
لەگەڵ کاتژمێرەکانی بەرەبەیان دا، کاتێک شارۆچکەی “ئەلسەدە” بە دەنگی مانگا و گامێشەکان و بۆنی شیری تازە بەخەبەر دێت؛ دەنگی ئاو لەگەڵ یادەوەریی باوپاپیران تێکەڵ دەبێت. لەوێ (گێمەڕ- قەیماغی ئەلسەدە) دروست دەکرێت، ڕێک وەک چۆن سەدان ساڵە هەیە، بە ڕێوڕەسمێک کە ئاگر و ئارامی و ئاو کۆدەکاتەوە.
بەربەستی (سدة الهندية) بە کۆڵەکە کۆنکرێتییەکان و دەروازە ئاسنینەکانییەوە لەسەر سنگی فورات وەستاوە، تا ئاوەکە کۆبکاتەوە و بەپێی پێویست بەری بداتەوە بۆ شارۆچکەیەک کە وەک هەر شارێکی تری سەر ڕووبارەکانی جیهان، پڕە لە ژیانی میللی، خەڵکەکەی ماسی دەگرن، شیر دەخۆنەوە و زوو دەخەون تاوەکو بەیانییان بۆ بەناوبانگترین نانی بەیانیی عێراقی بەخەبەر بێن.
لەو شوێنەی کە مێژوو و ئاو بەیەک دەگەن، شارۆچکەی “ئەلسەدە” لە پارێزگای بابل هەموو بەیانییەک چیرۆکەکانی خۆی بەو ڕۆتینەی کە میوانەکانی خۆشیان دەوێت، دووبارە دەکاتەوە. لە گوندەکانیدا کە هێشتا بێدەنگ و ئارامن، خەڵکی پێویستیان بە زەنگی مۆبایل نییە بۆ بەخەبەرهاتن، تەنها دەنگی گامێشەکان لە تەوێڵە نزیکەکانەوە بەسە بۆ ڕاگەیاندنی سەرەتای ڕۆژێکی نوێ.
ڕێوڕەسمی دروستکردنی گێمەر (قەیماغ)
لەگەڵ یەکەم تیشکی بەرەبەیان، ڕێوڕەسمێکی دێرین دەست پێدەکات کە باوکان لە باپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە: دروستکردنی “گێمەری سەدە”، ئەو قاپە سپییە کرێمییەی کە بووەتە نیشانەیەکی دیاری سەر سفرەی بەیانییانی عێراق.
ئەم خواردنە زیاتر گرنگی بە “تام” دەدات نەک “شێوە”، بۆیە چاوەڕێ مەکە ئەو قەیمەغە کرێمییەت بە شێوەی “ڕۆڵ” و ڕیزکراو بۆ بێت، ئەو تەنها چوارگۆشەیەکی سپییە لەناو قاپێکدا کە شیری تێدایە، چوارگۆشەیەک بە تامێکی بێوێنە لەسەر رووی زەمین دا.
چیرۆکی خۆڕاگری لەپشت تامە خۆشەکە
بەڵام لەپشت ئەو تامە خۆش و بۆنە تایبەتە، چیرۆکێک هەیە کە بەهۆی مەینەتییەکانی وشکەساڵی و گرانبوونی نرخی ئالیکەوە قورس بووە. ئەمە چیرۆکی “گامێشی فوراتی” ڕەسەنە کە بەرگری دەکات بۆ ئەوەی بمێنێتەوە، و چیرۆکی خاوەنەکانیانە کە تەنها ئارامی و خەون و ئارەقەی نێوچاوانیان شک دەبەن کە لەگەڵ ڕەوتی ڕووبارەکەدا درێژ دەبێتەوە.
لە بەشی ڕۆژهەڵاتی شارەکە، لە ناوچەی “ئەلسەدە”، تەنها یەک ماڵ هەیە کە خەریکی دروستکردنی ئەم بەرهەمەیە: ماڵی ئوم عەبدوڵڵا، ئەو خانمەی گێمەرەکەی دروست دەکرد و پێش دوو دەیە کۆچی دوایی کرد. لەوێ ڕێگە قوڕاوییە تەسکەکان دەست پێدەکەن، ڕێگەیەکی تەسک کە تەنها یەک ئۆتۆمبێل پیایدا دەڕوات و قامیش و چڵ و پۆپی دارەکان لە پەنجەرەکان دەدەن، تاوەکو ئاسۆ بەرەو ڕووبارەکە و کێڵگە پان و بەرینەکان دەکرێتەوە.
لە ناو جەرگەی کێڵگەیەکی سەوزدا، لە ژێر تیشکی خۆرێکی گەرمدا کە دەگاتە 40 پلەی سیلیزی، دەیان گامێش بە تەمەڵی دەجووڵانەوە و بە چاوە ڕەشە سافەکانیانەوە سەیری دەوروبەریان دەکرد. لە ناوەڕاستی گەلەگامێشەکاندا، نەوەی بنەماڵەکە، موسلیم عەبدوڵڵا، وەک فەرماندەیەک لە ناو سەربازەکانیدا وەستاوە و گۆچانەکەی لە زەوی چەقاندووە.

موسلیم، میراتی چەندین نەوەی لە شارەزایی بەخێوکردنی گامێش و دروستکردنی گێمەری ڕەسەنی عێراقی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، بەڵام ئێستا نائومێدە بۆ داهاتووی ئەو ریشەیەی لە باپیرانیەوە بۆی ماوەتەوە؛ ئەمەش بەهۆی وشکەساڵییەکەوە کە گەیشتووەتە شارۆچکەی “ئەلسەدە”، سەرەڕای ئەوەی خەڵکەکەی بە “سەرچاوەی ئاو”ی ناوچەکە ناوی دەبەن.
موسلیم لە کاتێکدا بە چاوێکی پڕ لە نیگەرانی و خۆشەویستییەوە سەیری گامێشەکانی دەکرد، گوتی:”دوو ساڵ لەمەوبەر، پێش ئەوەی وشکەساڵی ببێتە واقیع، خێر و بێرێکی زۆرمان هەبوو، ڕۆژانە 25 بۆ 30 کیلۆگرام قەیماغمان بەرهەم دەهێنا. بەڵام ئێستا، ناچار بووین بەشێک لە ئاژەڵەکانمان بفرۆشین تا بتوانین ئالیک بۆ ئەوانی تر دابین بکەین و لە ژیاندا بمێننەوە”.
موسلیم تەنها بەخێوکەرێکی ئاسایی نییە، بەڵکو خوێندنی لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی موستەنسریە تەواو کردووە، هاوڕێکانی لە بەغدا هەمیشە تامی ئەو گێمەرە بێوێنەیەیان کردووە، کە بە دەستی بنەماڵەکەی موسلیم دروست دەکرێت.
ژمارەی ئەو گامێشانەی ئێستا لەو ناوچەیە ماون نزیکەی 60 بۆ 70 سەرە، لە کاتێکدا پێشتر گەلەگامێشەکان دەگەیشتنە نزیکەی 150 سەر. موسلیم دەڵێت: “هەموو شتێک گۆڕاوە، بەرهەم کەم بووەتەوە، ئێمە ناچارین جۆرە جیاوازەکانی ئالیک دابین بکەین: کای وشکی گەنم، سۆس، ئارد، و دەنکە لۆکە کە چەوریی شیرەکە خەست دەکاتەوە. هەموو ئەمانە بە نرخی گران دەکڕین، چونکە خواردنی گامێش زۆر گرانە، بەڵام دەبێت بیانپارێزین. ڕێگەی ترمان نییە جگە لەوەی هەندێکیان بفرۆشین بۆ ئەوەی خزمەتی ئەوانی تر بکەین، ئەمە تاقە ڕێگەیە بۆ مانەوەیان”.
لە تەممووزی ڕابردوودا، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق جەختی کردەوە لەوەی، لە ساڵی 1933وە بۆ ئێستا، ئەمساڵ وشکترین ساڵی عێراقە. ئاماژەی بەوەش کرد، داهاتی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات گەیشتووەتە تەنها 27% بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو. هەروەها کۆگاکانی ئاو لە بەنداوەکاندا بۆ 8%ـی توانای خۆیان دابەزیون، ئەمەش نیشانەی دابەزینێکی مەترسیدارە بە ڕێژەی 57% بە بەراورد بە ساڵی پار.

ئەم وەرزی وشکەساڵییە لە شارۆچکەی “ئەلسەدە”یشی داوە، ئەو شوێنەی پێشتر بە “سەرچاوەی ئاو” ناو دەبرا، ئێستا بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی فوراتەوە تووشی کێشە بووە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری کردووەتە سەر ژیانی گامێشەکان کە بە تەواوی بەستراوەتەوە بە ئاوەوە.
گامێشی فوراتی
“هێێێێێ ڕوباع.. هێێێێ وەررررد.. وەرە وەرە”، بەم شێوەیە موسلیم بانگی هەندێک لە گامێشەکان دەکات، وەک بڵێی ناوی هەریەکەیان لە ناخی دڵەوە دەڵێت. ئەمە نە زمانە و نە زاراوە، تەنیا بانگکردنێکە بە شێوە دەربڕینی جیاواز، هەر گامێشێک ناوی خۆی دەبیستێت، واز لە خواردن دەهێنێت و سەر هەڵدەبڕێت وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ خاوەنەکەی.
ئەم گەنجە کاتێک باس لە جۆری گامێشەکان دەکات، شانازییەکی زۆر بە دەموچاوییەوە دیارە و دەڵێت: گێمەری باش بە پلەی یەکەم بەستراوەتەوە بە جۆری ئاژەڵەکەوە، ئاژەڵی ئێمە فوراتیی ڕەسەنە. دووەمیش بەستراوەتەوە بەوەی چی دەخوات، سوبحانەڵلا وەکچۆن هەنگ کاتێک خواردنی سروشتی دەخوات هەنگوینی باش بەرهەم دەهێنێت، گامێشیش بۆ شیرەکەی هەر وایە. ئەم جۆرە گامێشەی لای ئێمە تامی گێمەرەکە بە تەواوی دیاری دەکات.
هەروەها دەڵێت: “ئێمە ئەم ڕەچەڵەکە دەپارێزین لەبەر گرنگی و دەگمەنییەکەی، چونکە سەدان ساڵە بۆمان ماوەتەوە، لە شێوە و تامی شیر و هەموو شتێکدا زۆر جیاوازە لە گامێشی ئەهوارەکان.
شێوەی گامێشی فوراتی
زۆربەی گامێشەکانی ناو ئەو کێڵگەیە مووی چڕیان پێوە نییە، بوونەوەرێکی ڕەشی گەورە، خاوەن جەستەیەکی بەهێز و ماسولکەدار، چاوێکی ڕەشی ساف و برژانگێکی درێژ، قۆچێکی هیلالی کە بە لایەکاندا خوار بووەتەوە، لەگەڵ نیگایەکی پڕ لە سۆز و هەستیار.
سامر خەفاجی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بابل دەڵێت: “ئەم گامێشە ڕەچەڵەکی بۆ هیندستان دەگەڕێتەوە، ئاژەڵێکی نایابی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە کە لە عێراق پەروەردە کراوە، داهاتی بەرهەمهێنانی زۆر بەرزە بە بەراورد بە ئاژەڵەکانی تر.
هەروەها دەڵێت کە پارێزگای بابل بەم جۆرە گامێشە جیا دەکرێتەوە، کە بە جوانی، گەورەیی قەبارە و زۆریی بەرهەمەکەی دەناسرێتەوە. ئەو شیرەی ئەم ئاژەڵە بەرهەمی دەهێنێت، دەگۆڕدرێت بۆ بەرهەمی ناوازە و بێوێنە وەک گێمەری بەناوبانگی ئەلسەدە، لەگەڵ پەنیر کە یەکێکە لە گرنگترین بەرهەمەکانی. خەفاجی بە شانازییەوە ڕوونی دەکاتەوە: “ئەم جۆرە گامێشە بەشێکە لە ناسنامەی کشتوکاڵی و خۆراکیی پارێزگاکە”.
موسلیم سەردانی شارەزایەکی کوردی تەمەن هەشتا ساڵان باس دەکات کە لەگەڵ شاندێکی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی (FAO) چووەتە ناوچەکەیان، ئەو شارەزایە سەرسام ببوو بە ریشەی گامێشی فوراتی کە لای بنەماڵەی موسلیم هەبوو، شارەکە لە سەردانەکەیدا بە “باشترین جۆری گامێش” وەسفی کردبوون.
موسلیم بە شانازییەوە ئاماژە بە گامێشێک دەکات کە تەمەنی لە 20 ساڵ تێپەڕیوە و جەخت دەکاتەوە لەوەی، لێکچوونی قۆچی گامێشەکان نیشانەی پاکیی ڕیشەکەیانە: “سەیری قۆچەکانیان بکە هەمووی وەک یەکن، یەکێکیان شۆڕ نەبووەتەوە و ئەوی تریان بەرز بێت، هەمووی لە یەکترەوە نزیکن. ئێمە پێی دەڵێین (ئەکوەڕ)، ئەمە بەڵگەیە کە هەموویان یەک ڕیشەن.. ئەم گامێشەی لێرەیە تەمەنی 20 ساڵە و هێشتا بەهێزە و بەرهەمی هەیە”.
موسلیم بە خۆشەویستییەوە سەیری ئەو ئاژەڵە دەکات کە لە منداڵییەوە هاوڕێی بووە تا ئەو کاتەی ئێستا خۆی بووەتە باوک.
وشکەساڵی
کەمیی ئاو بووەتە هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر ئەم ئاژەڵە ناوازەیە. موسلیمی تەمەن 30 ساڵ دەڵێت: “وشکەساڵی کاریگەرییەکی زۆری هەبووە، ئاو دەگمەن بووە، لە کاتێکدا گامێش پێویستی بە بڕێکی زۆر ئاو هەیە بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێنێتەوە و بەرهەمەکەی بەردەوام بێت. ئێمە هەوڵ دەدەین لە هەر شوێنێک بێت ئاو دابین بکەین، گۆماوی بچووک دروست دەکەین و پاکیان دەکەینەوە، هەروەها ئاژەڵەکان دەشۆین (مەلەیان پێ دەکەین) تا گەرمای هاوینیان لەسەر کەم بێتەوە”.
موسلیم دەڵێت: “ئەگەر دەستوەردان بۆ چارەسەری کێشەکە نەکرێت، وشکەساڵی کاریگەریی خراپی لەسەر بەرهەمهێنانی شیر بەردەوام دەبێت و پاراستنی ئەم میراتە قورستر دەبێت” ئەو بە خەمبارییەوە دەشڵێت: “داهاتوو بەرامبەر وشکەساڵی باش نییە، ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخەکە بۆ ئاژەڵەکان قورستر دەبێت، ئاو 75٪ـی بەرهەمی شیر پێکدەهێنێت، هەر کەمییەک لە ئاودا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی بەرهەمی گێمەر”.
موسلیم دەربارەی سوڕی بەرهەمهێنانی گامێش باس لەوەدەکات، لە مانگی ئەیلوول بەرەو سەرەوە وەرزی زاوزێ دەست پێدەکات، بەڵام لە سەرەتای هاویندا بەرهەم کەم دەبێتەوە، هەر بۆیە گێمەر لە زستاندا زیاتر دەست دەکەوێت وەک لە هاوین. هەروەها ئاماژە بەو بارگرانییە داراییە دەکات کە بەرۆکی گرتوون: لە هاویندا ناچار دەبین هەندێک لە گامێشە گەنجەکان (وەک شەفج، بەجەر و حەولییە) بفرۆشین تەنها بۆ ئەوەی پارەی خواردنی ئەوانی تر دابین بکەین.
گامێشێک ڕۆژانە نزیکەی 15 کیلۆگرام شیر بەرهەم دەهێنێت، بەڵام کوالیتی شیرەکەی بە تەواوی بەستراوەتەوە بە ڕادەی چاودێریکردن و پێدانی خواردنی گونجاوەوە.
عێراق بە نیشتمانێکی گرنگی ئاژەڵی گامێش دادەنرێت، کە زۆربەیان لە ژینگەی ئەهوارەکانی باشووردا کۆبوونەتەوە، زۆر کەس بە مەڵبەندی سەرەکیی تێدەگەیشتن تەنانەت پێش هیندستانیش، چونکە شوێنەوارناسەکان ئاماژە بە بوونی گامێش دەکەن لە وڵاتی نێوان دوو ڕووبار لە ڕێگەی ئەو نەخشانەی کە مێژووەکەیان بۆ 4600 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەم ڕەگ و ڕیشە مێژووییە قووڵەی ئەم ئاژەڵە، نەیپاراستووە لە مەترسی لەناوچوون، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی سەرچاوەکانی ئاو کە عێراق بەدەستییەوە دەناڵێنێت.
موسلیم سەردەمانی داپیرەی کەمێک لەبیرە کە کاتەکانی لەنێوان شیر و دووکەڵ و ئاگردا بەسەر دەبرد، هەنگاوەکانی دروستکردنی گێمەر و تەواوی پڕۆسەکە وەک خۆی دەیگێڕێتەوە: “لە دوو کاتدا گامێشەکان دەدۆشین، بەیانییان کاتژمێر پێنج و ئێوارانیش کاتژمێر پێنج. شیری بەیانییان لەناو بەفرگرەکاندا بۆ ساردکردنەوە هەڵدەگرین، چونکە ساردکردنەوە گرنگترین شتە، هەر دواکەوتنێک دەبێتە هۆی تێکچوونی شیرەکە. عەسران شیری بەیانی و شیری ئێوارە تێکەڵ دەکەین، پاشان دەیخەینە ناو (سەفەرتازی)، کە مەنجەڵی تایبەتن و بە شێوەیەکی نەریتی دەخرێنە سەر ئاگر. دارێکی تایبەت لە چڵەداری توو بۆ لێدان و تێکدان بەکاردەهێنین، ئامێری ئاسن وەک کەوگیر بەکارناهێنین، چونکە ئەوە زیان بە تامی گێمەرەکە دەگەیەنێت.
شیرەکە بۆ ماوەی کاتژمێرێکی تەواو تێکەڵ دەکەین، پاشان بە سەبەتەیەک کە لە چڵەداری هەنار دروست کراوە دایدەپۆشین و بۆ ماوەی شەش کاتژمێر لەبەر هەوا جێی دەهێڵین، تاوەکو چینە گێمەرەکە لەسەر ڕووەکەی دروست دەبێت. بەیانی ڕۆژی دواتر، گێمەرەکە هەڵدەگرین و دەیخەینە سەر چینێکی ڕووکەش تاوەکو لەسەر ئەو شیرە ماوەیەی کە پێی دەوترێت (شیری گەڕاوە) سەرکەوێت، کە بۆ دروستکردنی پەنیر بەکاردێت. ئەم ڕێگەیە لە باوپاپیرانمەوە بۆم ماوەتەوە، لە داپیرمەوە بۆ دایکم، ئێمەش وەک میراتێکی ڕەسەنی عێراقی ئەم پیشەیە دەپارێزین.
فرۆشتنی گێمەر
موسلیم باسی لە ساغکردنەوە و داواکاری لەسەر گێمەرەکە کرد: “دوکانێکمان لەناو “ئەلسەدە” هەیە و شوێنێکی تریشمان بۆ ساغکردنەوەی گێمەرەکە لە چوارڕیانی”سەدە-موسەیەب” هەیە، ناوچەکەمان بە کانگای گێمەر ناسراوە.
دەربارە گەیشتنی گێمەرەکە بۆ بەغدا، موسلیم دەڵێت: “هەر کەسێک تامی گێمەرەکەی ئێمەی کردبێت و لە بەغدا تاقیی بکاتەوە، دەزانێت کە تامەکەی جیاوازە. ئێمە زنجیرەی ئامادەکردنەکەمان لە سەردەمی باپیرمەوە پاراستووە کە لە ساڵی 1920 لەدایکبووە، تەنانەت باپیری چوارەمیشمان پێش ئێمە هەر گێمەری دروست کردووە”.

بۆ موسلیم و خێزانەکەی، گێمەر تەنیا پیشەیەک نییە، بەڵکو مێژو و میراتێکی ڕاستەقینەیە، تەنیا بەرهەمێکی خۆراکی نییە، بەڵکو چالاکییەکی کۆمەڵایەتی زیندووە، کە تەواوی خێزانەکە لە بەرەبەیانەوە تا ئێوارە تێیدا بەشدار دەبن، کوڕان لە باوکیانەوە بۆیان ماوەتەوە وەک نیشانەیەک بۆ وابەستەیی بە بنەچەیانەوە.
کڕیارەکان پێش ئەوەی دەرگای دووکانەکان بکرێنەوە، ڕێگەی ئەو ماڵە دەزانن، هەندێکیان دەیان کیلۆمەتر دەبڕن تەنیا بۆ ئەوەی بەشە گێمەری هەفتانەی خۆیان دەست بکەوێت.
لە بۆنە ئایینییەکان و وەرزە کشتوکاڵییەکاندا داواکاری لەسەر گێمەر زیاد دەکات، تا وای لێ دێت گێمەر دەبێتە هێمای ناسنامەی ئەو شوێنە و وەک زێڕ بە دیاریی دەبرێت، دەکرێت، هەر پارچە گێمەرێک کە دەفرۆشرێت، چیرۆکی گامێشێکی دیاریکراو و ئاوی ڕووبارێکی ناسراو و حیکایەتی ماڵێکی لەپشتە، کە هێشتا ئەندامەکانی بەرەبەیان بە شیر و دووکەڵ و ئاگر و یادەوەریی، ڕۆژەکەیان دەست پێ دەکەن.





