یەکێتی ئەوروپا بڕیارە توندەکانی دژی کۆچبەران پەسەند کرد

 

پەرلەمانی ئەوروپا پڕۆژەیاسای (ڕێساکانی گەڕانەوە) پەسەند دەکات، ناوەڕۆکی بڕیارەکانیش توندکردنەوەی بڕیاری دەرکردنی کۆچبەران و درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکردنە.

دوای دەنگدانی یەکەم، پەرلەمانی ئەوروپا ڕێسای گەڕانەوەی پەسەند کرد، ئەمەش ئەو یاسایەیە کە پێشنیازی توندکردنەوەی سیاسەتی دەرکردنی ئەو بیانیانە دەکات، کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە یەکێتیی ئەوروپادا نیشتەجێن. یاساکە درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکردن لە 18 مانگەوە بۆ 24 مانگ و دروستکردنی (سەنتەرەکانی گەڕانەوە) لەخۆدەگرێت.

دوای دەنگدانی یەکەم لە لیژنەی ئازادییە مەدەنییەکان، ڕێسای گەڕانەوەی پەسەند کرد، کە توندکردنەوەیەکی ڕوونی سیاسەتی کۆچبەرییە لە یەکێتیی ئەوروپادا. ئەم یاسایە لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپاوە پشتیوانی لێدەکرێت، لەنێو یاساکەدا بڕگەیەک هەیە بەناوی دروستکردنی (سەنتەرەکانی گەڕانەوە) ئەم سەنتەرانە تایبەتن بە ناردنی کۆچبەران بۆ دەرەوەی سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا.

ئەم کۆمەڵە ڕێکارە پەسەندکراوە لەلایەن زۆرینەی دەوڵەتانی ئەندام و پەرلەمانتارانی باڵی ڕاستڕەو و ڕاستڕەوی توندڕەوەوە داوا کرابوو، کە ئەنجامی دەنگدانەکەیان بە چەپڵەڕێزانێکی بەهێز لە ناو هۆڵەکەدا پێشوازی لێکرد.

لە ماڵپەڕی پەرلەماندا هاتووە: “بە زۆرینەی 389 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 206 دەنگی نەخێر و 32 دەنگی بێلایەن، پەرلەمان ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر گواستنەوە بۆ قۆناغی داهاتووی پڕۆسەی یاسادانان، بە مەبەستی نوێکردنەوەی سیستەمی هاوبەشی ئەوروپی بۆ گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتیانەی وڵاتی سێیەم کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە یەکێتیی ئەوروپادا نیشتەجێن”.

ئێستا هەر سێ دامەزراوەکەی یەکێتیی ئەوروپا (کۆمسیۆنی ئەوروپا، ئەنجومەنی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا) دەست بە دانوستانی سێقۆڵی دەکەن بۆ داڕشتنی کۆتا شێوازی دەقەکە و جێبەجێکردنەکەی.

ڕێکارەکانی “ڕێسای گەڕانەوە” تا ئێستا بریتین لە:

دروستکردنی “سەنتەرەکانی گەڕانەوە”: کردنەوەی سەنتەرەکانی گەڕانەوە لە وڵاتانی دەرەوەی سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا؛ ئەو کۆچبەرانەی داواکاری پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە و بڕیاری پابەندکەری جێهێشتنی خاک (OQT)یان بۆ دەرچووە، ڕەوانەی ئەوێ دەکرێن.

پرۆسەی دەرکردن دەکرێت بەرەو “وڵاتی سێیەمی ئارام” بێت، کە ڕەنگە هەندێک جار بیانییەکە هیچ پەیوەندییەکی پێوە نەبێت. لە بەیاننامەیەکی فەرمیی پێشووی پەرلەماندا هاتووە: “ئەم ڕێسایە ڕێگە دەدات بە گەڕانەوە بۆ وڵاتێک کە ڕەزامەندی دەربڕێت لەسەر وەرگرتنی کەسەکە، ئەمەش لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێک کە لەگەڵ دەوڵەتێکی ئەندام یان لەگەڵ خودی یەکێتیی ئەوروپا واژۆ کراوە.” ئەم ڕێکارە نەوجەوانانی بێسەرپەرشت ناگرێتەوە، بەڵام خێزانەکان دەگرێتەوە.

فابیان کیلەر، پەرلەمانتاری یەکێتی ئەوروپا ڕەخنەی لەو بڕیارە گرت و دەڵێت: “دەکرێت ئەو خێزانانەی منداڵی نەوجەوانیان لەگەڵە ڕەوانەی ئەم سەنتەرانە بکرێن کە هیچ میکانیزمێکی چاودێرییان تێدا نییە.. ئێمە سیاسەتی کۆچبەری ئەوروپا دەدەینە دەستی دەرەکی، بێ ئەوەی چاودێری و گەرەنتییەکی تێدا بێت.”

درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکردن: درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکردنی کارگێڕی لە 18 مانگەوە بۆ 24 مانگ، هەرچەندە دەقەکە ئاماژە بە هاندانی “گەڕانەوەی خۆبەخشانە” دەکات لە سەرەتادا. ئەم درێژکردنەوەیە ڕەنگە لە هەندێک حاڵەتدا بێ سنوور بێت، وەک لە ماڵپەڕەکەدا هاتووە: “دەوڵەتانی ئەندام دەتوانن ماوەی دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتیانەی وڵاتی سێیەم درێژ بکەنەوە، کە وەک سەرچاوەی مەترسی بۆ سەر ئاسایش پۆلێن دەکرێن، بە جۆرێک کە لە زۆرترین ماوەی دیاریکراو زیاتر بێت.”

دەستبەسەرکردنی نەوجەوانان و خێزانەکان: ڕێگە دەدرێت بە بەندکردنی نەوجەوانانی بێسەرپەرشت و ئەو خێزانانەی منداڵیان هەیە لە سەنتەرەکانی دەستبەسەرکردندا، بەو مەرجەی وەک “دوایین بژاردە و بۆ کورتترین ماوە بێت، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی باڵای منداڵەکە.”

توندکردنەوەی مەرجەکانی دەستبەسەرکردن: ئەو بیانیانەی کە بەڵگەنامەی فەرمییان نییە، دەکرێت دەستبەسەر بکرێن “ئەگەر هاوکاری نەکەن، یان ئەگەر مەترسی هەڵاتنیان لێ بکرێت، یان مەترسی بن بۆ سەر ئاسایش، یان هەر هۆکارێکی تری پەیوەندیدار کە ڕێگری بکات لە دوورخستنەوەیان لە کاتی خۆیدا.”

قەدەغەکردنی هاتنەژوورەوەی هەمیشەیی: سەپاندنی قەدەغەی هەمیشەیی بۆ هاتنە ناو خاکە ئەوروپییەکان، کە ماوەی قەدەغەکردنەکە بەپێی بارودۆخی کەسیی هەر حاڵەتێک دەبێت، دەکرێت لەو حاڵەتانەی کە کەسەکە وەک مەترسییەکی ئەمنی هەژمار دەکرێت، قەدەغەکە هەمیشەیی بێت.

دانپێدانانی بەرامبەری بڕیارەکان: واتە بڕیاری دەرکردن کە لە فەرەنسا وەربگیرێت، بۆ نموونە، لە هەموو یەکێتیی ئەوروپادا جێبەجێ دەکرێت. کۆمسیۆنی ئەوروپا نووسیویەتی: “ئەمە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە فەرمانی جێهێشتنی خاکی دەوڵەتێکی ئەندام، فەرمانە بۆ جێهێشتنی هەموو وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا.”

کاردانەوەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان

ڕێکخراوەکان ئەم بڕیارەیان بە “شۆک”ێکی نوێ هەژمار کرد. ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی نووسیویەتی: “ئەمڕۆ پەرلەمانی ئەوروپا دەنگی دا بۆ بەهێزکردنی داواکارییەکان و سزا و سنووردارکردنە ناهاوسەنگەکان، کە بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنرێن کە بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ دەرچووە، هەروەها بۆ فراوانکردنی مەودای پەنابردن بۆ دەستبەسەرکردن بە شێوەیەکی بەرچاو و بۆ ماوەیەکی زۆر درێژتر، کە لە خوار پێوەرە یاساییە نێودەوڵەتییەکانەوەیە.”

لای خۆیەوە، “سیلڤیا کارتا”، بەرپرسی داکۆکیکار لە سەکۆی (PICUM) ڕایگەیاند: “بەو دەنگدانە، پەرلەمانتارانی ئەوروپا بڕیار دەدەن سەدان هەزار کەس، لەوانەش منداڵان، ڕووبەڕووی زیانێکی چاکنەکراو بکەنەوە، دەقەکە ڕێگە بە دەوڵەتانی ئەندام دەدات منداڵان و گەوران دەستبەسەر بکەن، خێزانەکان لە یەکتر جیابکەنەوە، کەسەکان ڕەوانەی سەنتەری دەستبەسەرکردن بکەن لە وڵاتانێکدا کە هەرگیز پێیان تێدا دانەناوە.”

ئەو سەکۆیە ئاماژەی بەوەش کرد: “ئەم پێشنیارانە دەسەڵاتی فراوان دەدەن بۆ سنووردارکردنی ئازادیی هاتوچۆی کەسەکان، پشکنینی کەلوپەلە تایبەتییەکانیان، سەپاندنی ڕێکاری ئەمنی ناهاوسەنگ، و بڵاوکردنەوەی داتای کەسی لەگەڵ وڵاتانێکدا کە گەرەنتی پێویستیان تێدا نییە.”

Back to top button