پەیامەكەی سەرۆكی یەكێتی

دوێنی لە گردی شێخ ئەحمەدی هیندی، چاووم زۆر گێڕا بۆ كادیری پلەبەرزو مام ناوەندی یەكێتی جگە لە ( خاتوو كافیە سلێمان، خاتوو سەیوان رۆستەم)، لەناو بەشداربووانی مەراسیمی بەخاكسپاردنی نۆ شەهیدەكەی رۆژهەڵات، كەسم نەبینی، لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا ووتم: خۆ دەبوو ئەندامانی بەڕێزی یەكێتی ئیلهامیان لە پەیامی سەرۆكەكەیان بەڕێز بافل تاڵەبانی وەرگرتایە كە هێرشەكانی شەرمەزار كرد.

نەك كادێری یەكێتی، بەڵكو ئەو چالاكوانانەی كە خۆیان بەسەربەخۆ و دامەزراوەكانیان بە سەربەخۆ وەسفدەكەن، هەندێ لەكاتی خۆیان بۆ ماڵئاوایی ئەو شەهیدانە تەرخان نەكرد، نەهاتن سەرەخۆشی و هاوخەمی له دایك و باوك و براو خوشكی ئەو گەنجانە بكەن، كە لە رۆژهەڵاتەوە هاتبوون تەرمی ئازیزانیان بە خاكی سلێمانی بسپێرن. ئامادەنەبووناین ترسە لە ئێران، ئیعازە؟ هەقە ئەو زۆر بەڕێزانە كەمێك شەرمەزاربن، كەمێك.

ئینجا بەیانەكەی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەبارەی دەستدرێژییەكانی سوپای پاسداری جمهوری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان، نە پێشتر و نە ئێستاش هیچ هێزێكی ناو دەسەڵاتی سیاسی هەرێم بە زمانە سیاسییە روونە، بەو توڕەبوونە لە وەحشییەتی پەلامارەكانیان، بەم زمانە هەڕەشە ئامێزە، موخاتەبەی ئێرانی نەكردوە.

چەند جیاواز بیت لەگەڵ رێبازی سیاسی كاك بافل، یان رابردووی پەیوەندی ئەو حزبە لەگەڵ سوپای پاسداران، دەكرێ بڵێت، ئەمەیان ڕیگا راستەكە، ئەوەیە كە ئەو گوزارشتی لێكرد: بەنەرموونیانی رووبكەیتە براكەت، كەی پێویستی بەوە كرد توند بیت لەگەڵ دوژمنەكەت، هێڵە سەرەكییەكانی پەیامەكەی بافل تاڵەبانی وا تێگەیشتم: روو لە براو پشت لە نەیار.

بە كەمێك گەشبینیشەوە، دەكرێت پەیامەكەی بەڕێز تاڵەبانی ژینگەیەكی لەبار بڕەخسێنێت بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی پرۆسەی سیاسی، كە خەریكە لە گرێژنە دەردەچێت، پەیامەكە بكرێتە فرسەتێك بۆ دەربازبوون لە قیرانەكان و نۆژەنكردنەوەی ماڵی كوردستانی، گواستنەوە لە قۆناغی دەستبادان و هەوڵی ملكەچكردنی ئەوی دی، بەرەو گفتوگۆی بنیاتنەرانە كە گرنگی ئێجگار گەوروەی هەیە.

بێگومان بۆ ساڕێژكردنەوەی برینەكانی رابردوومان تەنیا ئەم رێگایەمان لەبەردەستدایە، خۆتان دڵنیان پاش سەدەیەكیش ناكۆكی هەر دەچنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، ئیدی چاوەڕوانی چین ؟

نەخشەڕێگای ئەم پرۆسەیە بە رێوشوێنی سیاسی روون، ئامادەكاری جددی و بەرپرسانە نەك بە بەیاننامە و لێدوانی كەموكورت و نەزۆك و بێ ئەنجام و نمایشی سەر كەناڵەكانی راگەیاندن.

كوردستانەكەمان بە ململانێی سیاسی و گرفت و ئاستەنگی ناوخۆیی ئێجگار گەورەدا تێپەڕی، بەڵام بوون بە رووداوێك لە رابردوو، ئەمەش تێدەپەڕێ، بۆ نا؟

ڕەحمان غەریب
بۆچوونی زیاتر
Back to top button