
لە مانگی تەمووز و ئەیلوولی 2025، بەغدای پایتەختی عێراق لە لیستی (ISAir – ڕاپۆرتی جیهانی کوالێتی هەوا) لە سەرەوەی لیستی پیسترین شارەکانی جیهان بوو، پێوانەی کوالێتی هەوای هەشت ئەوەندە خراپتر بوو کە رێکخراوی تەندروستی جیهانیی بە سەلامەت دایدەنێت. بەغدا کە پێشتر پایتەختی جیهان و چرایەکی زانیاری بوو، ئێستا بۆتە شارێک دەیان ساڵە لە شەڕ و فەرامۆشکردن و گەندەڵی دا نوقمبووە.
لێرەدا، هەموو هۆکارەکانی مردن یەک دەگرن: مۆلیدەی ئەهلی کە بووەتە سەرچاوەی سەرەکی کارەبا، وەک بەیروت، کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی کۆن دووکەڵی ڕەش بڵاودەکەنەوە، شوێنی ناشتنی پاشماوەکان، پاڵاوگەکانی نەوت کە لە دەوروبەری شاردا بڵاو بوونەتەوە، و زریانی خۆڵبارین کە بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا و بەبیابانبوونەوە زیاتر و توندتر بووە.
دوژمنە شاراوەکە؛ چۆن ئەو هەوایەی هەڵیدەمژین دەمانکوژێت؟
بۆ تێگەیشتن لە قەبارەی کارەساتەکە، پێویستە لە وێنە باوەکانی دووکەڵ تێبپەڕین و بچینە ناو لایەنی زانستی پشت ئەم بکوژە بێدەنگە. دوژمنی سەرەکی لێرەدا ئەو تەنۆلکە وردانەیە کە تیرەکەیان کەمترە لە 2.5 مایکرۆمەتر کە نزیکەی 30 جار لە تیرەی مووی مرۆڤ بچووکترە. ئەم تەنۆلکانە لە ئەنجامی سوتانی سووتەمەنی بەردین (گاز، بەنزین)، ئەوەندە بچووکن کە دەتوانن بەرگری کۆئەندامی هەناسەدان ببڕن و بگەنە قوڵایی سییەکان، لەوێوە دزەدەکەن بۆ ناو خوێن و گەشتی وێرانکەریان بە هەموو لەشدا دەست پێدەکات.
لە توێژینەوەیەکی زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت کە ساڵی (2012) بڵاوی کردووەتەوە، دەریخستووە 40٪ی بەرکەوتنی ڕۆژانەی ماددە شێرپەنجەییەکان لە هەوای لوبنان لە یەک سەرچاوەوە بڵاودەبێتەوە: ئەو مۆلیدانەی بە گاز کاردەکەن. ئەم موەلیدانە تێکەڵەیەکی ژەهراوی لە ماددەی کیمیایی بڵاودەکەنەوە، لەوانە بەنزین و فۆرمالدیهاید کە ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی شێرپەنجە بە ماددەی شێرپەنجەی گرووپی 1A پۆلێن دەکات.
منداڵان لاوازترین گرووپن بەرامبەر ئەم دوژمنە شاراوەیە. سییەکانیان هێشتا گەشە دەکەن و ڕێژەی هەناسەدانیان بەرزترە لە پێگەیشتووەکان دا، واتە بڕێکی زیاتری پیسکەر هەڵدەمژن بە بەراورد بە کێشی لەشیان. بەرکەوتنی پیسبوونی هەوا لە تەمەنێکی زوودا دەبێتە هۆی تێکچوونی هەمیشەیی کاری سییەکان و زیادبوونی مەترسی تەنگەنەفەسی و کێشەی گەشەی دەمار. لە ڕاستیدا، ئەوان داهاتووی منداڵەکانمان دەدزن بە هەر هەناسەیەکی پیس کە هەڵیدەگرن.
تێچووی ئابووری ئەم کارەساتە تەندروستیەش زۆرە. تێچوونی راستەوخۆ دەکەوێتە سەر سیستەمی تەندروستی. هەموو جەڵتەی دڵ و هەموو چارەسەرێکی شێرپەنجە بارگرانی لەسەر نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان زیاد دەکات و بودجەی گشتی بەتاڵ دەکاتەوە، کە دەکرا بۆ پەروەردە یان ژێرخانی ئابووری تەرخان بکرێت.
لە بەرامبەر ئەم کارەساتە تەندروستی و ئابوورییەدا، بێدەنگی حکومەتەکان لە خودی پیسبوونی ژینگە خراپترە. لە کۆتاییدا، قەیرانەکە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتە شکستخواردووەکانیانە و دەم و گیرفانیان بە پارەی گشتی پیس بووە.
لە میسر، بۆشاییەکی گەورە هەیە لە نێوان وتارە فەرمییەکان، کە بانگەشەی میسرێکی سەوز دەکەن و میوانداریکردنی کۆنفرانسی کەشوهەوای COP27 و واقیعی ڕۆژانەی ملیۆنەها خەڵکی قاهیر کە بەهۆی دووکەڵەوە دەخنکێن، دوو شتی جیاوازن.
لە ساڵی 2015، بەڵگەنامە فەرمییەکان یەکێک لە گەورەترین کەیسەکانی گەندەڵی لە وەزارەتی ژینگەی میسر ئاشکرا کرد ،کە 2.5 ملیار پاوەند لە هاوکارییەکی ئەڵمانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی ژینگە بەفیڕۆ چووە. لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆی دەرکەوت کە کۆمپانیا جێبەجێکەرەکان بە هیچ شێوەیەک ئامێری پێویستیان نەکڕیوە، تەنها ئامێرە کۆنەکانیان نۆژەنکردۆتەوە و نرخی ئەو ئامێرانەی کە بانگەشەی کڕینیان کردووە، لە ٪2.5 ی بەهای گرێبەستەکە تێپەڕی نەکردووە.
ئەمە مانای ئەوەیە کە پارەکە دزراوە لە کاتێکدا هەوا پیس بوو. سەرەڕای ئەوەی ڕاوێژکاری یاسایی وەزیر پێشنیازی پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی بۆ داواکاری گشتی کرد، بەڵام خالید فەهمی، وەزیری ژینگە ڕەتی کردەوە و بڕیاری گواستنەوەی هەندێک کارمەندی دا، لە کاتێکدا هیچ کام لە کۆمپانیاکانی پەیوەندیدار تۆمەتبار نەکران. ئەمەی میسر وێنەیەکی بچوکە لە کۆی ئەو گەندەڵیانەی حکومەتەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبواری باشکردنی ژینگەی وڵاتەکانیان ئەنجامی دەدەن.
“مەترسییەکانی سەر ژینگە بەتەنیا کێشەیەکی سروشتی نییە، بەڵکو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی گەندەڵیی سیاسی و بێدەنگی بەرپرسەکانە. تەندروستی ملیۆنەها کەس دەکرێتە قوربانیی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی چەند کەسێکی دیاریکراو”.
لە عێراق، بارودۆخەکە ئاڵۆزترە و گەندەڵی لە هەموو بەشەکانی وڵاتدا بەربڵاوە و ڕوونترین نموونەش پاڵاوگەی دۆرە-یە کە دەکەوێتە ناوەڕاستی بەغداوە و شەو و ڕۆژ ژەهری خۆی بڵاو دەکاتەوە. وەزیرێکی پێشووی نەوت چەند جارێک هەوڵی دا پاڵاوگەکە 30 کیلۆمەتر لە باشووری پایتەختەوە بگوازێتەوە بۆ پاراستنی تەندروستی دانیشتووانەکەی، بەڵام ڕووبەڕووی بەرپەرچدانەوە بووە لەلایەن سەرکردە سیاسییەکانەوە، کە دامەزراوەیان لە نزیک پاڵاوگەکە هەیە و گواستنەوەکەی ڕەتدەکەنەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان.
ئەنجامی ئەم دۆخە چییە؟ ملیۆنەها دانیشتووی بەغدا ڕۆژانە گازی پاڵاوگەیەکی کۆن هەڵدەمژن، لە کاتێکدا دەسەڵاتی سیاسی بەرژەوەندی خۆی لەسەر حسابی تەندروستی زۆرینە دەپارێزێت.
ئایا هیوایەک هەیە بۆ هەڵمژینی هەوای پاک؟
بەڵێ، چارەسەر هەیە. گواستنەوە بۆ وزەی نوێبووەوە، مۆدێرنکردنی سیستەمەکانی گواستنەوەی گشتی، سەپاندنی ستانداردی ژینگەیی توند لەسەر کارگەکان و ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکان و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە شارەکان هەنگاوی گونجاون ئەگەر “ئیرادەی سیاسی” هەبێت.
بەڵام ئەمە لە هیچ شوێنێکەوە نایەت. ئێمە دەبێت خۆمان لە ڕێگەی فشاری بەردەوامەوە بیسەپێنین. ڕاستە ئێمە ناتوانین بە شەوێک بارودۆخەکە بگۆڕین، بەڵام هەموو هەڵمەتێکی هۆشیاری، هەر سکاڵایەک لە دژی کارگەیەکی ژینگە پیسکەر، هەر ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی کە ڕاستیەکان دەردەخات، و هەر دەستپێشخەرییەکی کۆمەڵگای مەدەنی، تەنانەت چاندنی درەختێکیش، هەنگاوێکە بە ئاراستەیەکی ڕاست بۆ مافی ژیان و داهاتووی منداڵان.
ئەوە داوامان لێدەکات کە ئەم مردنە هێواش قبوڵ نەکەین. ئەوە وامان لێدەکات تێبگەین کە ئەو هەوایەی هەڵیدەمژین خەمێکی گشتییە، و بێدەنگ بوون لە دزینی هەوای پاک، هاوبەشییە لە کوشتارە بەکۆمەڵەکەدا.





