بەسێ هۆزات: کاتی ئەوە هاتووە لە هەرێم کۆتایی بە قۆرغکردنی دەسەڵات لە دەستی بنەماڵەیەکی دیاریکراودا بهێنرێت

بەسێ هۆزات٫ هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە بەرنامەی تایبەتی مەدیا خەبەر تیڤیدا ڕایگەیاند، پەیوەست بە دۆخی باشووری کوردستان لە ڕوانگەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە ئاڕاستەی کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی حیزبی-بنەماڵەیی و ئەگەرەکانی پێکهێنانی حکومەتێکی یەکێتیی دیموکراتیکی بنکە فراوان، کە هاوتەریبە لەگەڵ ڕۆڵی باشووی کوردستان لە پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتیزەکردنی ناوچەکەدا ڕایگەیاند، دۆخی ئێستای باشووری کوردستان خاوەن گرنگییەکی ستراتیژییە و هەنگاوی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتێکی هاوبەشدا وەک پێشکەوتنێکی ئەرێنی و گرنگ لێکدایەوە.

گوتیشی: دواکەوتنی ئەم پرۆسەیە زیان بە سەقامگیری دەگەیەنێت. هۆزات پێیوایە کە گەیشتنی ئەم گفتوگۆیانە بە ئەنجامێکی گونجاو و هێنانەکایەی حکوومەتێکی یەکێتیی دیموکراتیک، پێداویستییەکی هەنووکەیی و بنەڕەتییە بۆ قۆناغی داهاتووی هەرێمەکە.

بەگوتەی بەسێ هۆزات: کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەو قۆناغە سیاسییە بهێنرێت کە تێیدا دەسەڵات تەنها لە دەستی حیزب یان بنەماڵەیەکی دیاریکراودا قۆرغ کراوە. هۆزات داوای گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی کرد بۆ گۆڕینی پێکهاتەی فیدراڵی ئێستای باشوور بۆ سیستەمێکی فیدراڵی دیموکراتی ڕاستەقینە. لەم پێناوەشدا، پێشنیازی پێکهێنانی “حکوومەتی یەکێتیی دیموکراتی” کرد؛ حکوومەتێک کە تێیدا سەرجەم هێزە سیاسییە جیاوازەکان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە نوێنەرایەتییان تێدا بکرێت و بڕیارەکان ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گشتی بن.

Back to top button