سوپایەک لەژێر زەوی .. گرووپە چەکدارەکانی عێراق پێش وادەی چەکداماڵین چی دەشارنەوە؟

سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی دەڵێت، ئەوەی لە پرسی سنووردارکردن و کۆکردنەوەی چەکدا چاوەڕوانی حکوومەت دەکات، زۆر لەو کاروانە گەورەترە کە بەر لە دوو ڕۆژ لەلایەن “عەسائیب ئەهلی حەق”ەوە ڕادەست کرا.

پێشتر ڕاپۆرتە عێراقییەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو،گرووپێکی عێراقی (خاوەن باڵی سیاسی)، نزیکەی 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران و مووشەکی دوورمەودای ڕادەستی حکوومەتی عێراق کردووە. پرۆسەکە لە نزیک بەغدا و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری و دەستەی حەشدی شەعبی، لەگەڵ نوێنەرانی لایەنی ئەمریکی بەڕێوەچوو؛ ئەمەش لە چوارچێوەی پلانی حکوومەت بۆ داماڵینی چەکی گرووپەکان کە وادەکەی لە 30ی ئەیلوولی داهاتوودا کۆتایی دێت.

بەپێی وتەی سەرچاوە ئەمنییەکە، ئەو گرووپانەی تا ئێستا چەکداماڵین ڕەت دەکەنەوە، خاوەنی جبەخانەیەکن بەسەر 12 بنکە و پێگەی جیاوازدا لە بەسرەی باشوورەوە تا نەینەوای باکوور دابەش بووە. جبەخانەکە شەش پۆلی سەرەکیی چەک و کەرەستەی سەربازی لەخۆدەگرێت کە مەترسیدارترینیان سیستەمێکی مووشەکییە و لانیکەم 8 جۆری مووشەکی بالیستی لەخۆدەگرێت.

بەرپرسێکی عێراقی بۆ “ئیرم نیوز” ڕوونی کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی حکوومەت ئەو درۆن و مووشەکانەیە کە مەوداکەیان لە 100 کیلۆمەتر زیاترە، نەک تۆپخانە، هاوەن و چەکە ئۆتۆماتیکییە تەقلیدییەکان.

هەشت جۆری بالیستی

بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکە، مووشەکەکان لە پێشەنگی لیستی چەکی گرووپەکاندان، لەنێویاندا کورتەمەودا و بالیستی هەن. لایەنە پەیوەندیدارەکان توانیویانە لانیکەم 8 جۆری بالیستی دەستنیشان بکەن، بێ ئەوەی تا ئێستا ئامارێکی ورد لەسەر ژمارەی هەر جۆرێکیان بەردەست بێت.

ئەم زانیارییانە لەگەڵ هۆشداریی وڵاتانی ڕۆژئاوا یەک دەگرنەوە. لە ئابی 2018دا ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ئێرانی، عێراقی و ڕۆژئاواییەکانەوە ئاشکرای کرد کە تاران مووشەکی بالیستیی لە جۆرەکانی “زلزال”، “فاتح-110” و “زولفەقار”ی بە مەودای نێوان 200 بۆ 700 کیلۆمەتر ڕادەستی هاوپەیمانەکانی لە عێراق کردووە، ئەمەش وادەکات لە ئەگەری هاویشتنیان لە خاکی عێراقەوە، ئامانجە ناوچەییە دوورەکان بکەونە بەر مەودای پێکان. هاوکات زانیارییەکان باسیان لە هاوکاریی ئێران دەکرد بۆ بنیاتنانی توانای دروستکردنی مووشەک لە ناوخۆی عێراقدا.

سەرچاوەکە دەڵێت پرۆسەکانی دواتری گواستنەوە، چەکی تری ئێرانیشی گرتووەتەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس لە ساڵی 2020دا چووەتە نێو یەکێک لە بنکەکانی ئەو گرووپانە لە باشووری بەغدا، ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ گواستنەوەی مووشەک و فڕۆکەی ئێرانی و کۆگاکردنی بەشێکیان لە ناوچەی “جورف ئەلسەخر”.

سوپایەک لە درۆن

جبەخانەی ئاسمانیش کەمتر مەترسیدار نییە. بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، ئەو گرووپانە خاوەنی چەندین مۆدێلی درۆنن بۆ سیخوڕی، هێرشبردن و خۆکوژی (کامیزی)، لەوانە: “موهاجیر-6″، “شاهید-101″، “شاهید-131″، “شاهید-136″، “ئەبابیل-2K” و “ئەبابیل-3″، جگە لە فڕۆکەکانی زنجیرەی “سەماد” و “سکای وۆکەر”.

جبەخانەکە مۆدێلی دروستکراوی ئێران و مۆدێلی تری پشتئەستوور بە دیزاین و تەکنەلۆژیای ئێرانی لەخۆدەگرێت، ئەمەش ئاستی ئاوێتەبوونی نێوان پێکهاتەی سەربازیی گرووپە عێراقییەکان و پیشەسازیی بەرگریی ئێران دەردەخات.

پرۆسەی ڕادەستکردنی دواییەی درۆنەکان بەشێک لەم وێنەیەی سەلماند؛ ئەو 20 درۆنەی ڕادەستی حکوومەت کران باڵجێگیر و دروستکراوی ئێران بوون، بەرپرسێکی عێراقیش ڕایگەیاند هەندێکیان توانای گەیشتن بە ئامانجی دووریان هەبووە.

پۆلەکانی دیکەش بریتیین لە مووشەکهاوێژ و مووشەکی بێ ڕێنمایی (وەک کاتیۆشا)، هاوەن، تۆپخانە، چەکی دژە زرێپۆش، چەکی سووک، قەناس، بۆمبی چێنراو و زرێپۆش.

12 بنکە و گرێکوێرە گەورەکە

سەرچاوەکە ئاشکرای دەکات ئەم جبەخانەیە بەسەر بنکە و پێگەکانی پارێزگاکانی بەسرە، بابل، بەغدا، دیالە، سەڵاحەدین، نەینەوا، ئەنبار، کەربەلا، نەجەف، دیوانییە، واست و موسەننادا دابەش بووە. بەڵام یەک پێگە وەک سەخترین تاقیکردنەوە بۆ پلانی حکوومەت دەمێنێتەوە، ئەویش “جورف ئەلسەخر”ە. ئەم ناوچەیەی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی کەتائیبی حزبوڵڵا، بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو بووەتە یەکێک لە تەمومژاویترین ناوچەکانی عێراق.

سەرچاوە ئەمنییە نوێیەکان دەڵێن ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکاندان، کۆگا و وۆرکشۆپی چەک لەخۆدەگرن کە درۆن و مووشەکی ئێرانیی مەوداناوەند و دوورمەودایان تێدایە، لەگەڵ ناوەندی دەستبەسەرکردنی نافەرمی، لە کاتێکدا چوونەژوورەوەی هێزەکانی حکوومەت بۆ بەشێکیان هێشتا سنووردارە.

پێشتریش ناوی جورف ئەلسەخر ڕاستەوخۆ بە چالاکیی مووشەکییەوە بەسترابووەوە؛ زانیارییە ڕۆژئاواییەکان ئاماژەیان بە بەکارهێنانی لەو بەرنامە مووشەکییەدا کردبوو کە ئێران لەگەڵ هاوپەیمانە عێراقییەکانی پەرەی پێدابوو، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش لە ساڵی 2024دا بەئامانجگرتنی گرووپێکی لەو ناوچەیە پشتڕاستکردەوە کاتێک هەوڵی هەڵدانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان دەدا. لەم سۆنگەیەوە سەرچاوەکە پێیوایە جورف ئەلسەخر دەبێتە ڕوونترین پێوەر بۆ سەرکەوتنی پلانی سنووردارکردنی چەک: “ئەگەر لیژنەکانی دەوڵەت بگەنە کۆگاکانی و ئەوەی لە ناویاندایە سەرژمێری بکەن، ئەوا بەغدا یەکێک لە قایمترین قەڵاکانی ئەو گرووپانەی بڕیوە. بەڵام ئەگەر ڕادەستکردنەکە تەنیا لەسەر گرووپە هاوکارەکان و کۆگا ئاشکراکانیان بێت، ئەوا جبەخانە قورسەکە لە دەرەوەی پرۆسەکە دەمێنێتەوە”.

لەگەڵ سووربوونی گرووپە گەورەکانی وەک کەتائیبی حزبوڵڵا، نوجەبا و سەیدولشوهەدا لەسەر دانانی مەرج پێش هەر گفتوگۆیەک سەبارەت بە چەکداماڵین گومانەکانیش زیاتر دەبن ؛ چاودێران ئەم مەرجانە وەک ئاماژەیەک دەبینن کە توندڕەوترین گرووپەکان بە ئاسانی دەستبەرداری جبەخانەکەیان نابن.

جبەخانەیەک سەختە لێیان بسەنرێتەوە

لەم چوارچێوەیەدا، محەمەد یوسف ئەلنور، شارەزای سەربازی و ستراتیژی، پێیوایە قەبارە و هەمەجۆریی ئەم جبەخانەیە، بەتایبەت مووشەکی بالیستی و درۆنی دروستکراو یان دیزاینکراوی ئێران، بەو مانایەیە کە ئەم گرووپانە چەندین ساڵە لە چەمکی “گرووپی خاوەن چەکی لەیاسادەرچوو” تێپەڕیون و توانایەکی سەربازیی هاوتەریبیان بنیات ناوە کە دەتوانێت هێرشی دوورمەودا و لەودیو سنوورەکانیش ئەنجام بدات.

ئەو پسپۆڕە دەشڵێت: “داماڵینی ئەم جبەخانەیە لە کۆکردنەوەی تفەنگ لە بارەگاکان ناچێت؛ چونکە دەکرێت مووشەک و درۆنەکان هەڵبوەشێنرێنەوە، بگوازرێنەوە، بشاردرێنەوە و بەسەر چەندین کۆگا و وۆرکشۆپدا دابەش بکرێن، هەروەها زانینی ژمارەی ڕاستەقینەیان زۆر سەخترە لە دەستنیشانکردنی جۆرەکانیان”.

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە پێویستی بە “کارێکی هەواڵگرییە بۆ دیاریکردنی کۆگاکان، سەکۆکانی هاویشتن، وۆرکشۆپەکانی کۆکردنەوە و چاککردنەوە و تۆڕەکانی فەرماندەیی پێش پرۆسەی کشانەوەکە؛ چونکە ڕادەستکردنی دەیان درۆن یان هەندێک مووشەک لەگەڵ هێشتنەوەی کۆگای سەرەکی و ژێرخانی کارپێکردنەکەی، بە مانای چەکداماڵین نایەت، بەڵکو تەنیا دووبارە جێگیرکردنەوەی جبەخانەکەیە تا قۆناغێکی دیکە”.

Back to top button