
کۆمەڵەی نیشتمانیی فەرەنسا (پەرلەمان) بڕیارێکی پەسەند کرد کە ڕێگە دەدات ئەو کەسە بیانییانەی وەک “مەترسیدار” پۆلێن دەکرێن، بۆ ماوەی حەوت مانگ (210ڕۆژ) لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی کارگێڕیدا ڕابگیرێن. بڕیارە لە کۆتایی مانگی ئایاردا دەقی ئەم پڕۆژەیاسایە ئاراستەی ئەنجومەنی پیران بکرێت بۆ ئەوەی بە تەواوی پەسەند بکرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
نوێنەرانی پەرلەمانی فەرەنسا، ڕۆژی 5ی ئایار، دەقێکیان پەسەند کرد کە ئامانج لێی درێژکردنەوەی ئەوپەڕی ماوەی دەستبەسەرکردنی کارگێڕییە بۆ ئەو بیانییانەی بە شێوەیەکی نایاسایی نیشتەجێن و بە “مەترسیدار” هەژمار دەکرێن. بەپێی ئەم دەقە، ماوەی دەستبەسەرکردن لە 180 ڕۆژەوە بۆ 210 ڕۆژ بەرز دەکرێتەوە.
ئەم پێشنیازە یاساییە لەلایەن “چارڵز ڕودوێڵ” لە پارتی “ڕێنسانس” پێشکەش کرابوو و لەلایەن حکومەتیشەوە پشتگیری دەکرا. لە کۆی دەنگەکان، 345 پەرلەمانتار لە ڕەوتە جیاوازەکان (لە ناوەڕاستەوە تاوەکو پارتی “کۆبوونەوەی نیشتمانی”ی ڕاستڕەوی توندڕەو) دەنگیان پێ دا، لە بەرامبەردا 177 پەرلەمانتاری چەپ دژایەتی خۆیان ڕاگەیاند.
ئەم یاسایە ڕێگە دەدات کەسی بیانی بۆ ماوەی حەوت مانگ لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی کارگێڕیدا ڕابگیرێت، بەو مەرجەی سێ پێوەر پێکەوە لە کەسەکەدا هەبن:
1. بڕیاری دەرکردن لە خاکی فەرەنسا بۆ کەسەکە دەرچووبێت.
2. پێشتر بەهۆی تاوانی دەستدرێژیکردنە سەر کەسانی دیکە، بە لانی کەمەوە سێ ساڵ سزای زیندانی کردنی بۆ دەرچووبێت.
3. هەڕەشەیەکی “ڕاستەقینە، هەنووکەیی و ئێجگار مەترسیدار” بێت بۆ سەر ئاسایشی گشتی.
بەپێی ڕێکارە باوەکانی ئێستا، ئەوپەڕی ماوەی دەستبەسەرکردن 90 ڕۆژە، تەنها بۆ ئەوانەی لە دۆسیەکانی تیرۆردا حوکم دراون 180 ڕۆژە. بەڵام ئەم یاسا نوێیە، بۆ ئەم جۆرە کەسانە سەقفی دەستبەسەرکردن بۆ 210 ڕۆژ بەرز دەکاتەوە.
هاوینی ڕابردوو، پێشنیازێکی هاوشێوە لەلایەن ئەنجومەنی دەستوورییەوە ڕەتکرایەوە، بەو پێیەی بە نادەستووری و ناهاوسەنگ لەقەڵەم درا. ئەمەش وای لە پەرلەمانتاران کرد بە داڕشتنێکی نوێوە پێشکەشی بکەنەوە کە سەرنجەکانی ئەنجومەنی دەستووری تێدا ڕەچاو کرابێت. بە گوتەی پەرلەمانتار ڕودوێڵ، ئەم ڕێکارە ساڵانە تەنها “چەند کەسێک” دەگرێتەوە.
ئەم بڕیارە پشتگیرییەکی بەهێزی “برۆنۆ ڕوتایۆ” وەزیری پێشووی ناوخۆی هەبوو، بەتایبەت دوای کوژرانی خوێندکارێک بە ناوی “فلیپین” لە ساڵی 2024دا؛ کە گومانلێکراوەکە هاووڵاتییەکی مەغریبی بوو و بڕیاری دەرکردنی بۆ دەرچووبوو، بەڵام کەمێک پێش ئەنجامدانی تاوانەکە لە ناوەندی دەستبەسەرکردنی کارگێڕی هاتبووە دەرەوە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بەپێی یاساکانی فەرەنسا و ئەوروپا، دەستبەسەرکردنی کەسی بیانی لە ناوەندی دەستبەسەرکردن وەک دواین چارەسەر سەیر دەکرێت. کۆمەڵەی “سیماد” (La Cimade) کە داکۆکی لە مافی کۆچبەران دەکات، جەخت دەکاتەوە کە ئەمە تەنها دەبێت لەو کاتانەدا بەکاربێت کە دەسەڵاتی کارگێڕی هیچ ڕێگەیەکی دیکەی کەمتر توندی لەبەردەستدا نییە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ترحیل کردن. هەروەها بەپێی یاسای فەرەنسا، نیشتەجێبوونی نایاسایی تەنها وەک سەرپێچییەکی کارگێڕی هەژمار دەکرێت نەک تاوان.





