
زیاد هاشمی، شارەزای بواری ئابووریی ڕایگەیاند، عێراق دوای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتنی قەرز لە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، بووەتە یەکەمین دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کە ئەم هەنگاوە بنێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە دانوستانەکانی نێوان هەردوولا بە فەرمی دەستی پێکردووە و پێشبینیش دەکرێت سندووقەکە پشتیوانی لە دابینکردنی پارە بۆ عێراق بکات.
هاشمی لە پۆستێکیدا لە فەیسبووک، ئەوەی خستەڕوو کە سەرچاوەکان لە سندووقی دراو ئاشکرایان کردووە کە گفتوگۆکانی نێوان عێراق و بەرپرسانی سندووقەکە دەستی پێکردووە، و سندووقەکەش بە توندی پشتگیری لە پێدانی هاوکاریی دارایی بە وڵاتەکە دەکات.
ناوبراو ڕوونیکردەوە کە پەنابردنی بەغدا بۆ قەرزکردن، پرسیار لەبارەی هەڵوێستی حکومەت سەبارەت بە بڕیاری دابەزاندنی بەهای دینار دروست دەکات؛ بە تایبەت سەرۆک وەزیران پێشتر پاساوی دابەزاندنی بەهای دیناری بەوە هێنابوەوە کە ڕێگری لە گرتنەبەری ڕێکاری بەئازارتر دەکەن، کە قەرزی دەرەکی یەکێک بوو لەوانە.
هاشمی وتیشی کە ڕووکردنە سندووقی دراو لەگەڵ ئەو پاساوانەدا دژبەیەکە و ڕەنگدانەوەی بەردەوامی ئەوەیە کە بە “خراپیی بەڕێوەبردنی دارایی” ناوزەندی کرد. لە هەمان کاتدا داوای لە حکومەت کرد کە لەبارەی هەنگاونانی بەرەو قەرزکردن ڕاستییەکان بۆ هاووڵاتییان ئاشکرا بکات و هۆکارەکانی پشت ئەم بڕیارە ڕوون بکاتەوە، بەتایبەتی لە کاتێکدا تەنیا چەند هەفتەیەک بەسەر دابەزاندنی بەهای دیناردا تێپەڕیوە.
ئەو شارەزایە هۆشداریشی دا لەوەی کە وەرگرتنی ئەم قەرزە پێشبینیکراوانە ڕەنگە بە کۆمەڵێک مەرجی توندەوە ببەسترێتەوە، لەوانە: بەڕێوەبردنی خەرجییە گشتییەکان، زیادکردنی داهات، و ئەگەری کەمکردنەوەی پشتیوانیی دارایی حکومەت بۆ چەندین کەرتی جیاواز، کە لە پێشەنگیاندا کەرتی سووتەمەنی و کارەبا و بوارە پڕخەرجییەکانی دیکەن.





