
مەدحەت سەنجەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ‘ئاژانسی وەڵات’، دوایین زانیاریی لەسەر دیداری شاندەکەیان لە 13ـی ئەیلوول لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان خستە ڕو و ڕایگەیاند، مانگی تشرینی یەکەم قۆناغێکی ئێجگار هەستیارە بۆ داهاتووی پرۆسەی سیاسی و یاسایی، چونکە ئاپۆ ڕوانگەی خۆی لەسەر هەنگاوە کردارییەکان و شێوازی کارکردنی لیژنەکان بە ڕوونی دیاری کردووە و داوای کردووە پرۆسەکە بەرەو پێش ببرێت و گەرەنتی یاسایی هەبێت.
مەدحەت سەنجەر ئاماژەی بەوە کرد کە لەو دیدارەدا کە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا ئەنجامدرا، ئاپۆ هەڵسەنگاندنی وردی بۆ قۆناغی دوای پەسندکردنی یاسای چوارچێوە لە پەرلەماندا کردووە. بە وتەی سەنجەر، ئاپۆ دەرچوونی یاساکەی وەک هەنگاوێکی سەرەتایی و گرنگ سەیر کردووە کە ڕێگا لەبەردەم پرۆسەی ئاشتیدا دەکاتەوە.
سەنجەر باسی لەوەشکرد کە ئۆجەلان ئاماژە بەوەکردووە بەرپرسیارێتی سەرەک لە دوای یاساکەوە دەست پێدەکات و پێویستە هەنگاوی کرداریی هاوبەش بۆ چالاککردنی دەستەکان بنرێت.
سەبارەت بەو دەستە و لیژنانەی کە بڕیارە دروست بکرێن و ئاپۆ ڕۆڵ و پێگەی تێیدا هەبێت، ئۆجەلان پێداگری لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە نابێت ئەم دەستانە تەنیا وەک پێکهاتەیەکی فۆرمالیستە و ڕوواڵەتی بمێننەوە، بەڵکو دەبێت ببێە خاوەن میکانیزمێکی کاریگەر و بەرهەمهێن کە بتوانێت گۆڕانکاریی ڕاستەقینە دروست بکات. هەروەها ڕێبەر ئاپۆ گوتوویەتی: “وەڵامی ئاشتی لە دانانی چەکدایە و وەڵامی بەسیاسیبوونیش پێویستی بە سیاسەت و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی هەیە کە بەندە لەسەر گەرەنتی یاسایی.”
مەدحەت سەنجەر وتیشی: “ئۆجالان پێیوایە دەرکردنی یاساکە بە تەنیا بەس نییە بۆ چارەسەری، بەڵکو پێویستە هاوێشتنی هەنگاوەکان دوولایەنە بن و گەرەنتی یاسایی ڕاستەقینەیان لەگەڵدا بێت بۆ ئەوەی ئیرادەی ئاشتی لە بۆشاییدا نەمێنێتەوە. هەر بۆیە لەم چوارچێوەیەدا، دیاریکردنی پێگەی یاسایی ئۆجالان، باشترکردنی مەرجەکانی کارکردنی ئازادانە و ڕەخساندنی دەرفەتی دیدار لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و ئەکادیمیستان لە گرنگترین بابەتەکانی ڕۆژەڤی ئێستان.”
لە بەردەوامی قسەکانیدا، مەدحەت سەنجەر جەختی لە گرنگیی مانگی تشرینی یەکەم کردەوە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی کە تێیدا پێویستە لیژنەیەکی تایبەت لە پەرلەمان دروست بکرێت و خشتەی کاتی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دیاری بکرێت.
مەدحەت سەنجەر لە کۆتایی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە کە هاوێشتنی ئەم هەنگاوە دوولایەنانە متمانەی گەورە لە نێوان لایەنەکانی پرۆسەکە و ڕای گشتیی تورکیادا دروست دەکات و وتی: “وەک دەم پارتی بە بڕیارەوە بەردەوام دەبن لە دیدار و ئاڵوگۆڕی بیروڕاکانیان لەسەر ئەم بنەمایە.”





