
لە بودجەی ساڵی 2027ی عێراق، بەغدا داوای کۆنترۆڵکردنی ئەو کێڵگە نەوتییانە دەکات کە لە دهرهوهی ناوچهکانی هەرێمی کوردستانە، کورد مۆنیتەر زانیاریی گرنگ لەوبارەیەوە ئاشکرادەکات.
بەگوێرەی گوتەی سەرچاوەیەکی باڵا کە لەبەغداوە بۆ کورد مۆنیتەر قسەیکرد، لە ڕەشنووسی بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق باس لە کۆنترۆڵکردنی ئەو کێڵگە نەوتییانە کراوە کە دەکەونە دەرەوە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و داواکراوە، سەرجەمیان لەلایەن بەغداوە کۆنترۆڵ بکرێن کە بەمشێوەیەن:
کێڵگەی شێخان: دەکەوێتە باکووری نەینەوا/قەزای شێخان لە ناوچە جێناکۆکەکان. لەلایەن کۆمپانیای گەڵف کیستۆنـەوە بە گرێبەست لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەڕێوەدەبرێت.
کێڵگەی سەرسەنگ دەکەوێتە سەر سنووری کارگێڕیی هاوبەشی پارێزگای دهۆک و دەشتی نەینەوا، کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆم و ئێچ کەی ئێن ئینێرجی کاری تێدا دەکەن.
بلۆکی عەین سەفنی: بە هەمان شێوە دەکەوێتە ناوچەی شێخان و دەشتی نەینەوا، کۆمپانیای هانت ئۆیڵ پەرەی پێدەدات.
بلۆکی بەردەڕەش: دەکەوێتە قەزای بەردەڕەش (لە ڕووی مێژوویی و ماددەی 140 لە سنووری نەینەوایە بەڵام لە ڕووی دیفاکتۆ و کارگێڕییەوە بە دهۆک بەستراوەتەوە).
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد، دوای قسەکانی ئەمڕۆی عهدنان فهیحان جێگری یهكهمی سهرۆكی پهرلهمانی عێراق کە گوتی: ههرێمی كوردستان له دهرهوهی ناوچهی خۆی كێڵگهی نهوت بهڕێوهدهبات، كێ ئهم دهسهڵاتهی پێداوه؟ ئەو تێگەیشتنە لە بەغدا دروستبووە کە دەبێت کۆنترۆڵی ئەو کێڵگە نەوتییانە بگەڕێتەوە ژێر دەستی بەغدا.
هاوکات فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، لە بودجەی سێ ساڵی پێشووی عێراق ئەوە دیاریکرابوو کە ئەو کێڵگە نەوتییانەی لە سنوری ناوچە کێشە لەسەرەکاندایە، دەبێت لەژێر دەسەڵاتی بەغدا بێت، بەڵام ماددەکە بەهۆی هەندێک دۆخەوە جێبەجێ نەکرا.





