ئێران پلانی مەترسیدارەکەی 21 ساڵ پێش ئێستا چالاک دەکات

 

ئێران پلانێکی مەترسیداری هەیە بۆ فراوانکردنی شەڕ لە ئاستی ناوچەیی، لە پێناو پاراستنی ڕژێمەکەی لە کەوتن، ڕۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ-ی ئەمریکیش وردەکاریی پلانەکە ئاشکرادەکات.

ڕۆژی شەممە ڕۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، تاران پلانێکی مەترسیدار و هێرشبەرانەی جێبەجێ کردووە کە بە پلەی یەکەم ئامانجی دەستەبەرکردنی مانەوەی ڕژێمە لە ئەگەری تیرۆرکردنی سەرکردایەتی باڵا بە خودی ڕێبەری ئێرانیشەوە. بەپێچەوانەی ڕێبازەکەی لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کە لەسەر بنەمای وەڵامدانەوەی سنووردار و ڕاستەوخۆی هێرشەکان بوو، تاران بەپێی ئەم ستراتیژە نوێیە فراوانکردنی مەودای ڕووبەڕووبوونەوەکانی کردووەتە ئەولەویەت، بەتایبەتی بەئامانجگرتنی دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو و پەکخستنی ئابووری جیهانی.

ئەم ڕێبازە ڕێبازە نوێیەی ئێران ئەو شتە لەخۆدەگرێت کە بە “بەرگری مۆزایک” ناسراوە، مۆدێلێکی بەرگری لامەرکەزییە کە دەسەڵاتی فراوان دەدات بە فەرماندە مەیدانیەکان بۆ بەردەوامبوون لە شەڕ تەنانەت ئەگەر لە فەرماندەیی ناوەندیش داببڕێن.

ئێران دوای شەڕی دوانزە ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل لە حوزەیرانی ڕابردوودا، ئەم ستراتیژەی چالاک کرد، دوای ئەوەی سەرکردایەتی ئێران گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ڕێبازی پێشووی هەڵەیەکی ستراتیژی بووە.

سەرەڕای ڕزگاربوونی لە یەکێک لە نابەرامبەربەرترین شەڕەکان کە تا ئێستا کردوویەتی، دوای ئەوەی هێرشەکان ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە باڵا سەربازییەکانی ئێرانی کوشت و بەشێکی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە ژێر خاکدا ناشت و بەشێکی بەرچاو لە بەرگرییە ئاسمانییەکانی لەناوبرد، ئێران لە سووڕێکی دووبارەبووەوەی خراپبوون لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا گیری خواردووە، ئێستا لاوازتر دەردەکەوێت و نەیارەکانی لەو بوێرتر دەردەکەون، بۆیە بۆ تاران ئەوە ڕوون بووەوە کە درێژەدان بە ڕێبازی پێشوو ئیتر جێگای جێبەجێکردن نییە.

ئاماژەکان بۆ ئەم گۆڕانکارییە هەر لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە دەستی پێکرد، کاتێک بەرپرسانی ئێران هۆشدارییان دا کە هەر وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشێکی نوێ لە وەڵامەکانی پێشوو ناچێت. هەروەها ئێران لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە پەیامی تایبەتی بە دراوسێکانی گەیاندووە و تێیدا هاتووە “ئەم وڵاتانە لە هێڵی پێشەوە دەبن ئەگەر جارێکی دیکە شەڕ سەرهەڵبداتەوە”، بەپێی ئەوەی ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی عەرەبییەوە بڵاویکردووەتەوە.

ماوەیەکی کەم پێش کۆتا خولی دانوستانە ئەتۆمییەکان لە مانگی شوباتدا، عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، لە ڕێگەی عومانەوە پەیامێکی بە ئەمریکا گەیاند و ڕایگەیاند، تاران چیتر پابەند نابێت بە وەڵامدانەوەی ڕێژەیی و لە بەرامبەر هەر هێرشێکدا تۆڵەی قورس دەکاتەوە.

چاودێران پێیان وایە یەکێک لە هێزە بزوێنەرەکانی ئەم گۆڕانکارییە، پەرەسەندنی بیروڕایەکە لەناو ئێراندا کە دەڵێت، وەڵامەکانی پێشووی ئەو وڵاتە زۆر ڕەمزی و کۆنتڕۆڵکراو بوون.

لەم چوارچێوەیەدا، تریتا پارسی، جێگری سەرۆکی ئینستیتیوتی کوینسی لە واشنتۆن گوتی، “هەستێکی بەهێز لە نێو بەرپرسانی ئێراندا هەیە کە وەڵامەکانی تاران لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی پێشووتر لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا زۆر ڕەمزی و سنووردار بوون.” ئاماژەی بەوەشکرد، “ڕوانگەی ئێستای ئێران ئەوەیە کە هیچ ئاگربەستێک ناتوانێت بونی هەبێت، مەگەر هەمووان هەست بەوە نەکەن کە شەڕەکە تێچووی زۆری هەبووە”.

ڕۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ باس لەوەشدەکات، تاران قومارێکی ستراتیژی گەورە ئەنجام دەدات، کە مەودای شەڕەکە فراوانتر دەکات لەکاتێکدا ڕووبەڕووی دوو لە بەهێزترین هێزی ئاسمانی جیهان دەبێتەوە. ئەم قومارە دەتوانێت کاردانەوەی پاشەکشەی هەبێت و دەرگایەک بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەکتەرە نوێیەکان بەشداری شەڕی دژی تاران بکەن یان دراوسێکانی سزای دارایی زیاتر بسەپێنن.

ئێران لە سەرووی هەموو شتێکەوە مانەوە لە پێشینەیە بۆی، هەر بۆیە مۆدێلی “بەرگری مۆزایک”ی خۆی چالاک کردووە کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2005 دا ڕاگەیەندرا.

فەیلەقی سوپای پاسدارانی ئێران بەسەر 31 ناوەندی فەرماندەییدا دابەشکراوە- یەکێک لە ناوەندی فەرماندەیی و لە هەریەک لە 30 پارێزگاکە و ڕێگە بە گواستنەوەی خێرای دەسەڵات دەدات ئەگەر سەرکردایەتی باڵا بکوژرێت.

 

Back to top button