
لاهور جەنگی بورهان، ناسراو بە لاهور شێخ جەنگی، یەکێکە لە دیارترین و مشتومڕاویترین کارەکتەرە سیاسی و ئەمنییەکانی باشووری کوردستان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا. ڕۆڵی ئەو لە دروستکردنی دەزگای دژەتیرۆر، سەرکردایەتیکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دواتریش دەرکرانی لە ڕیزەکانی ئەو حزبە و پێکهێنانی بەرەیەکی نوێی سیاسی، قۆناغێکی پڕ لە وەرچەرخان لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێم پێکدەهێنێت.
لاهور شێخ جەنگی لە ساڵی 1975 لە شارۆچکەی کۆیە لەدایکبووە، لە قۆناغی لاویدا بەهۆی بارودۆخی سیاسیی ئەو کاتە لەگەڵ خێزانەکەی ڕووی لە بەریتانیا کردووە و بەشێکی خوێندن و ژیانی لەوێ بەسەر بردووە.
لاهور، کوڕی شێخ جەنگی بورهانە کە برای جەلال تاڵەبانی (سکرتێری پێشووتری یەکێتی و سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق) بوو. ئەم خزمایەتییە نزیکە ڕێگەی بۆ خۆش کرد بچێتە ناو کایەی باڵای ئەمنی و سیاسیی حیزبەکەی مامییەوە.
دەستپێکی ناساندنی لاهور شێخ جەنگی بە تەواوی لە کایەی هەواڵگری و سەربازیدا بوو
دامەزراندنی دەزگای دژەتیرۆر
لە دوای ساڵی 2003 و بەتایبەت لە سەروبەندی شەڕی دژ بە تیرۆر و ڕێکخراوەکانی وەک ئەنسارولئیسلام و ئەلقاعیدە، بە هاوکاریی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەشدارییەکی سەرەکیی کرد لە بنیادنانی هێزی دژەتیرۆری کوردستان سەر بە یەکێتی.
سەرۆکایەتیی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری
لە ساڵی 2013 بە فەرمی بووە بەڕێوەبەری دەزگای زانیاریی هەرێمی کوردستان، کە گرنگترین دەزگای هەواڵگریی یەکێتی بوو لە سنووری سلێمانی. لەم پێگەیەدا تۆڕێکی بەرفراوانی پەیوەندی لەگەڵ هێزە ئەمنی و هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە دروست کرد.
شەڕی دژی داعش (2014- 2017):
ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕا لە فەرماندەییکردنی هێزەکانی دژەتیرۆر لە بەرەکانی جەنگدا، بەتایبەت لە دەوروبەری کەرکووک، جەلەولا، خورماتوو، و هاوکاریکردنی شەڕڤانانی کورد لە کۆبانێ. ئەم چالاکییانە وایکرد لەسەر ئاستی جەماوەری ناوبانگێکی زۆر پەیدا بکات.
بەرزبوونەوە بۆ لوتکەی دەسەڵاتی سیاسی
لاهور شێخ جەنگی توانی بە دەنگێکی زۆر و پشتیوانییەکی گەورەی کادیر و هێزە چەکدارەکانی حیزبەکەی، وەک ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەڵبژێردرێت.
هەر لەو کۆنگرەیەدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ئامۆزای، سیستمێکی نوێی بەڕێوەبردنیان بۆ یەکێتی ڕاگەیاند کە سیستمی هاوسەرۆکایەتی بوو. لەو قۆناغەدا خاوەنی پێگەیەکی جەماوەری و سیاسیی کاریگەر بوو، وتارە تووندەکانی دژی پارتی دیموکراتی کوردستان و سیاسەتەکانی هەولێر لایەنگرێکی زۆری بۆ کۆکردەوە.
ڕووداوەکانی 8ی تەممووزی 2021و وەرچەرخانە گەورەکە
لە 8ی تەممووزی 2021، بەهۆی ململانێی توندی ناوخۆیی لەسەر دەسەڵاتی دارایی، ئەمنی و حزبی، بافڵ تاڵەبانی بە هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکان گۆڕانکاریی لە پۆستەکانی دژەتیرۆر و دەزگای زانیاری ئەنجامدا:
لاهور شێخ جەنگی دەسەڵاتەکانی لێ سەندرایەوە و دواتر لە سەرکردایەتی و ڕیزەکانی یەکێتی دوورخرایەوە، ئەم ڕووداوە بووە خاڵی کۆتاییهاتن بە کاری هاوبەشی هەردوو ئامۆزاکە و دەستپێکی ناکۆکییەکی یاسایی، سیاسی قوڵ لە سنووری سلێمانی.
پاش ماوەیەک لە بێدەنگی و دوورکەوتنەوە لە دەرکەوتنی گشتی، لاهور شێخ جەنگی دووبارە دەستی بە چالاکی کردەوە، سەرەتا پەنای بردە بەر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دادگاکانی بەغدا بۆ سەلماندنی شەرعییەتی پۆستەکەی، بەڵام بڕیارەکان بە قازانجی گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی یەکێتی و سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی یەکلابوونەوە.
لە سەرەتای ساڵی 2024 لیست و حیزبێکی نوێی بە ناوی بەرەی گەل دامەزراند و بەشداریی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا کرد، کە بووە چوارچێوەیەکی سیاسیی نوێ بۆ ئەو کەسانەی لە دەرەوەی یەکێتی پشتیوانی لێدەکەن، حزبەکەی لە پەرلەمانی کوردستان خاوەنی دوو کورسییە.
هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی
رۆژی 22-08-2025ـدا، دوای رازی نەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێلی لالەزار. دوای 3 کاتژمێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی دەستگیر کران.
لە پێکدادانەکەی 22ی ئابدا ئەوەی بە فەرمی راگەیەندرا گیانلەدەستدانی 5 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەسی دیکە بوو.
لەدادگا دوو دۆسیە ڕووبەڕوی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار کرایەوە یەکەمیان دۆسیەی ماددەی 56 کە تایبەت بوو بە هەواڵدان بۆ کوشتنی بافڵ تاڵەبانی، تۆمەتێکی دیکە ئاراستەی تۆمەتبارانی لالەزار کراوە، کە بەپێی مادەی 406ـی یاسای سزادانی عێراقە و تایبەتە بە کوشتن.
لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و گیراوانی دیکە سزادران
ئەمڕۆ پێنج شەممە دادگای سلێمانی سزای بەسەر لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزاردا لەسەر دۆسیەی ماددەی 56 سەپاند بەمشێوەیە:
لاهور جەنگى بە پێنج ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن سزادا
پۆڵاد جەنگى بە سێ ساڵ و شەش مانگ بەندکردن سزادرا
ڕێبوار حامى حاجى غالى بە دوو ساڵ بەندکردن سزادرا
ڕێبوار قودرەت، پێشەوا حەسەن و ڕێنوار زریان بە سێ ساڵ و شەش مانگ بەندکردن سزادران
ئاراس حەمە عەلى و سەربەست مینا حەمە بە ساڵێک و شەش مانگ سزادران
دوو گیراوی لالەزار بەناوی عومەر شێخە، شۆفێر و کەیوان محەممەد، باخەوان بڕیاری ئازادکردنیان بۆ دەرچووە.
لاهور شێخ جەنگی لە دادگا چی گوت؟
ئەمڕۆ لە دانیشتنی دادگا دوای ئەوەی کۆتا وتە لە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای وەرگیراوە، ئەوان ناڕازی بوون لە بڕیارەکەی دادگا و بە دادوەرەکانیان وتووە: شەرمە بۆ ئێوە کە بڕیارێکی لەو شێوەیەتان داوە.
هاوکات لاهور جەنگی لە کاتی جێهێشتنی دادگاییەکە گوتویەتی بە داخەوە جەنابی حاکم ئێوە بەس جێبەجێکارن، سلێمانیتان ناشرین کرد.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتویەتی: خەڵکی تر ویستیان کودەتا بکەن بەڵام بەسەر مندا هێنرا و دواییش هەر ئەو کەسانە لای بافڵ تاڵەبانی منیان تۆمەتبار کرد





