نەڕووخێت، هەم دۆلارەکانیشان گەرەنتیکراو بێت.
واشنتۆن بەم یارییە توانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە هێزێکی “هێرشبەر”ەوە بگۆڕێت بۆ هێزێکی “بەرگریكار” کە تەنها خەمی ئەوەیەتی چۆن لە دەسەڵات بمێنێتەوە و تووشی سزای زیاتر نەبێت، بەڵام خەمی سەرکردە شیعەکان بەتایبەت ئەوانەی بەشێکی گەورەن لە “بەرەی مقاوەمە” خەمێکی عێراقیی نییە، بەڵکو خەمە لە لەدەستدانی هەزاران سەرمایەگوزاریی و بازرگانیی گەورە، کە لەپاڵ سێبەری حەشدی شەعبی دا ساڵانێکە دۆلار هاوشێوەی لافاو دەچێتە هەژمارە بانکیەکانیانەوە.
جوڵەکەی ئەمریکا زیرەکانە بوو، چونکە کشانەوە یان بەردەوامبوونی مالیکی، چوارچێوەی هەماهەنگیی ڕوبەڕووی سەختترین بڕیار دەکاتەوە کە هەڵوەشانەوەیانە، چونکە ئەگەر مالیکی سوربێت لەسەر کاندیدبوون، ئەوا دەبێت چوارچێوەی هەماهەنگیی خۆی لێ بێبەریی بکات، لەوکاتەشدا دابەشبوون و جیابوونەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگی ڕوودەدات، خۆ ئەگەر چوارچێوە بڕیاری دورخستنەوەی مالیکی بدات، ئەوا دیسانەوە دەنگە ناڕازییەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی دژی ئەو بڕیارە هەڵوێست وەردەگرن.
لەکۆتاییدا، ئەمریکا بەبێ ئەوەی یەک فیشەک بتەقێنێت، چوارچێوەی هەماهەنگیی خستە بەردەم دوو ڕێیانێکی سەخت: یان دەبێت ببێتە ‘بەشێک لە دەوڵەت’ و یاساکانی یارییەکە قبوڵ بکات، یان دەبێت چاوەڕێی هەرەسهێنانی دارایی و سیاسی بێت. ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی شیعەکانە؛ ئایا بەرژەوەندیی تاقم و گروپەکانیان دەپارێزن، یان ملی خۆیان بۆ پەتی دۆلار شۆڕ دەکەن؟





