فەرماندەی سێنتکۆم: میلیشیا عێراقییەکان مووچەکانیان ڕەوانەی سوپای پاسداران دەکەن

ئەدمیڕاڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، کە ژمارەیەک گرووپی چەکداری ناوچەکە، لەنێویاندا گرووپە چەکدارەکانی عێراق، دەستیان کردووە بە ڕەوانەکردنی مووچەکانیان بۆ سوپای پاسدارانی ئێران، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو گوشارە ئابوورییانەی کە دوای نۆ مانگ لە جەنگ ڕووبەڕووی پاسداران بووەتەوە.

کووپەر لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە درەنگانی شەوی هەینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکرایەوە، ڕوونیکردەوە کە گەمارۆی دەریایی زیانی نزیکەی 25 ملیار دۆلاری لە داهاتی نەوتی ئێران داوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا سێنتکۆم بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا توانیویانە 350 ملیۆن دۆلار لە سەروەت و سامانی ئێران کە بە شێوەی دراوی دیجیتاڵی (کریپتۆ) هەڵگیرابوو، سڕ بکەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، ئەو گرووپانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، لەوانە حزبوڵڵا، حەماس و گرووپە چەکدارەکانی عێراق، ساڵانێکی زۆرە بودجە و هاوکاریی دارایی لە سوپای پاسدارانەوە وەردەگرن، بەڵام لە ئێستادا داوایان لێ کراوە ئەو پارانە بگەڕێننەوە.

فەرماندەی سێنتکۆم ئەوەشی خستەڕوو کە گوشارە داراییەکانی سەر دامەزراوە سەربازییەکەی ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی هێندە بەرز، کە بەپێی ڕاپۆرتەکان گرووپە دڵسۆزەکانی تاران لە سەرانسەری ناوچەکەدا مووچەی چەکدارەکانی خۆیان ڕاگرتووە تا ئەو پارەیە بۆ سوپای پاسداران بنێرن؛ ئەوەش لە کاتێکدا سوپای پاسداران خۆیشی ڕووبەڕووی گرفتی قورس بووەتەوە لە دابینکردنی مووچەی هێزەکانیدا.

کووپەر باسی لەوەش کرد کە حکومەتی ئێران مووچە، خانەنشینی و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بڕیوە، لەنێویاندا کارمەندانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و خودی سوپای پاسداران.

Back to top button