پلاستیک دوژمنی مرۆڤایەتیە، نەک جەنگی دەوڵەتەکان

 

پیسبوونی ژینگە بە پلاستیک، یەکێکە لە ترسە گەورە جیهانییەکان، کەسێک لە ئەمریکا و کەسێک لە عێراق هەمان ترسیان هەیە، بەڵام توانای تێگەیشتن و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ماددە زیانبەخشەیان جیاوازە. پلاستیک دوژمنی مرۆڤایەتیە، نەک جەنگی دەوڵەتەکان، چونکە جەنگەکان بە شکانی لایەنێکی شەڕکەر، یان ڕێککەوتنی هەردوولا تەواو دەبێت، بەڵام مەترسی پلاستیک زۆر دوور لەگەڵ مرۆڤایەتیدا دەمێنێتەوە.

پیسبوون بە پلاستیک بۆتە جێگەی نیگەرانی هەموو جیهان. مرۆڤ ساڵانە ملیۆنەها تۆن پلاستیک بەرهەم دەهێنێت، بەڵام تەنها بەشێکی زۆر کەمی دووبارە بەکاردەهێنرێتەوە، لە کاتێکدا زۆربەیان لە ژینگە دا کۆتاییان پێدێت وەک دەریاکان، زەریاکان و خاک.

قەبارەی پیسبوونی پلاستیک کە لە هەموو ساتێکدا لەگەڵمان دەژی، لەگەڵ نانخواردن، لەگەڵ خواردنەوە، جلوبەرگ، هەر شتێک تۆ بەخەیاڵتدا بێت، پلاستیک بەشێکە لێی، بەڵام با سەیری چەند ژمارەیەکی پەیوەندیدار بکەین و لە قەبارەی مەترسییەکە تێبگەین:

– جیهان ساڵانە زیاتر لە 400 ملیۆن تۆن پلاستیک بەرهەم دەهێنێت، نزیکەی نیوەی ئەو بەرهەمانە تەنها بۆ یەک بەکارهێنان دروستکراوە.

– مرۆڤایەتی نزیکەی 125 ساڵ لەمەوبەر 9 ملیار تۆن پلاستیکی بەرهەم هێناوە، ئەوەش یەکسانە بە کێشی هەموو ئەو مرۆڤانەی کە تا ئێستا لەسەر زەوی دەژین.

– خەڵک لە خولەکێکدا ملیۆنێک بوتڵی پلاستیکی ئاوی خواردنەوە دەکڕن و ساڵانە 5 ترلیۆن کیسی پلاستیکی بەکار دەهێنن.

– پلاستیک لە ئێستادا لە سەدا 85ی پاشماوە دەریاییەکان پێکدەهێنن.

– ئەو پلاستیکەی ساڵانە وەک پاشەڕۆ لە زەریاکان دا فڕێی دەدەین، چوار جار دەوری زەوی دەپێچێتەوە

– پێشبینی دەکرێت پیسبوونی پلاستیک تا ساڵی 2040 سێ هێندە زیاد بکات، واتە بۆ نموونە هەر مەترێک لە کەناراوەکانی جیهان 50 کیلۆگرام پلاستیک لەخۆ دەگرێت.

– تێچووی ئەم پیسبوونە بۆ ژینگەی دەریایی ساڵانە لەنێوان 6 بۆ 19 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

– پلاستیک نزیکەی 1000 ساڵ دەخایەنێت تا شیدەبێتەوە، واتە زۆربەی ئەو ماددە پلاستیکیانەی تا ئێستا بەرهەممان هێناوە هێشتا ماوە.

خەڵک لە هەر خولەکێکدا ملیۆنێک بوتڵی پلاستیکی ئاوی خواردنەوە دەکڕن، ساڵانە 5 تریلیۆن کیسەی پلاستیکی بەکاردەهێنن.

ئەم هەموو پلاستیکە لە کوێ کۆتایی دێت؟

لەسەر ئاستی جیهانی، کەمتر لە سەدا 10ی هەموو بەرهەمە پلاستیکییەکان دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە. لە ئەنجامدا ساڵانە سەدان تۆن پلاستیک دەچێتە ناو دەریاچەکان، ڕووبارەکان و دەریاکان. ئەمە مانای ئەوەیە کە ژیانی دەریایی لەوانە گوێچکە ماسی و باڵندە و کیسەڵەکان و شیردەرەکان ڕووبەڕووی مەترسی ژەهراویبوون، برسێتی، خنکاندن و ناڕێکی هەڵسوکەوت دەبنەوە.

جەستەمان تووشی ئەم مەترسیانە دەبێت، چونکە گەردیلەکانی پلاستیک لە ئاودا دەتوێنەوە و ئەو خواردنەی دەیخۆین و ئەو هەوایەی کە هەڵیدەمژین بە پلاستیک پیسبووە. ئەمە کاریگەری لەسەر تەندروستیمان هەیە بەهۆی ماددە کیمیاییەکانی ناو پلاستیکەکان و توانایان بۆ ڕاکێشانی پیسکەرەکانی تر وەک کانزاکان و مێروکوژەکان، کە دەبێتە هۆی گۆڕانی هۆرمۆنەکان، تێکچوونی گەشەکردن، شێواندن، شێرپەنجە و مردنی خانەکان.

سەرەڕای ئەوەش، تێکشکانی پلاستیک ماددەی کیمیایی زۆر مەترسیدار بۆ ژینگە و تەندروستی دروست دەکات، سوتاندنی پاشماوە پلاستیکییەکان دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ماددەی ژەهراوی کە لە لەشی مرۆڤدا کۆدەبێتەوە و تەنانەت لە دایکەوە بۆ منداڵ دەگوازرێتەوە، لە ئاو، خاک، دانەوێڵە و گەردیلەکانی هەوادا جێگیر دەبێت.

توێژینەوەکان دەڵێن، گەردیلەی پلاستیکی لە شیری دایکانی شیردەردا هەیە. سەرچاوەی ئەم گەردیلانە دەکرێ جۆراوجۆر بن: لەو گۆشتەی دەیخۆین کە بە شێوەیەکی گشتی بە پلاستیک پیسبوون، بێجگە لە هەموو ئەو پلاستیکانەی کە ئاژەڵ و پەلەوەر و ماسی ڕۆژانە دەیخۆن، وە لە هەواوە، کە پڕە لە پاشماوە پلاستیکییەکان کە لە هەموو شتێکی دەوروبەرمانەوە سەرچاوە دەگرن، جلوبەرگ، کەلوپەل، فەرش، تایەی ئۆتۆمبێل و ئەو شتانەی کە ڕۆژانە بەکاری دەهێنین. تەنانەت هەندێک لە زانایان ئەم پاشماوەیە بە “تۆزی هەڵاڵە دەچێت” وەسف دەکەن.

دەتوانین چی بکەین؟

گومانی تێدا نییە کە پلاستیک چارەسەر و سوودی زۆری هەبووە لەوەتەی بووەتە بەشێک لە ژیانمان، هەر لە ئامێرە پزیشکییە ڕزگارکەرەکانەوە تا شێوازی هەڵگرتنی بەردەوام. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە بەکارهێنانی ماددە پلاستیکییە ناپێویستەکان کەمبکرێتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی کە یەک جار بەکاردەهێنرێن، هەسارەکە پیس دەکەن و هەڕەشەی جددی بۆ تەندروستی، ژینگە دروست دەکەن. ئەم بەرپرسیارێتییە دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان: حکومەت، کۆمپانیاکان، کۆمەڵگەکان و تاکەکان، و پێویستی بە بڕیاردان، کاری بەپەلە و سیاسەتی توند هەیە.

ئەمە بەتایبەتی لە وڵاتە گەشەسەندووەکاندا کە ناتوانن سەرچاوەی پێویست دابین بکەن ئاڵۆزترە، جا باسی کۆکردنەوە یان جیاکردنەوە یان دووبارە بەکارهێنانەوەی پلاستیک بکەین. ئەم ماددە ناپێویستانە چی لەخۆ دەگرێت؟ بۆ نموونە بوتڵی ئاو، بوتڵی شامپۆ، جانتا، کوپی خواردنەوەی گەرم، چەقۆ، پێچانەوەی خۆراک، قوتوی پسکیت. لە نێو ئەو ڕێوشوێنانەی کە پرۆگرامی ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە کێشە ژینگەییەکان پێشنیاریان کردووە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی پلاستیک لە دەوروبەرمان:

– حکومەتەکان دەبێت کار لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمە پلاستیکییە ناپێویستەکان بکەن لە ڕێگەی قەدەغەکردنیان، هەروەها هانی دیزاینی ئەو پلاستکانە بدەن کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا پێویستمانن، بە شێوەیەک بتوانن دووبارە بەکاربهێنرێتەوە.

– کۆمپانیاکان دەبێت زانیاری باوەڕپێکراو پێشکەش بە بەکارهێنەران و بەکاربەران بکەن، بۆ ئەوەی خەڵکیش بتوانن هۆشیارانە کڕینی پلاستیک لەسەر بنەمای بژاردەی (دووبارە بەکارهێنانەوە، بێ پلاستیک) ئەنجامبدەن.

– کۆمپانیاکان دەتوانن بەکارهێنانی پلاستیکی دووبارە بەکارهێنراو لە بەرهەمە نوێکاندا زیاد بکەن ،لە جیاتی بەرهەمهێنانی پلاستیک لە سفرەوە، هەرچەندە بێگومان ئەمە تێچووی زیاترە.

– هەڵمەتەکانی پاککردنەوەی کەنار دەریا و ڕووبارەکان ساڵ لە دوای ساڵ گرنگی زیاتر وەردەگرن، بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی فڕێدانی پاشماوە پلاستیکییەکان، کە ئەم ناوچانە دەگۆڕێت بۆ ڕێڕەوی هەمیشەیی و شوێنی خۆڵ و خاشاک.

– کڕین بەبێ پلاستیک: بەدڵنیاییەوە ئەمە بژاردەیەکی ئاسان نییە، بەتایبەتی کاتێک جێگرەوەکان بەردەست نین، بەڵام هەندێک جار دەتوانین بژاردەی کەمتر زیانبەخش لەبەرچاو بگرین.

– هەوڵدان بۆ وازهێنان لە هەندێک خوو، وەک بەکارهێنانی کوپ و قاپوقاچاغی پلاستیک، بوتڵی ئاوی یەک جار بەکارهێنان، و جێگرتنەوەیان بە قاپ و دەفری درێژخایەن و دووبارە بەکارهێنان.

– کەمکردنەوەی بەکارهێنانی جلوبەرگ، چونکە چەندین گەردیلەی پلاستیکی تێدایە کە هەوای دەوروبەرمان پڕ دەکات. دەتوانین ڕوو لە بازاڕی جلوبەرگی دەستی دووەم بکەین.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئامانجێکی داناوە بۆ کۆتاییهێنان بە پیسبوونی پلاستیک تا ساڵی 2040 لەڕێگەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی پلاستیکەکان و دروستکردنی گۆڕانکاری نوێ لە بازاڕدا لەسەر بنەمای سێ کۆڵەکە: دووبارە بەکارهێنانەوە، برەودان بە بازاڕی کاغەز و پلاستیک، چارەسەرکردنی پاشماوە پلاستیکییەکان کە ئێستا لە جیهاندا هەن پێویستی بە چارەسەری سەلامەت هەیە بۆ فڕێدان.

بەدەستهێنانی ئەم ئامانجانە پێویستی بە مۆدێلی نوێی ئابووری، بەرهەمهێنان، یاسادانان و دارایی هەیە، هەروەها پابەندبوون لە هەموو وڵاتان، پیشەسازان، بازاڕەکان و بەکاربەران. بەڵام ئایا جیهان دەتوانێت ئەمە بەدەست بهێنێت؟

Back to top button