حکومەتی هەرێمی کوردستان بیر لە کڕینی سیستمی دژە درۆن لە ئۆکرانیا دەکاتەوە

 

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، لە ئاسمانی زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە لەلایەن ئێران و گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراقەوە هەڵدرابوون، بە ئازادییەکی تەواوەوە دەسوڕانەوە. تەنها هەولێری پایتەختی هەرێم بوو کە خاوەنی سیستەمی بەرگری پێشکەوتووە و لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بۆ پاراستنی بنکەیەکی ئاسمانی سەرەکی دابین کراوە. لە دەرەوەی ئەم سنوورەدا، هیچ شتێک نییە ڕێگری لە هێرشەکان بکات بۆ سەر بنکەکانی پێشمەرگە، کێڵگە نەوتییەکان و تەنانەت ماڵی هاووڵاتیانی مەدەنی-ش.

لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ئێران، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نەبوونی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان کە بەدەست هێرشە شەوانە بەردەوامەکانەوە دەناڵێنن.

لە کاتێکدا واشنتن شکستی هێناوە لە وەڵامدانەوەی داواکارییەکان بۆ دابینکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەنگە مۆدێلێکی تری بەرگری ئاسمانی هەبێت کە پەنای بۆ ببرێت. بە ئیلهام وەرگرتن لە مەیدانەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا، سوپاکانی جیهان بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە سیستەمە هەرزانەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جۆری (C-UAS) دەکەن بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانەی کە سیستەمە پێشکەوتوو و گرانبەهاکان وەک پاتریۆت و تاد (THAAD) جێی دەهێڵن.

بەڵگەیەکی کەم لەبەردەستە کە نیشانی بدات سیستەمە دژە درۆنەکانی (C-UAS) ئێستا لەسەر ئاستێکی فراوان لە هەرێمی کوردستاندا بەکاربهێنرێن، بەڵام ئەمە شتێکە کە بەرپرسانی ئەوێ حەز دەکەن لە داهاتوودا بەدەستی بهێنن.

لەو چوارچێوەیەدا، بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم بە ماڵپەڕی “ئەمواج میدیا”ی ڕاگەیاندووە: “ئێمە دەمانەوێت و هەوڵێکی زۆر دەدەین بۆ دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستەمی دژە درۆن و ڕاداری دۆزینەوە”. ئاماژەی بەوەش کردووە: “بە کورتی، ئێمە سیستەمێکمان دەوێت بۆ دیاریکردنی شوێنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، ناسینەوەیان و مامەڵەکردن لەگەڵیان”.

ئەلێکس ئەلمێیدا، شرۆڤەکاری ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆمپانیای “هورایزن ئینگەیج” بۆ ڕاوێژکاری مەترسییە سیاسییەکان دەڵێت: “ئەمە بێگومان شتێکە کە دەبێت حکومەتی هەرێم لێکۆڵینەوەی تێدا بکات، ئەگەر پێشتر دەستی پێ نەکردبێت”.

سیستەمەکانی (C-UAS) سیستمێکە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (وەک شاهیدی ئێرانی) دەدۆزنەوە و شوێنپێیان هەڵدەگرن، پاشان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تر یان مووشەکی بەرگریکار بۆ لەناوبردنیان بەکاردەهێنن. ئەمە پەرەسەندنێکی نوێیە کە بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای نوێوە گونجاو بووە و لە چوارچێوەی داگیرکاری ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا سەرنجی بەرپرسان و ڕای گشتی بۆ خۆی ڕاکێشا.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی (CPT) کە لایەنێکی ناوخۆییە بۆ چاودێری ململانێکان، نزیکەی 500 هێرش لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی مانگی یەکەمی جەنگی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا ڕوویان داوە. لەو ژمارەیە سوپای پاسدارانی ئێران 179 هێرشی ئەنجام داوە، لە کاتێکدا بەرپرسیارێتی ئەوانی تر خراوەتە ئەستۆی گروپە هاوپەیمانەکانی ئێران (بەرەی مقاوەمە).

تیمەکانی (CPT) دەڵێن 359 هێرش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی تێدا بووە و زیاتر لە 100 مووشەکی بالیستی تەقێنراون. سی پی تی مەزەندە دەکات کە نزیکەی نیوەی ئەو مووشەک و درۆنانە پێش پێکانی ئامانجەکەیان بەهۆی کێشەی تەکنیکی یان بەرپەرچدانەوەوە شکستیان هێناوە.

ئەلمێیدا بە “ئەمواج میدیا”ی ڕاگەیاندووە کە بنکەی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی هەولێر ئێستا بە مووشەکی پاتریۆت، مووشەکی کورت مەودای “ڕاپید سێنتری” بەریتانی، درۆنی “کۆیۆتی” دژە درۆن، و سیستمی”سی-رام” بۆ بەرگریی پارێزراوە. هەروەها هەوڵی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ خستنەخوارەوەی ئەو درۆنانەی لەلایەن ئێران و هاوپەیمانەکانییەوە ئاڕاستەی هەرێم دەکرێن بەردەوامە.

بەڵام زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی هەولێر ئەم سیستمە بەرگرییەیان نیە؛ شارە سەرەکییەکانی وەک دهۆک و سلێمانی، و کێڵگە نەوتی و گازییەکانی وەک کۆرمۆر و سەرسەنگ و ملیۆنان هاووڵاتی مەدەنی بێ پاراستن ماونەتەوە. هێزەکانی پێشمەرگە پەنایان بۆ بەکارهێنانی چەکی سوک بردووە لە هەوڵێکی بێئومێدانەدا بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.

ئەو تەقەمەنییانەی دەتوانن لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی بدەن، لەگەڵ پاشماوەی ئەو مووشەکانەی دەخرێنە خوارەوە، زیانی گەورە بە ژێرخانی گرنگی وەک پاڵاوگەکانی نەوت، بنکە سەربازییەکان و ماڵی هاووڵاتیان دەگەیەنن. لانی کەم 18 کەس لە هێرشە ئاسمانییەکانی ناو هەرێمی کوردستان لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە 28ی شوباتەوە شەهیدبوون، کە ئەم ژمارەیە هاووڵاتی مەدەنی، پێشمەرگە و پێشمەرگەی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانیش دەگرێتەوە.

لە وەڵامی ئەمەدا، حکومەتی هەرێم داوای لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی کردووە سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ دابین بکەن. یاسای ڕێپێدانی بەرگری نیشتمانی ئەمریکا بۆ ساڵی 2024 بڕگەیەکی تێدابوو کە ڕێگەی بە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەدا پلانێک بۆ دابینکردنی کەرەستە و مەشق بۆ هێزەکانی پێشمەرگە ئامادە بکات، بەڵام ئەم بڕگەیە جێبەجێ نەکرا، ئەوەش پێدەچێت بەهۆی کەمیی سیستەمە بەردەستەکان بێت لە سایەی داواکاری زۆری هاوبەشەکانی تری ئەمریکا وەک ئیسرائیل، تایوان و ئۆکرانیا. جەنگی ئێستا فشاری لەسەر سیستەمەکان و کۆگای مووشەکە بەرپەرچدەرەوە سنووردارەکان زیاد کردووە.

شکستی ئەمریکا لە دابینکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ پێشمەرگە، بێئومێدییەکی گەورەی لای حکومەتی هەرێم دروست کردووە. عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم، لە تشرینی دووەمی ڕابردوو دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سۆشیاڵ میدیا نووسیویەتی: “دەبێت چەند هێرشی تر ڕووبدەن بۆ ئەوەی حکومەتی ئەمریکا بە سادەیی ڕێگە بە حکومەتی هەرێم بدات کەرەستەی دژە درۆن بکڕێت بۆ بەرگریکردن لە ئاسمان و ژێرخانە گرنگەکانمان؟”

لە کاتێکدا هەولێر ڕەخنەی ئاشکرای ئاڕاستەی واشنتن کردووە، بەغدا وەک بەربەستی سەرەکی دیپلۆماسی لەبەردەم جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی دەبینرێت، ڕەنگە مەترسیدارتر ئەوە بێت کە وەک ئاسانکارێک بۆ هێرشی گروپە چەکدارە شیعەکان سەیر بکرێت. عەزیز ئەحمەد مانگی ڕابردوو دوای شەهیدبوونی کارمەندێکی ئەمنی لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر گوتی: “ئەو تاوانبارانەی ئەم درۆن و مووشەکانە دەتەقێنن، مووچەکانیان لە حکومەتی عێراقەوە وەردەگرن”.

بەهۆی سەروەرییەکەی بەسەر کاروباری سەربازیدا، دەبێت حکومەتی فیدراڵی عێراق ڕەزامەندی بدات لەسەر هەر گواستنەوەیەکی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە ئەمریکاوە بۆ هەرێم. تا ئێستا واشنتن وریایانە هەنگاو دەنێت، چونکە ئێستا سەرقاڵی دانوستانە لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی دووقۆڵی نوێ بۆ جێگرتنەوەی ڕێککەوتنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە وادەکەی کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت.

بە لەبەرچاوگرتنی هەموو سنووردارکردنەکان، شایەنی لێکۆڵینەوەیە کە ئایا مۆدێلێکی جیاواز کە پشت بە سیستەمی (C-UAS) ببەستێت (هاوشێوەی ئەوەی لە ئۆکرانیا بە سەرکەوتوویی بەکاردێت) دەکرێت لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.

ئەلێکس ئەلمێیدا دەڵێت: “بۆ هێزێکی وەک پێشمەرگە کە بودجەیەکی سنووردار و توانایەکی کەمی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمە زۆر پێشکەوتووەکان، درۆنە چوارپەڕەکان و درۆنە بەرپەرچدەرەکان بژاردەیەکی ژیرانەن”. دەشڵێت: “ئەمانە زۆر گونجاوترن لە سیستەمە پێشکەوتووەکانی مووشەکی زەوی-بۆ-هەوا (SAM)، چونکە هەرزانترن، لە جەنگدا تاقی کراونەتەوە و بەدەستهێنانیان ئاسانترە بەراورد بە سیستەمە نەریتییەکان”.

جێگیرکردنی ئەم سیستەمانە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پشتبەستنی کورد بە ئەمریکا، کە ئەمەش نیگەرانی لای بڕیار بەدەستان، بەتایبەت لە سایەی سیاسەتە مشتومڕاوییەکانی ئیدارەی ترامپ بەرامبەر دۆزی کورد لە سوریا (لە کانوونی دووەم) و ئێران (لە ئازاردا) دروستکردووە.

هەروەها ئەم بژاردەیە ڕەنگە نیگەرانییەکانی حکومەتی فیدراڵی عێراقیش بڕەوێنێتەوە، چونکە بەکارهێنانی “چەکی قورس” ناگرێتەوە. بەڵام دوورە لەوەی ئەمە لای ئەو گروپە چەکدارانەی هەرێم دەکەنە ئامانج قبوڵکراو بێت.

سەرەڕای ئەمانە، حکومەتی هەرێم ڕووبەڕووی ئاستەنگی کردەیی زۆر دەبێتەوە بۆ بەدەستهێنان و بەڕێوەبردنی سیستەمی (C-UAS)، لەوانەش کڕینی کەرەستەکان و گەیشتنیان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و پاشان وەرگرتنی ئەزموونی پێویست بۆ بەکارهێنانیان. ئەزموونی ئۆکرانیا نیشانی دەدات کە ئەم ڕێڕەوە پێویستی بە ساڵانێک کارکردنی جدی هەیە، هەرچەندە مەحاڵ نییە.

ئەلمێیدا دەڵێت: “ئەم سیستەمانە تا ڕادەیەک هەرزان و بچووکن، پێویستیان بە سەکۆی هەڵدانی تایبەت نییە و دەکرێت دووبارە بەکاربهێنرێنەوە ئەگەر ئامانجەکەیان نەپێکا، هەروەها مەودایەکی باشیان هەیە و پێویستیان بە مەشقێکی ئاڵۆز و درێژخایەن نییە”. ئاماژەی بەوەش کرد کە “هێزە نانەریتییەکان” لە جیهاندا ئێستا ئەم درۆنانە بەکاردەهێنن. هەرچەندە ئەم گۆڕانکارییە هێشتا بە تەواوی لە عێراق ڕەگی دانەکوتاوە.

لە 31ی ئازاردا، گرتە ڤیدیۆییەک نیشانی دا درۆنێکی بچووکی بەرپەرچدەر بە ئاسۆیی دەفڕێت و درۆنێکی جۆری “شاهید” لە نزیک هەولێر دەخاتە خوارەوە. ئەلمێیدا پێیوایە “ئەمە ئەگەری زۆرە درۆنێکی بەرپەرچدەری ئەمریکی بێت کە لە تەکنەلۆژیای ئۆکرانییەوە وەرگیراوە، ڕەنگە لە جۆری مێرۆپس یان سیستەمێکی هاوشێوە بێت”. هێشتا ڕوون نییە کام لایەن ئەم سیستەمەی بەڕێوە بردووە.

ئەم دیمەنانە نیشانی دەدەن کە هەندێک لایەن دەستیان کردووە بە هێنانەناوەی شێوازێکی نوێی جەنگی درۆن بۆ ناوچەکە. پرسیارە هەرە گرنگەکە ئەوەیە ئایا حکومەتی هەرێم دەتوانێت مۆدێلێکی بەرگری ئاسمانی پەرەپێبدات کە لەگەڵ بارودۆخی خۆیدا بگونجێت؟ چونکە ئاسایشی ژێرخانە گرنگەکان، سەقامگیری ئابووری و لە سەرووی هەمووشیانەوە سەلامەتی دانیشتوانە مەدەنییەکە لە مەترسیدایە.

Back to top button