
کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ بڕیار و ڕێکارە نوێیەکان دژ بەو دیاردەیە، هێشتا بەردەوامە. ئەو وڵاتانەش ساڵانە بودجەیەکی گەورە لەکۆی گشتی بودجەی وڵاتەکەیان بۆ کۆچی نایاسایی تەرخان دەکەن، لەم ڕاپۆرتەدا باس لەو زیانانە دەکەین کە فەرەنسا بەهۆی کۆچی نایاساییەوە بەریدەکەوێت.
دیاریکردنی قەبارەی تەواوی زیانە ماددییەکانی کۆچی نایاسایی لە فەرەنسا پرسێکی ئاڵۆزە، چونکە ئەم تێچووانە تەنها لە یەک لایەن کورت نابنەوە و دابەش دەبن بەسەر چەندین کەرتی جیاوازدا. بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە، زیان و تێچووەکان بەمشێوەیەن:
تێچووی چاودێریی تەندروستی
یەکێک لە گەورەترین تێچووە ڕاستەوخۆکان، سیستەمی (یارمەتی پزیشکی دەوڵەت)ە، کە تایبەتە بە دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە بە نایاسایی لە فەرەنسادان، ساڵانە تێچووی ئەم سیستمە بۆ کۆچبەری نایاسایی نزیکەی 1.2 ملیار یۆرۆ تێدەپەڕێنێت.
خەرجییەکانی پاراستنی سنوور و ئاسایش
حکومەتی فەرەنسا بودجەیەکی زەبەلاح بۆ ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی تەرخان دەکات، بەتایبەت لە ناوچەکانی وەک (کالێ) و کەناراوەکانی باکوور، کە تێچووی پۆلیس و تەکنەلۆژیای چاودێری سنوورەکانە و تەنها بۆ ساڵی 2024، بودجەی تەرخانکراو بۆ بەڕێوەبردنی کۆچ و پەنابەران و تێکەڵکردنیان بە کۆمەڵگە بە زیاتر لە 2.2 ملیار یۆرۆ خەمڵێنراوە، کە بەشێکی زۆری بۆ مامەڵەکردنە لەگەڵ دۆخی نایاسایی.
خەرجییەکانی دیپۆرتکردنەوە و دەستبەسەرکردن
فەرەنسا خاوەنی چەندین سەنتەری دەستبەسەرکردنی کاتییە، تێچووی ڕۆژانەی هەر دەستبەسەرکراوێک و تێچووی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتەکانیان ساڵانە بە سەدان ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت. بەپێی هەندێک ڕاپۆرتی پەرلەمانی، تێچووی دەرکردنی هەر کۆچبەرێکی نایاسایی (بە هەموو ڕێکارەکانەوە) دەگاتە نزیکەی 14 هەزار بۆ 20 هەزار یۆرۆ.
کاریگەریی کۆچی نایاسایی لەسەر بازاڕی کار و باجی فەرەنسا
کارکردنی کۆچبەرانی نایاسایی بەبێ گرێبەست یان ئەوەی پێی دەگوترێت (کارکردنی ڕەش) دەبێتە هۆی ئەوەی ساڵانە بڕێکی زۆر لە باج و دڵنیایی کۆمەڵایەتی نەچێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە، هاوکات پەناگەی کاتی و هاوکارییە فریاگوزارییەکان فشار لەسەر بودجەی شارەوانییەکان دروست دەکات.
ناوەندە ئابوورییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تێچووە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی کۆچی نایاسایی کە لەسەر بودجەی فەرەنسا دەکەوێت، ساڵانە لە نێوان 4 بۆ 5 ملیار یۆرۆ دەخەمڵێنرێن، ئەگەر هەموو سێکتەرە پەیوەندیدارەکان (ئاسایش، تەندروستی، دادوەری، و هاوکارییەکان) پێکەوە کۆبکرێنەوە.
ئامارەکانی دەرکردن و گەڕاندنەوە لەنێوان (2025-2026)
بەپێی دوایین داتاکانی یۆرۆستات فەرەنسا لە پلەی یەکەمدایە لەسەر ئاستی یەکێتی ئەوروپا، کە زۆرترین بڕیاری دەرکردنی بۆ کۆچبەرانی نایاسایی دەرکردووە، کە تەنها لە چارەکی کۆتایی 2025دا گەیشتووەتە زیاتر لە 34 هەزار کەس.
ڕێژەی ئەو کۆچبەرانەی کە گەڕێندراونەتەوە بۆ وڵاتەکانیان لە ساڵی 2025دا بەراورد بە 2024 بە ڕێژەی 13% زیادی کردووە.
هاوکات حکومەتی فەرەنسا ڕایگەیاندووە، کە لە سەرەتای 2026ەوە، هەوڵەکانی پەڕینەوە بۆ بەریتانیا بە ڕێژەی 50% کەمی کردووە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو. ئەمەش بەهۆی زیادکردنی ژمارەی هێزە ئەمنییەکان لە کەناراوەکان بۆ هەزار و 400 ئەفسەر و پۆلیس و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی چاودێری.
یاسای نوێی کۆچ کە لە فەرەنسا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ڕێکارەکانی وەرگرتنی مافی نیشتەجێبوونی توندتر کردووە. لە بەشێک لە مەرجەکان دا باس لەوەکراوە: خێراکردنی پڕۆسەی دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی “مەترسین بۆ سەر ئاسایشی گشتی”، کەمبوونەوەی هاندەرەکان بۆ کۆچبەران، وەک توندکردنی مەرجەکانی وەرگرتنی هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان.
بەڵام سەرەڕای توندکردنی سنوورەکان، فەرەنسا هێشتا وەک “وڵاتی ترانزێت” دەمێنێتەوە. زۆرێک لە کۆچبەران لە ڕێگەی ئیتاڵیا و ئیسپانیاوە دەگەنە خاکی فەرەنسا. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەرچەندە ڕێگرییەکان زیادیان کردووە، بەڵام قاچاخچییەکان ڕێگەی مەترسیدارتر و نوێتر دەگرنە بەر.
دیاردەی کۆچی نایاسایی لە ڕووی پەڕینەوە بەرەو بەریتانیا کەمبووەتەوە، چالاکییەکانی حکومەت بۆ دەرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی زیادی کردووە، بەڵام فشاری کۆچبەری لەسەر سنوورە وشکانییەکانی فەرەنسا (بەتایبەت لەگەڵ ئیتاڵیا) هێشتا بە بەرزی ماوەتەوە.





