55%ی ڕووبەری خاکی عێراق مەترسیی بەبیابانبوونی لەسەرە و ساڵانە 100 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی لەناودەچێت

روانگەی عێراقی سەوز، هۆشداریدا لەوەی کە قەیرانی بەبیابانبوون لە عێراقدا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و لە ئاستی “ئاڵنگاریی ژینگەیی”یەوە گۆڕاوە بۆ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاسایشی خۆراک، سەقامگیریی ئابووری و کۆمەڵایەتی، کە ئەمەش لەمەودای دووردا ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵات دەبێت.

روانگەكە لە ڕاپۆرتێکدا کە بە بۆنەی “ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون و وشکەساڵی” بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە نوێترین داتاکانی دەزگای ئامار لە وەزارەتی پلان دانان و ڕاپۆرتە نیشتمانییەکانی تایبەت بە ژینگە، دەریدەخەن ڕووبەری ئەو زەوییانەی کە لە عێراقدا مەترسیی بەبیابانبوونیان لەسەرە گەیشتووەتە نزیکەی 96.5 ملیۆن دۆنم، ئەمەش دەكاتە 55.5%ی کۆی گشتیی ڕووبەری وڵات.

باس لەوەشکراوە: ڕووبەری ئەو زەوییانەی کە بە کردەیی بوونەتە بیابان، بۆ نزیکەی 40.4 ملیۆن دۆنم بەرزبووەتەوە، ئەم ژمارەیەش ڕەنگدانەوەی خێرابوونی ڕەوتی تێکچوونی ژینگە و پاشەکشەی سیستمە سروشتییەکانە بۆ بەرگەگرتنی لێکەوتەکانی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا.

روانگەی عێراقی سەوز ڕوونیکردووەتەوە کە عێراق ساڵانە نزیکەی 100 هەزار دۆنم لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی لەدەستدەدات، ئەمەش بەهۆی سوێربوونی خاک، گەیشتنی بیابان بە زەوییەکان و تێکچوونی بەپیتیی خاک؛ هاوکات لەگەڵ پاشەکشەی ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی کە پشت بە ئاوی سەر زەوی دەبەستێت، بەهۆی بەردەوامیی دابەزینی ئاستی ئاو و کەمبوونی سەرچاوە ئاوییەکان.

پارێزگاکانی (زیقار، میسان، موسەنا و دیوانییە) لە ڕیزی ئەو ناوچانەن کە زۆرترین زیانیان بەهۆی بەبیابانبوون و وشکەساڵییەوە بەرکەوتووە، بە شێوەیەک کە دەیان گوند بەدەست وشکبوونی کەناڵەکانی ئاودێری و پاشەکشەی چالاکیی کشتوکاڵییەوە دەناڵێنن. لە لایەکی دیکەشەوە، ناوچەکانی هۆڕەکان بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوەوە بەدەست بارودۆخێکی ژینگەیی مەترسیدارەوە دەناڵێنن، کە بووەتە هۆی پاشەکشەی هەمەجۆریی بایۆلۆژی و مرداربوونەوەی ڕێژەیەکی زۆری ماسی و سامانی ئاژەڵی.

تەشەنەسەندنی بەبیابانبوون لە عێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکاری جیاواز، دیارترینیان: کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاوی ڕژاو بۆ ناو وڵات لە ڕێگەی ڕووبارەکانی دیجلە و فوڕات و لقەکانیانەوە، کە ئەمەش دەرەنجامی دروستکردنی بەنداو و پڕۆژەکانی ئاودێرییە لەو وڵاتانەی سەرچاوەی ئاوەکەن، لە پاڵ کاریگەرییە خێراکانی گۆڕانی کەشوهەوا، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین و زیادبوونی ئاستی بەهەڵمبوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، عێراق لە ڕیزی ئەو وڵاتانەی جیهاندایە کە زۆرترین کاریگەربوونیان بە گۆڕانی کەشوهەوا لەسەرە، ئەمەش ئاڵنگارییە ژینگەیی و گەشەپێدانەکانی بەردەم وڵاتەکە زیاتر دەکات و ئەو مه‌ترسییانەش دوو هێندە دەکات کە پەیوەستن بە ئاسایشی ئاو و خۆراکەوە.

هەروەها دووپاتیکردووەتەوە کە وشکەساڵی و بەبیابانبوون لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بوونەتە هۆی کۆچکردنی هەزاران خێزانی گوندنشین و جووتیاران لە ناوچەکانی خۆیانەوە بەرەو سەنتەری شارەکان، ئەوەش دوای لەدەستدانی سەرچاوەی بژێوی ژیانیان؛ ئەم دۆخەش گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر ژێرخان و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان لە ناوچە شارنشینەکاندا

جگە لەوەش، روانگەکە هۆشداریداوە لەوەی بەردەوامیی تێکچوونی ژینگە و نەبوونی چارەسەری ڕیشەیی، لە داهاتوودا ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی زریانە خۆڵاوی و لمییەکان، بەجۆرێک کە هەندێک لە خەمڵاندنە ژینگەییەکان ئاماژە بەوەدەکەن ڕەنگە ژمارەی ڕۆژانی خۆڵبارین لە عێراق بۆ نزیکەی 200 ڕۆژ لە ساڵێکدا بەرز ببێتەوە، ئەگەر بێتو بارودۆخی کەشوهەوای ئێستا بەردەوام بێت و ڕێژەی بەبیابانبوون خراپتر ببێت.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا، روانگەکە داوای پەسەندکردنی ستراتیژییەکی نیشتمانیی گشتگیر دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان بە شێوازێکی بەردەوام، لەگەڵ بەهێزکردنی پڕۆگرامەکانی سەوزکردن و چاککردنەوەی زەوییە تێکچووەکان، پەرەپێدانی ڕێگاکانی ئاودێریی مۆدێرن، هاوشان لەگەڵ چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دەستەبەرکردنی مافە ئاوییەکانی عێراق، بە شێوازێک کە بەشداربێت لە پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ نەوەکانی داهاتوو.

Back to top button