کاندیدێکی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل: ببمە سەرۆک وەزیران سنور بۆ تورکیا دادەنێم

نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل، هێڵە گشتییەکانی ئەو پلانە ئەمنییەی خستەڕوو کە لە ئەگەری بوونەوەی بە سەرۆکوەزیران لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی کینێسێت لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا پەیڕەوی دەکات.

بێنێت لە وتارێکدا لە کۆنفرانسێک لە تەلئەڤیڤ کە وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئیسرائیل ساز کرابوو، پلانی نوێی ئەمنی و ئاسایشی نیشتمانیی بۆ پارتەکەی “بیحاد – پێکەوە” ئاشکرا کرد، کە چەند تەوەرێکی سەرەکی لەخۆدەگرت و تیشکی سەرەکیی خستبووە سەر ئێران، تورکیا و ژیریی دەستکرد.

بەپێی ڕۆژنامەی “جیروزالیم پۆست”، بێنێت باسی لە هەڕەشەکانی ئێران و میلیشیاکانی لە ناوچەکە کرد و جەختی لەسەر هەوڵەکانی کردەوە بۆ پێچەوانەکردنەوەی “هاوکێشەی وەڵامدانەوە” کە لەلایەن حکوومەتی بنیامین نەتانیاهۆوە لە بەرەی باکوور داڕێژراوە؛ بە جۆرێک ئەگەر بریکار و دارودەستەکانی ئێران هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، گورز لە ناوخۆی ئێران دەوەشێنرێت.

بێنێت بە دیاریکراوی باسی لە “حزبوڵڵا”ی لوبنانی کرد و گوتی: “ئەگەر حزبوڵڵا تەقەمان لێبکات، ئێمە دەستڕێژ لە ئێران دەکەین. هەر هێرشێک لەلایەن بریکارەکانی ئێرانەوە لە ناو سنوورەکانی ئیسرائیل ئەنجام بدرێت، بە وەڵامدانەوە لە ناو خاکی ئێراندا وەڵام دەدرێتەوە”.

سەبارەت بە کەرتی غەززە و بزووتنەوەی “حەماس”، بێنێت ڕایگەیاند کە کار دەکات بۆ دوورخستنەوەی تورکیا لە ناوبژیوانی لە دۆسیەی شەڕی غەززەدا و ڕێگە بە هیچ هەژموون یان ڕۆڵێکی ئەو وڵاتە لە کەرتی غەززە نادات، بە مەبەستی پاراستنی ئازادیی مانۆڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەوێ.

لە تەوەرێکی دیکەدا کە گرنگییەکەی کەمتر نییە، بێنێت باسی لە دۆسیەی تواناکانی ژیریی دەستکرد کرد و پێیوایە لە “داهاتوویەکی نزیکدا گرنگییەکەی تەنانەت لە چەکی ئەتۆمیش زیاتر دەبێت”.

بێنێت گوتیشی: “ژیریی دەستکرد گۆڕەپانی پێشبڕکێی داهاتووی پڕچەککردنی نێوان زلهێزەکان دەبێت، سەرەڕای کەمتەرخەمیی حکوومەتی ئێستا لە ماوەی 4 ساڵی ڕابردوودا، ئێمە ڕێگە نادەین ئیسرائیل لەم کاروانە داببڕێت”.

Back to top button