
نیگەرانییە ژینگەییەکان لە عێراق لە زیادبووندان لەگەڵ تۆمارکردنی ڕێژەیەکی بەرزی بەکارهێنانی پلاستیک کە دەگاتە نزیکەی 20 هەزار تۆن لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا حکومەت بەنیازە بۆ سنووردارکردنی بەکارهێنانی کیسی پلاستیکی پلانی نوێ ڕابگەیەنێت.
ئەحمەد ساڵح، شارەزا و چالاکوانی ژینگەیی دەڵێت، ڕێژەی بەکارهێنانی پلاستیک لەلایەن تاکی عێراقییەوە، چ بەو ئامارانەی کە بڵاوکراونەتەوە یان بە ئاماری دیکە، ئاماژەی نیگەرانکەرن و سنوورە ژینگەییەکان تێدەپەڕێنن.” هۆکاری ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ “کۆمەڵێک هۆکار کە پەیوەندییان بە قەبارەی ئەو پاشماوانەوە هەیە کە ڕۆژانە کۆدەکرێنەوە، لەگەڵ ئەو دەردراوە غازییانەی کە لە پلاستیکەوە دروست دەبن لە کاتی دەرچوونی لە سیستەمە فیزیکییەکەی و شیبوونەوەی، تەنانەت ئەگەر شیبوونەوەکەش کەم بێت، ئەو پرۆسانە دەبنە هۆی دەرچوونی هەندێک غاز، ئەمە سەرباری شێواندنی دیمەنەکان و کەڵەکەبوونی ماددە ڕەقە شیبووەوەکان لە ناو ژینگەدا.”
هەروەها دەشڵێت: “فڕێدانی پلاستیک بەو قەبارەیەی ئێستا ناکرێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت. چونکە دەبێتە هۆی دەرەنجامی نەرێنیلەسەر ژینگەی عێراق.” جەختیشی لەوە کردەوە کە “ئەم دۆسیەیە پێویستی بە ڕێوشوێنی گشتگیرتر و قووڵتر هەیە، لەگەڵ یاسا و ڕێنمایی وردتر و توندتر بۆ سنووردارکردنی بەکارهێنانی هەزاران تۆن پلاستیک کە لە کۆتاییدا وەک پاشماوەی ژینگەیی دەمێننەوە.”
دەرفەتێکی لەدەستچوو
ساڵح ڕوونی دەکاتەوە کە “بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی ڕەنگە پاڵنەر بێت بۆ بەهێزکردنی پرۆسەکانی دووبارە بەکارهێنانەوە، هەروەها بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و پێویستی بە دەرفەتی کار، دەرگا دەکاتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پلاستیک وەک سەرچاوەیەکی ئابووریی شیاوی وەبەرهێنان.”
ئاماژە بەوەش دەکات کە “دەتوانرێت پلاستیک بکرێت بە ماددەی خاو و بخرێتە ناو پیشەسازییەوە، ئەویش لە ڕێگەی هاڕینی و گۆڕینی بۆ دەنکۆڵە، پاشان توانەوە و دووبارە بەکارهێنانەوەی بۆ بەرهەمهێنانی بەشی جیاواز لە پیشەسازییەکاندا، بەمەش پلاستیک لە یەک کاتدا دەبێتە سووتەمەنی، ماددەی خاو و دەرفەتی کار.”
ئەم چالاکوانەی ژینگە پێی وایە کە “واقیعی ئێستا چاوەڕێی گۆڕانکارییە لە قۆناغی داهاتوودا”، پێشبینیش دەکات کە “عێراق لە داهاتوودا، بەهۆی گۆڕانکارییە ئابوورییەکانەوە، لە مۆدێلی بەکارهێنانی پلاستیک و فڕێدانی لەگەڵ زبڵەکان، بگۆڕێت بۆ مۆدێلێک کە لەسەر بنەمای دووبارە بەکارهێنانەوە و بەردەوامی بنیات نرابێت.”
20 هەزار تۆن ڕۆژانە
لوئەی موختار، وتەبێژی وەزارەتی ژینگە، ئاشکرایکرد کە تاکی عێراقی ڕۆژانە نزیکەی نیو کیلۆگرام پلاستیک بەکاردەهێنێت، کە نزیکەی 10 کیسی “نایلۆن” لەخۆدەگرێت. ڕوونیشی کردەوە کە ئەم ڕێژەیە، بەپێی ژمارەی دانیشتووان، بە واتای بەرهەمهێنانی نزیکەی 20 هەزار تۆن دێت لە ڕۆژێکدا، بەدەر لە پاشماوەکانی دیکە. هەروەها پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا شوێنەکانی زبڵخانی تەندروستی توانای لەخۆگرتنی ئەم بڕە زۆرانەیان هەیە.
قەدەغەکردنی دابەشکردنی پلاستیک
ئەنجومەنی وەزیران لە 19ی ئایاری ئەم مانگەدا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پێشنیازەکانی لیژنەی نیشتمانی بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی پلاستیکی، کە بریتی بوون لە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کیسی پلاستیکی، و قەدەغەکردنی دابەشکردنی بێبەرامبەری کیسی پلاستیکی بازاڕکردن لە ماوەی شەش مانگدا دوای دەرچوونی بڕیارەکە.
هەروەها ئەنجومەنەکە ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر سەپاندنی باجی خزمەتگوزارییە ژینگەییەکان کە چاودێری و هەڵسەنگاندنی ژینگەیی بۆ بەرهەمهێنەرانی کیسی پلاستیکی دەگرێتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئاراستەی گۆڕینیان بە جێگرەوەی دۆستی ژینگە و شیاوی شیکبوونەوە.
پلاستیک و مرۆڤ
شارەزایان هۆشداریی دەدەن، کە پلاستیک ماددەیەکی هاوردەکراوە و زیانێکی دارایی دروست دەکات، وە زێدەڕۆییکردن لە بەکارهێنانی دەبێتە هۆی هەڵاوسان لە ناو بازاڕدا و بەهەدەردانێکی ئابووریی شاراوە.
لایەنە ژینگەییەکان هۆشدارییان دا لە بەردەوامبوونی ئەم ڕێژانە، و جەختیان لەوە کردەوە کە کەڵەکەبوونی پلاستیک و کاریگەرییەکانی “مایکرۆ پلاستیک” چیتر تەنها لەسەر ژینگە کورت نابێتەوە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ کاریگەری لەسەر ژیان و تەندروستی گشتی، لەگەڵ هۆشدارییەکان سەبارەت بە ئەگەری گەیشتنی گەردیلە وردەکانی پلاستیک بۆ ناو ئەندامە سەرەکییەکانی جەستەی مرۆڤ.





