
لە دوای پێنج ساڵ دابران لە نوسین، ساڵی 1962، نەجیب مەحفوز، نوسەری ناسراوی میسریی، تەواو بوو لە نوسینی کتێبی “اولاد حارتنا”، کوڕانی گەڕەکەکەمان، کە یەکێکە لە مشتومرهێنەرترین کتێبەکانی مێژووی ئەدەبی عەرەبیی.
کتێبەکە، لە پێشەکییەک و پێنج چیرۆک پێکدێت و باسی پێنج کەسێتیی دەکات، ئەوانیش: ئەدهەم، جەبەل، رەفاعە، قاسم و عەرەفە-ن و هەریەکەیان ڕۆڵی هەیە لە هێنانەدیی دادپەروەریی دا لە گەڕەکەکە، لەسەروی هەمویانەوە، کاراکتەری جەبەلاوییە، کە بەخوێندنەوەی مامۆستایانی ئاینی ئەوسەردەمە و گروپە ئیسلامییەکان، گوزارشت لە خودی خودا دەکات و هەریەک لە پێنج ناوەکەی دیکەش، گوزارشتن بۆ پێنج پێغەمبەر.
چیرۆکەکە بەوە دەستپێدەکات چۆن ئیدریس دەچێتە بنکڵێشەی ئەدهەم و وای لێدەکات لە فەرمانەکانی “جەبەلاوی“، کە خاوەنی وەقفەکەیە، دەربچێت، ئەمەش هۆکار دەبێت بۆ دەرکردنی ئەدهەم لە خانووە گەورەکەی گەڕەکەکە.
ڕەخنەگرانی ئەوکات و ئێستای جیهانی ئیسلامیی، دەڵێن: کەسێتیی ئیدریس، کە دەبێتە هۆکاری دەرکردنی ئەدهەم لە خانووە گەورەکە، بەرجەستەکردنی “ئیبلیسە”ەو کەسێتیی ئەدهەمیش، پێغەمبەر ئادەمە. خانووە گەورەکەیش، بەهەشتە و کەسێتیی جەبەلاویش، کە کەس جگە لە دانیشتوانی خانووەکە نەیانبینیوە، ڕۆڵی خودا دەبینێت.
کتێبەکە دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆی دا هێنا، ئەمەش دوای ئەوەی وەک چیرۆک لە یەکێک لە ڕادیۆکانی میسردا، شەوانە بەشێکی دەخوێندرایەوە. لێرەوە مشتومری کتێبەکە سەرجەم کۆڕ و کۆبونەوەکان و مەجلیسە ئاینی و فکرییەکانی گرتەوە، پیاوانی ئاینی دەستیان کرد بە ڕەخنەبارانکردنی نەجیب مەحفوز و تۆمەتباریان کرد بە سوکایەتیکردن بە خودا و پێغەمبەران، لەبەرامبەر دا ڕۆشنبیران و خاوەن فکرەکان دەیانوت نەخێر کتێبەکە چیرۆکێکە وەک هەموو چیرۆکەکانی دیکە و باس لە ئایین ناکات.
یەکێکی دیکە لە کەسێتییەکانی کتێبەکە، “قاسم”ە، کە هەوڵدەدات دادپەرەریی لە گەڕەکە دا بەدیبهێنێت، دیسانەوە پیاوانی ئاینی دەیانوت کەسێتیی قاسم، ئاماژەیە بۆ پێغەمبەری ئیسلام، چونکە یەکێک لە ناوەکانی پێغمبەری ئیسلام “ئەبو قاسم”ە. کەسێتیی رەفاعە-ش، ڕۆڵی پێغەمبەر عیسا دەبینێت، کە ئەمیش لە وشەی “رەفع”وە هاتوە، بە مانای بەرزکردنەوە، ئەمەش هەمان سیفاتی پێغەمبەر عیسایە، کە بەگوێرەی ئیسلام بەرزکراوەتەوە بۆ ئاسمان.
هەرچەندە نەجیب مەحفوز چەندین جار باسی لەوە کردوە لە کتێبەکەی دا سوکایەتیی و هێرشی نەکردوەتە سەر سونبولەکانی موسوڵمانان بەڵکو لە ڕێی چەند چیرۆکێکەوە، هەوڵی داوە ڕابردو و ئێستا بەیەکەوە ببەستێتەوە و ئەمەش لە دەمی چەند کەسێتییەکی ناو چیرۆکەکەوە بوە.
مشتومری کتێبەکە لە نێوان موسوڵمانان و لایەنگرانی “نەجیب مەحفوز “دا، زیاتر پەرەیسەند. هەر لایەنە و بەجۆرێ لێکدانەوەی بۆ کتێبەکە دەکرد، تا وای لێهات ‘جەمال عەبدولناسر’ سەرۆکی ئەوکاتی میسڕ، داوای لە زانکۆی ئەزهەر کرد: لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێنن و کتێبەکە بە وردیی بخوێندرێتەوە و دواتریش لە رێگای ڕاپۆرتێکەوە، ئەنجامی لیژنەکە ئاشکرا بکرێت.
لیژنەکە، لەهەریەکە لە (شێخ خەزالی و شێخ سەید سابت و د. ئەحمەد شەرەباسی) پێکهاتبون، کە سێ زانای ئیسلامیی و ئەدەبیی و شارەزا و ناسراوی جیهانی ئیسلامیی و زانکۆی ئەزهەر بون. دوای مانگێک، لیژنەکە تەواوبون لە هەڵسەنگاندنی کتێبەکە و ڕایانگەیاند: “کتێبەکە سوکایەتیی بە خودا و پێغەمبەران دەکات” و بە هیچ جۆرێ قبوڵکراو نیە و دەبێت قەدەغەبکرێت. خوێندنەوەی جائیز نییە، چونکە کەسێتییەکانی ناو کتێبەکە، هاوشێوەی خودا و پێغەمبەران دانراون، “نوسەرەکەشی کەسێکی کافر و بێدینە”.
نەجیب مەحفوز، وەک یەکەم نوسەری عەرەبی ساڵی 1988 خەڵاتی نۆبڵی پێبەخشرا، یەکێک لە هۆکارەکانی وەرگرتنی خەڵاتەکەش کتێبی “اولاد حارتنا” بو، ئەمەش جارێکی دیکە گڕی بەردایەوە پیاوانی ئاینیی، لێرەوە فتوای کوشتنی “نەجیب مەحفوز” دەرچو.
دوای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ، ناوبانگی نەجیب مەحفوز گەشایەوە، هەرزو مێدیاکانی جیهان کەوتنە باسکردنی “اولاد حارتنا” و یەکێک لە میدیاکان لە باسی کتێبەکە دا، نوسیبوی: نوسەرێکی میسڕیی لە کتێبەکەی دا، چەمکێکی نوێی باسکردوە لەسەر مردنی خودا، کە پێشتر هیچ کەس بەوشێوەیە باسی نەکردوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی لە چیرۆکی چوارەمی کتێبەکەدا کەسێتیی“جەبەلاوی” کۆچیدوایی دەکات.
ئەمەش جارێکی دیکە گروپە ئیسلامییەکان و زانکۆی ئەزهەری هێنایە قسە و جەختیان لەوە کردەوە: “نەجیب مەحفوز” بەدڵی خۆرئاوا کتێبەکەی نوسییوە و تەنانەت ئەوانیش دەزانن کتێبەکە دژی خودا و پێغەمبەران نوسراوە.
ڕاپۆرتەکەی زانکۆی ئەزهەر و تەکفیرکردنی لەلایەن گروپە ئیسلامییەکانەوە، ڕێگاخۆشکەر بو بۆ ئەوەی لەبەردەم ماڵەکەی خۆی دا، هەوڵی کوشتنی بدرێت و دو چەقۆ بدەن لە ملی، بەڵام لە هەوڵە ڕزگاری بو.
سەرەنجام لە ساڵی 2006دا، نەجیب مەحفوز گیانی لەدەستتدا و گفتوگۆیەکی کراوەی لە دوای خۆیەوە بەجێهێشت.





